Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ باڵيۆزى به‌ريتانيا ده‌كات

2019-12-16T14:48:16.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ باڵيۆزى تازه‌ى به‌ريتانيا له‌ عێراق كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها ويستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ په‌ره‌پێدانى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا دووپات كرده‌وه‌.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 16/12/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ستيفن هيكى، باڵيۆزى تازه‌ى به‌ريتانيا له‌ عێراق دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و خۆپيشاندانه‌كان و پێشبينيى ئاينده‌ى پرۆسه‌ى سياسييان له‌ وڵات تاوتوێ كرد.

په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شانشينى يه‌كگرتوو، مه‌ترسيى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تيرۆر و جموجووڵه‌كانى ئه‌م دواييه‌ى داعش له‌ چه‌ند ناوچه‌يه‌كى عێراق و پێويستيى به‌رده‌واميى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ چۆنيه‌تيى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى، دۆخى سووريا و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، چه‌ند ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.