لە هەشتەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکاندا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ سەرجەم قوربانیانی ئەم کارەساتە مرۆییە دادەنەوێنم، کە بە شێوەیەکی بێویژدانانە دوور لە بنەماکانی ئەخلاقی، ئایینی، مرۆڤایەتی، کەوتنە بەر هێرش و پەلاماری تیرۆريستانی داعش و بێ جیاوازی لەنێوان ژن و پیاو، گەنج و پیر، منداڵی ناو بێشکە، هەموویان کۆمەڵکوژ کران و شوێنە پیرۆز و مێژووییەکانیان لێ خاپوور کران و بە هەزارەها کچ و ژنیان لێ ڕفێنرا و لە خاک و شوێنی خۆیان ئاوارە و دەربەدەر بوون.
جینۆسایدکردنی برا ئێزیدییەکان لە شەنگال هاوشێوەی ئەنفال و کیمیابارانکردنی نەتەوەکەمان ئازار و برینەکانی دووبارە بەخشیەوە بە هەموو تاکێکی کورد، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شەنگال گرنگە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە هیواخوازم زەمینەیەکی لەباری بۆ بڕەخسێ و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی سەرشانی حکوومەتی عێراق و هەرێمە لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن بۆ دۆزینەوە و چارەنووسی ڕفێنراوەکان، هاریکار بن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان و پاراستنی سەروماڵیان و قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوییان، گرنگە ڕێکخراوە مەدەنییەکان بە تایبەت ڕێکخراوەکانی ژنان بەردەوام بن لەو چالاکییانەی کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی کە لە دەروون و جەستەی هەر تاکێکیان دروست بووە لە بەرامبەر ئەو تاوانە قێزەونانەی کە بەسەر کچ و ژنەکانیان داهاتووە.
دووبارە سڵاو لە گیانی پاکی، هەموو ئەوانەی کە بوونە قوربانی دەستی ئەم تاوانە دڕندانەیە، هەروەها ئەو پێشمەرگانەی کە لە سەنگەری بەرگری لە شەنگال شەهید بوون.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٢/٨/٣