ئەمڕۆ (١٠) ساڵ تێپەڕ دەبێت بە سەر ئەو تاوانە قێزەونەی کە بەسەر خوشک و برایانی ئێزدیماندا هات لە ناوچەی شەنگال و دەوروبەری، لەگەڵ هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق کەوتنە بەر لێشاوی هێرش و پەلاماردانێکی دوور لە بەها ئەخلاقییەکانی مرۆڤایەتی، هەموویان بێ جیاوازی کۆمەڵکوژ کران و شوێنە پیرۆز و مێژووییەکانیان لێ خاپوور کرا، دواتر هەزارەها کچ و ژنیان لێ ڕفێنرا و لە خاک و زێدی خۆیان ئاوارە و دەربەدەر کران.
جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی لە شەنگال هاوشێوەی ئەنفال و کیمیابارانکردنی نەتەوەکەمان، ئازار و برینەکانی دووبارە بەخشیەوە بە هەموو تاکێکی کورد. برا ئێزدییەکان ئیرادەی بەهێزیان کردە خاڵی سەرکەوتنیان و ڕووبەڕووی هەموو تاوانکارییەکان بوونەوە و شکستیان بە تیرۆریستان هێنا لە بەرامبەر مانەوەیان.
ئەوەی لێرەدا گرنگە ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبارە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شەنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی سەرشانی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن بۆ دۆزینەوە و دیاریكردنی چارەنووسی ڕفێنراوان، هەروەها پێویستە زیاتر هاریکار بن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان.
لەم یادەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی سەرجەم ئەوانەی کە بوونە قوربانیی دەستی ئەم تاوانە دڕندانەیە و ئەو پێشمەرگانەی کە لە سەنگەری بەرگری لە شەنگال شەهید بوون، دادەنەوێنین.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٤/٨/٣