سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان ڕێز لە ئازادیى ڕۆژنامەگەرى و ڕادەربڕین دەگرێت و دەیپارێزێت، پشتگیرى لە هەموو هەوڵ و هەنگاوێکیش دەکات کە بۆ پتەوکردنى ئازادیى ڕۆژنامەگەرى و ڕادەربڕین دەنرێن و لەمبارەیەوە ئاماژەى بە یاسای ڕێکخستنی کاری ڕۆژنامەگەرى کرد.
ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە 17/12/2019 لە هەولێر، بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە بەڕێز ئەنتۆنى بیلۆنژێ سکرتێرى فیدراسیۆنى ڕۆژنامەنووسانى نێودەوڵەتى کرد کە بە یاوەریى ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان لە چەندین وڵاتى جیهانەوە، بۆ بەشداریکردن لە كۆنگرەی دیداری نێودەوڵەتيی ڕۆژنامەنووسان، سەردانى هەولێریان کردووە.
لە دیدارێکدا کە بەڕێزان نەقیبى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان و ژمارەیەک لە میوانانى كۆنگرەی دیداری نێودەوڵەتيی ڕۆژنامەنووسان ئامادەى بوون، دۆخى ڕۆژنامەگەرى و کارى میدیایى و ئازادیى ڕۆژنامەگەرى و ڕادەربڕین و یاساکانى ئەو بوارە لە هەرێمى کوردستان تاوتوێ کران.
لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیى پاراستنى ئازادیى ڕۆژنامەگەرى و ڕادەربڕین وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانى دیموکراسى کرایەوە و بەرەوپێشچوون و کێشەکانى ئەو بوارە لە ناوچەکە بەگشتى خرانە ڕوو و بیروڕا لەبارەیانەوە ئاڵوگۆڕ کران.