(٤٤)ساڵ تێپەڕ دەبێت بە سەر جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلیدا، لەم ڕۆژەدا بە شکۆوە یادی قوربانییانی ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە دەکەینەوە کە لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە دووچاری کۆمەڵکوژی و ڕاگواستن و پاکتاوی ڕەگەزی هاتن.
کوردانی فەیلی مێژوویەکی دێرینیان هەیە لە ناوچەکەدا و پێکهاتەیەکی گرنگی عێراق و کوردستانن، هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە ستەمی زۆریان بەرامبەر کراوە، بە چەندین قۆناغی جیاواز دووچاری دەربەدەری و ڕاگواستن و بێسەروشوێنکردن بوونەتەوە و بێبەش کراون لە هەبوونی ناسنامە و مافە سەرەتاییەکانی ژیان.
ئەرکی سەرشانی حکوومەتی عێراقە کە لە ئاست بەرپرسیارێتیدا قەرەبووی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانییانی ئەم تاوانە بکاتەوە، هەروەها گرنگە بەدواداچوونێکی زانستی و ئەکادیمییانە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە بکرێت بۆ بەدۆکیۆمێنتکردن و نووسینەوەی مێژووی کوردانی فەیلی و قوربانییەکانیان، چونکە جگە لە کوردبوونیان هیچ تاوانێکی دیکەیان نەبووە.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردانی فەیلی و سەربەرزی بۆ کەسوکارەکانیان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٤/٤/٤