Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک لە ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆردا

2024-04-09T08:42:32.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

٢١ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ گەلی کورد و عێراق لە ژێر زوڵم و ستەم ڕزگاری بوو و کۆتایی بە دەسەڵاتی چەندین ساڵەی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس لە عێراق و ناوچەکە هێنرا کە لەلایەن جۆرج بوشی سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرووەکانی ئەمریکاوه‌ بە هاوپەیمانییەتی لەگەڵ بەریتانیا و چەند وڵاتێکی تر لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سەربازیدا، لەژێر ناوی (پرۆسەی ئازادیی عێراق)، هێرشی زەمینی و ئاسمانی کرایە سەر خاکی عێراق و هێز و ڕژێمەکەی سەدامی دیکتاتۆریان لەناو برد.

بە داخەوە دوای تێپەڕبوونی ٢١ ساڵ بەسەر ئازادکردنی عێراقدا، دۆخی ناوچەکە لە ڕووی پێشهاتە سیاسی، ئەمنی، ئابووری، هەروەها کۆمەڵایەتی و مەزهەبییەوە، هێشتا نەگەیشتۆتە کەنارێکی ئارام و سەقامگیر، ئەمەش دەرهاوێشتەی بەردەوامیی ناکۆکییەکان و لێکتێنەگەیشتنی لایەنە سیاسییەکانە بە شێوەیەکی گشتی، هەروەها ئەو کێشانەی ساڵانێکە لەنێوان حکوومەتی بەغدا و هەرێمدا هەیە کە خۆی لە کێشە سیاسی و ئابووری و مافە دەستوورییەکاندا دەبینێتەوە.

لەم قۆناغەی ئێستادا ئەرکی سەرشانی کۆی لایەنە سیاسییەکانە، بە گیانی برایەتی و تەبایی ئاڵۆزییەکانی نێو پرۆسەی سیاسی تێپەڕێنن، لەپێناو پاراستنی ئەزموونی چەندین ساڵەی حوکمڕانیی هەرێمەکەماندا، چونکە ئەوەی دەمانپارێزێ لە نەیاران تەنها کاری پێکەوەییە، گرنگە لەم پێناوەدا قوربانی بە بەرژەوەندییە حزبی و تاکەکەسییەکان بدرێت، بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک و پاراستنی خاک و وڵات.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٤/٤/٩