لە ساڵیادی ئەم ڕۆژە شوومەدا، لەم یادە پڕ ئازارەدا، کە تیایدا کۆمەڵێک لە سەرکردە و پێشمەرگە و خەڵکی بوێر و دڵسۆزی کوردستان بوون بە قوربانی خاک و نیشتمان و لەلایەن تیرۆریستانی تاریکپەرستهوه کرانە ئامانج، سەری ڕێز و وەفا بۆ یەکە یەکەی شەهیدانی ئەم کارەساتە لە بیرنەکراوە و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازيی کوردستان دادەنەوێنم.
لە کاتێکدا بە شکۆوە ئەم یادە دەکەینەوە، دوور لە بیری تەسکی حیزبایەتی، چونکە ئەم کردەوە تیرۆریستییە دەرخەری ئەوەیە کە دوژمن هەمیشە ئامانجی لەناوبردنی نەتەوەکەمان بووە لە هەموو قۆناغە جیاوازەکاندا بە ڕابردوو و ئێستاشەوە، گرنگە لێرەدا ڕەنج و خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان نەکرێتە قوربانيی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان، با خوێنی شەهیدان و کەمئەندامانی سەنگەرەکانی بەرگری لە نیشتمان بکەین بە هەڵچوونی بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانمان، گیانی برایەتی و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بکەین بە پارێزەری دەستکەوتەکان، باشبوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک، ئارامبوونی ڕۆحی شەهیدان و دڵنەوایی بۆ کەسوکارەکانیان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٣/٢/١