ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات، یادەوەرییەکی پڕ لە داخ و ئازارە بۆ هەموو لایەکمان کە تیایدا کۆمەڵێک لە هەڤاڵ و سەرکردە و پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنی بوون بە قوربانی خاک و نیشتیمان، بەبێ دیاریکردنی ڕەنگ و ئایدیا و دروشم لەلایەن تیرۆریستانی تاریکپەرستەوە کرانە ئامانج. لێرەوە سەری ڕێز و وەفا بۆ یەکەیەکەی شەهیدانی ئەم کارەساتە لەبیرنەکراوە و گشت شەهیدانی کوردستان و خۆڕاگریی خانهواده سهربهرزهكانیان دادەنەوێنم.
بەداخەوە ئەوەی لە پشت ئەو کردەوە قێزەونانەوە دەکرێتە ئامانج، تەنها شەهیدبوونی ڕۆڵەکانمان نییە، بەڵکو لە دیدگای دوژمنانەوە ئامانج تیایدا سڕینەوەی شوناسی نەتەوەی کورد و كوردستانە. گرنگە لێرەدا سەرکردایەتیی کورد درک بەو واقیعە بکات کە دوژمنان لە ڕابردوو و ئێستاشدا ئامانجیان لەناوبردنمان بووە و دەبێت، بۆ هەمیشە ههڕهشه و مهترسی دەبن بۆ سەر خاک و نیشتمانمان.
هیواخوازم ڕەنج و خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان، با خوێنی شەهیدان و کەمئەندامانی سەنگەر بکەینە هێزی بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانمان، چونکە بەرژەوەندیی گشتیی لێمان دەخوازێت کە گیانی برایەتی و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان گرنگە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان، هەروەها باشبوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک بکەین بە کاری لەپێشینەمان، وەک قەرەبوویەک بۆ ئەو نەهامەتییەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەشتوویانە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٤/٢/١