لە (٣٢)هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی کوردستاندا بەرامبەر بە زاڵمترین ڕژێمی سەردەم، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانییانی ئازیز و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و خانەوادەی قوربانییانی ئەنفال و کیمیاباران و سەرجەم ئەوانە دهكهم كه لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیيدا بۆ کوردستان تێکۆشاون.
هەماهەنگيی ئەوکاتی نێوان خەڵکی کوردستان و یەکڕیزی و تەبایيی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕۆژانی سەختی خەباتی شاخدا، ڕاپەڕینی بەرهەمهێنا و شاری ڕانيەی دەروازەی ڕاپەڕین، بوو بە دەستپێکی نەمانی جڵەوی حوکمڕانییەکی ستەمگەرایی و دیکتاتۆر. ئەم ڕاپەڕینە بوو بە تاجی شکۆ و سەروەری بۆ گەلی کوردستان و بەدیهێنانی زۆر لەو خەون و ئاواتانەی کە گەلی کوردستان چاوەڕێی بوو. بێگومان قەوارەی هەرێمی کوردستانیش بەرهەمی ئەو ڕاپەڕینەیە کە بە خوێنی هەزاران شەهید دروست بووه.
ئەرکی سەرشانی هەموومانە لەم قۆناغە هەستیار و پڕ لە قەیرانە سیاسی و ئابوورییەی تێیکەوتووین، دەستکەوتەکانی دوای ڕاپەڕین بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی بپارێزین و هەنگاو بنێین بۆ قۆناغی بەرەنگاربوونەوە و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ، لەپێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکاندا و خزمەتێکی شایستەتر بۆ گەلی کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٣/٣/٥