Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نێچيرڤان بارزانى و ئه‌ردۆغان كۆبوونه‌وه‌

2019-06-21T14:12:25.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ييب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆمارى توركيا، پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست. به‌ڕێزيان هيواى خواست كابينه‌ى تازه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێك بێت و جه‌ختى له‌ خواستى توركيا بۆ بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها پشتگيرى و خۆشحاڵيى خۆى بۆ گفتوگۆ و به‌ره‌وپێشچوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا نيشان دا.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى سوپاسى كرد و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ توركيا ده‌ڕوانێت و خوازيارى به‌ره‌وپێشبردنى زياترى‌ په‌يوه‌ندييه‌كانه‌ به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و زيادكردنى قه‌باره‌ى ئاڵۆگۆڕى بازرگانيى نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ توركيادا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ياندا كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ينى 21/6/2019 له‌ ئيستانبول به‌ڕێوه‌ چوو، هه‌ردوولا دۆخى سياسى و ئه‌منى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، مه‌ترسيى سه‌رهه‌ڵدانه‌ى داعش، دۆخى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان له‌ تيرۆر، گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، ئارامى، سه‌قامگيرى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كانيان و چه‌ند بابه‌تێكى ديكه‌يان تاوتوێ كرد.