بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی (٢٧٢٤)ی کوردی، پیرۆزباییەکی گەرم لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، گشت کوردستانیانی خۆشەویست، پێشمەرگە قارەمانەکان و ڕەوەندی کوردی لەهەر کوێیەکی جیهاندا هەبن دەکەم، ئومێدەوارم ئەم جەژنە لە کەشێکی ئارام و پڕ لە بەختەوەری بەسەر ببەن.
ئاگری نەورۆز لە مێژووی نەتەوەییی گەلەکەماندا هێمایەک بووە بۆ سەربەخۆیی و گەیشتن بە خۆری ئازادی و بەرەنگاربوونەوە دژی زوڵم و ستەم و نادادی، لە قۆناغی ئەمڕۆماندا گەلی کوردستان گیانی برایەتی و یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی نێوان لایەنە سیاسییەکانمان لێدەخوازێت بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشە چەقبەستووانەی کە خەریکە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا پەک دەخات، بۆیە ئەرکی سەرشانی کۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە ئەم داخوازییەی گەلی کوردستان لەبەر چاو بگرن و لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە کار بکەن بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆڕاگر و هەڵوێستە پڕ لە جوامێرانییەکانیان.
نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی هەموو لایەک پیرۆز بێت، وڵات ئاوەدان و پارێزراو بێت.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/٣/٢٠