ئاڵای پیرۆزی کوردستان، هێمای شۆڕشگێڕی و خوێنی شەهیدان و ئاشتی و ژیانەوە و دەرکەوتنی ئاسۆی نەتەوەی کوردە. لەم بۆنە پڕ شکۆیەدا کە ڕۆژی ئاڵای کوردستانە، پیرۆزباییەکی گەرم لە کەسوکار و بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گشت کوردستانیانی ئازیز دەکەم.
ئاڵای کوردستان ناسنامەی نەتەوەیی و هەبوونی گەلی کورد و سیمبولی گیانفیداییە بۆ گەلەکەمان، قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ژێر ئاڵای کوردستاندا بنیات نراوە، بۆیە ئەرکی سەرشانی هەموومانە بیپارێزین بە گیانی برایەتی و پێکەوەیی و یەکترقبووڵکردن، دوور لە ئایدۆلۆژیای تەسکی حیزبایەتی و دەمارگیری.
ئومێدەوارم ئەم یادە ببێتە مایەی بەرەوپێشچوونی بیری نیشتیمانپەروەری و پاراستنی یەکڕێزی و تەباییی نێوان گشت پێکهاتەکانی کوردستان و یەکگوتاری و یەکهەڵوێستیی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، چونکە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستیمان بە یەکڕیزی و یەکدەنگییە بۆ بەدەستهێنانی مافه دەستوورییەکانمان لە عێراق کە خۆی لە گێڕانەوەی خاک و دیاریکردنی سنوور و پاراستنی ئاسایش و قووتی خەڵکی کوردستاندا دەبینێتەوە.
لە یادی ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا، دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانەی کە لەپێناو ئاڵا و خاکی پیرۆزی کوردستاندا گیانیان پێشکەش کرد.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٣/١٢/١٧