Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ شاندێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌

2019-06-19T11:16:41.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كيدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 19/6/2019 به‌ڕێز كەریم ئەسعەد ئەحمەدخان یاریدەدەر و ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆڵينەوە لە تاوانەكانی داعش، ڕۆڵ و قوربانیدانی هه‌رێمی كوردستانی له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و تێكشكاندنی تیرۆر و پاراستنی پێكهاته‌كان بێ جیاوازی و حه‌واندنه‌وه‌یان، به‌رز نرخاند.

به‌ڕێزيان كورته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی‌ كاره‌كانيان له‌ كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كان به‌پێی پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و به‌دواداچوونی كه‌یسی تاوانه‌كانی داعش، پشتگيريى یاسایی بۆ كاره‌كانیان و جۆره‌كانی تاوانه ئه‌نجامدراوه‌كان كه‌ له‌ عێراق جگه‌ له‌ یاسای تاوانه‌كانی تیرۆر، یاسای تاوانه‌كانی جه‌نگ و جینۆساید نییه‌‌، هه‌روه‌ها سه‌ردانی مه‌یدانیی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان و هه‌ڵدانه‌وه‌یان، هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێم و دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران و مسۆگه‌ركردنی دادگاییكردنیان، خسته‌ ڕوو، جه‌ختيشى له‌ گرنگيى هه‌ماهه‌نگیی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وێڕاى ده‌ستخۆشی له‌ كاری تیمه‌كه‌یان، ئاماده‌یی و پابه‌ندیی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پشتگيرى و كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ تیمی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و حكوومه‌تی عێراق بۆ به‌دیهێنانی دادوه‌ریی له‌م كه‌یسه‌دا دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ی قوربانیدانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش پێشكه‌ش كرد و جه‌ختی له‌ پابه‌ندبوونى هه‌رێمى كوردستان به‌ پره‌نسیپ و بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیان و پاراستنی پێكهاته‌كان كرده‌وه‌.