سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە مەسیحییەکان بەشێکى گرنگ و پێکهاتەیەکى ڕەسەنى هەرێمى کوردستانن و هەزاران ساڵە لەگەڵ پێکهاتەکانى دیکەى وڵات پێکەوە دەژین، هەروەها ڕۆڵى پیاوانى ئایینیى مەسیحى و کەنیسەکانى لە قووڵکردنەوەى کولتوورى پێکەوەژیان و لێبوردەیى لە هەرێمى کوردستان بەرز نرخاند و ڕایگەیاند: هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە بە لانەى پێکەوەژیان و لێبوردەیى و ئاشتەوایى بۆ هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 18/12/2019، بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە ئەنجومەنى سەرۆکانى تایەفە مەسیحییەکان لە عێراق کرد کە لە ژمارەیەک مەتران و قەشە و پیاوانى ئایینیى تایەفە مەسیحییەکان لە عێراق بە سەرۆکایەتیى بەڕێز مەتران ئاڤاک ئەسەدۆریان، ئەمیندارى گشتیى ئەنجومەنەکە، هاتبوونە پیرۆزبایى و سەردانى بەڕێزیان.
ئەنجومەنى سەرۆکانى تایەفە مەسیحییەکان لە عێراق لە پەیامێکدا دووبارە پیرۆزباییی دەستبەکاربوونیان لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى کرد و هیواى سەرکەوتنیان بۆ خواست، هەروەها سوپاسى جەنابیان و گەل و حکوومەتى هەرێمى کوردستانیان کرد بۆ بەهاناوەچوون و پاراستنى مەسیحییەکان و یارمەتیدانیان لە بنیاتنانى کەنیسەکان و هیوایان خواست هەرێمى کوردستان بە نموونەى سەقامگیرى و پێشکەوتن و بەها بەرزەکانى مرۆڤایەتى بمێنێتەوە، وەفادارى و دڵسۆزیى خۆیشیان بۆ کوردستان و ئامادەییان بۆ خزمەت و جێبەجێکردنى ئەرکەکانیان دووپات کردەوە.
شاندەکە سوپاسى بەڕێزان وەزیرى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى و بەڕێوەبەرى گشتیى کاروبارى مەسیحییەکانیان لە وەزارەت کرد کە ئامادەى دیدارەکە بوون، هەروەها پوختەیەکیان دەربارەى دۆخى مەسیحییەکان لە شارەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان، کار و ئەرک و کێشە و داواکاریى کەنیسەکان، دۆخى ئاوارە مەسیحییەکان لە هەرێمى کوردستان و چەند بابەتێکى دیکە خستە ڕوو.
لای خۆیهوه سهرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی سهردانهکه و پیرۆزباییی جهژنی لهدایکبوونی حهزرهتی مهسیح و هاتنی ساڵی تازهی لێکردن و هیوای سهرکهوتنی بۆ خواستن.