Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک لە یادی ئەنفالی گەرمیاندا

2023-04-14T10:57:42.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

٣٥ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، دوژمنی بەعسیی دیکتاتۆر لە چوارچێوەی پلان و نەخشەیەکی داڕێژراودا ئەنفالی ناوچەی گەرمیان (چەمچەماڵ و کەلار)ی دەستپێکرد و بە دڕەندەترین شێوە ئەم شاڵاوه‌ تراژیدی و سامناکەی بەرامبەر پیر و منداڵ و ئافرەت و پیاو، بێ جیاوازی و دوور لە هەست و ویژدان ئەنجام دا.

لەم یادەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دادەنەوێنم، سڵاو لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال دەکەم کە بۆ هەمیشە لەگەڵ ئازارێکی بێ کۆتا ژیان بەڕێدەکەن، لە هەمان کاتدا برینی سەر دڵی ئەوان، برینێکە بە سەر جەستەی نیشتیمانەوە، جێبەجێکردنی ماف و شایستەکانیان خواستی ڕاست و ڕەوان و شایستەی ئاوڕلێدانەوەی زیاترن.

ئەرکی سەرشانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانە، کەوا قەرەبووی ماددی و مەعنەویی گشت قوربانییانی شاڵاوی ئەنفال و زیانلێکەوتووانی ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە بکاتەوە، با تەنها به‌جینۆسایدناساندنی شاڵاوه‌که‌ بەس نەبێت بۆ ئەم تاوانە کارەساتبارە، گەڕان بە دوای گۆڕە بە کۆمەڵەکان چڕتر بکرێتەوە، لە هەر بیابانێکی عێراق بۆنی خوێنی زیندەبەچاڵێکی کورد هەبێت کاری جددی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی بە شکۆوە ڕوفاتەکەی بگەڕێندرێتەوە خاکی کوردستان.

سڵاو لە گیانی پاکی گشت شەهیدانی کوردستان کە هه‌رگیز یادیان لە بیرمان ناچێتەوە.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٣/٤/١٤