Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک بە بۆنەی پێکهێنانی كابینه‌ی نوێی حکوومەتی فیدرالیی عێراقەوە

2022-10-27T21:39:31.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی گەلی عیراق و بەڕێز محەمەد شەیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و گشت ئەندامانی کابینەکەی دەکەم، بە بۆنەی پێکهێنان و پەسەندکردنی کارنامە و متمانە بەخشین بە کابینەی نوێی حکوومەتی فیدرالی عێراق.

هیواخوازم پێکهێنانی كابینه‌ی نوێی حکوومەتی عێراق لە ئاست داواکارییەکانی خەڵکی عێراقدا بێت و کۆکەرەوەی گشت پێکهاتە و چین و توێژەکان بێت، لە پێناو یەکڕیزی و تەبایی و خۆشگوزەرانی هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە، لە چوارچێوەی دەستوور کێشە و قەیرانەکانی دەوڵەت چارەسەر بکات و هەوڵی بنبڕکردنی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی بدات لە پێناو بەرەوپێشچوونی کەرتی خزمەتگوزاری و بوژانەوەی کەرتی ئابووری، هه‌روه‌ها ئاشتبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بکات بە هەوێنی پاراستن و فەراهەمکردنی سەقامگیریی ئاسایش و ئارامی بۆ ووڵات.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٢/١٠/٢٧