Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نێچيرڤان بارزانى و حه‌لبووسى، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا تاوتوێ ده‌كه‌ن

2019-06-20T15:49:22.000000Z
هه‌واڵ

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا به‌ڕێزان نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، پابەندييه‌كانى هه‌ردوو حكوومه‌تى فيدرال و هه‌رێم له‌سه‌ر بابه‌تى دارایى و نەوت، یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2019، گرنگيی به‌ره‌وپێشبردنى پەیوەندییەكانی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ و چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانيان بە گیانی برایانە و هاوبەشيی نیشتمانی، تاوتوێ كرد.

لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 20/6/2019 له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌ چوو، هه‌ردوولا هه‌روه‌ها تيشكيان خسته‌ یاسای نەوت و غاز و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و یاسای دادگای فیدراڵی.

به‌ڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ پەیوەندییەكانى لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ و چا‌ره‌سه‌ر‌كردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق و بەرژەوەنديی هاوبەش دووپات كرده‌وه‌، ئامادەیيی هەرێمی كوردستانيشى نیشان دا بۆ پێشوازیكردن لە لیژنەیەكی پەرلەمان بۆ له‌ نزيكه‌وه‌ ئاگاداربوون لە ته‌واوى دۆسيه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان.