Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک بە بۆنەی ٢٣٨ ساڵەی بنياتنانى شاری سلێمانی

2022-11-14T08:09:51.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

لە یادی ٢٣٨ ساڵەی بنیاتنانی شاری سلێمانیدا، پیرۆزباییەکی گەرم لە خەڵکی خۆشەویستی شاری هەڵمەت و قوربانی و پایتەختی ڕۆشنبیری کوردستان دەکەم.

شاری سلێمانی هەر لە سەرەتای بنیاتنانییەوە هێمایەکی جوانی و بەیەکەوەژیانی بەخشیوە بە ناوچەکە، پێشەنگی داهێنان بووە لە بواری ئەدەب و زانست و بەرفراوانبوونی بیری ڕۆشنبیری کە خاوەنی سەدان کەسایەتی مێژوویی و زانای بەناوبانگە، مەڵبەندی شۆڕش و داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی خەڵک و خاکی کوردستان بووە لە گشت قۆناغە یەک لە دوای یەکەکانی مێژووی حوکمڕانیدا لە ناوچەکە، پێشەنگ بووە لە قوربانیدان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بۆیە نازناوی هەڵمەت و قوربانی لە خۆیدا هەڵگرتووە، لانکەی شۆڕش و گیانفیدایی بووە دژ بە زوڵم و نادادی.

لەم یادەدا هیواخوازم شاری سلێمانی لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریدا پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ، سڵاو لە خەڵکی خۆشەویستی شاری سلێمانی، هەمیشە ئاوەدان بێت مەڵبەندی ئازادیخوازی و ڕووناکبیری.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٢/١١/١٤