Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکدا

2024-02-21T09:31:34.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکدا، پیرۆزباییەکی گەرم لە نەتەوەی کورد و کوردستانییانی ئازیز و گشت پێکهاتە نەتەوەییەکانی کوردستان و عێراق و گەلانی جیهان بە گشتی ّدەکەم.

پاراستنی فرەیی و مافی قسەکردن و خوێندن بە زمانی دایک مافی هەموو گەلێکە، ئاماژەش بۆ دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، ناساندنی فەرهەنگی زمانەکانە لەسەر ئاستی جیهاندا، ئێمەش وەکو نەتەوەی کورد و گشت گەلانی جیهان خاوەن زمان و ئاخاوتنی تایبەت بە خۆمانین، لێرەدا گرنگیدان بە نزیککردنەوەی زاراوە کوردییەکان و پاراستنی زمانی كوردی، گرنگیدانە بە فەرهەنگی زمانی کوردی و پتەوکردنی بنەمای یەكبوونی ڕۆحی نەتەوەییمان.

کوردستان هەر لە دێر زەمانەوە خاکی پێکەوەژیانی زمان و پاراستنی کولتووری گشت پێکهاتەکان بووە، گرنگە دامەزراوە ڕۆشنبیری و ئەکادیمییەکانی تایبەت بەم بوارە بەردەوام لەگەڵ شارەزایانی بواری زمانەوانی لە پرس و ڕاوێژدا بن و کار بکرێت بۆ ناساندنی زمانی کوردی لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی جیهان، چونکە پەرەپێدانی زمانی دایک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و زانستیيە، هەروەها فاکتەرێکی سەرەکی و بنچینەییی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمانە.

لەم یادەدا سوپاس بۆ هەموو ئەو ڕۆشنبیر و کەسایەتی و مامۆستایانەی کە بەردەوام و بە بایەخێکی زۆرەوە لە هەوڵدان بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ و زمانی کوردی.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٤/٢/٢١