تێپەڕبوونی زیاتر لە نیو سەدە بەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، کە لەنێوان حکوومەتی ئەوسای عێراق و شۆڕشی ئەیلوولی نەتەوەی کورددا واژۆ کرا، ڕێککەوتنێکی مێژوویی و چارەنووسساز بوو بۆ گەلی کوردستان، جێبەجێکردنی دەبووە دەستپێکێک و قۆناغێکی نوێ بۆ بەدیھێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، لە هەمان کاتدا ئەم ڕێککەوتننامەیە پێکانی ئامانجەکانی شۆڕش بوو، هەروەها سەرکەوتنی قوربانیدان و خۆڕاگری و ئیرادەی گەلی کوردستان بوو، بەڵام بەداخەوە دواجار لە لایەن دوژمنانەوە ئامانجی ڕێککەوتننامەکە لەباربرا جا لەژێر هەر بیانوویەک بووبێ!
بەوپەڕی شکۆ و ڕێزەوە یادی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازار دەکەینەوە، چونکە مێژوو ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ کە نەتەوەی کورد هەمیشە دەستی ئاشتەوایی بۆ نەیارانی درێژ کردووە و لێکگەیشتن و گفتوگۆکانی کردۆتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی.
هەروەها ئەمڕۆ ٣٣ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ئازادکردنی شاری هەولێر، لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا کە هاوتایە لەگەڵ یادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازاردا، شاری هەولێر بە پشتیوانيی خەڵکە ئازا و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، تاجی سەرکەوتنی ڕاپەرینی کردە سەر بەرامبەر دڕەندترین ڕژێمی دیکتاتۆری ئەوسا.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان دادەنەوێنم، هیواخوازم ئەم یادانە ببنە مایەی ئاشتبوونەوە و برایەتی و یەکڕیزی و یەکگوتاریی نێوان لایەنە سیاسییەکان، لەپێناو گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و پاراستنی دەسکەوتەکاندا.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/٣/١١