![](https://presidency.gov.krd/uploads/old_images/2019/11/NB_Shandi-USA-24-11-2019.jpeg)
سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان ئامادەى هەموو هاوکارییەکە بۆ ئارامى و سەقامگیریى عێراق و ڕایگەیاند دۆخى عێراق و خۆپیشاندان و ڕووداوەکان لە بەغدا و پارێزگاکانى دیکەى وڵات، کاریگەرییان لەسەر هەرێمى کوردستان دەبێت، هەروەها هاوکاریى ئەمەریکا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان بە پێویست زانى.
لە کۆبوونەوەیهکدا لەگەڵ بەڕێز ڕۆبەرت کارەم، ڕاوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیى لە سێناتى ئەمەریکى و شاندى یاوەرى، ئەمڕۆ یەکشەممە 24/11/2019 لە هەولێر، بەڕێز نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان جەختى لەوە کردەوە کە هەرێمى کوردستان دەیەوێت هەموو کێشەکانى لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى عێراق لە ڕێگەى دیالۆگ و لێکگەیشتن لەسەر بنەماى دەستوورى عێراق چارەسەر بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز باڵیۆزى ئەمەریکا لە عێراق ئامادەى بوو، هەردوولا دوایین پێشهاتەکانى عێراق و ناوچەکە و چۆنیەتیى مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکانیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە پێویستیى عێراق بە ئارامى و سەقامگیریى سیاسى و ئەمنى و تێگەیشتنى دروست لە داوا ڕەواکانى خۆپیشاندەران و خۆدوورگرتن لە توندوتیژى کردەوە.
دۆخ و پێشهاتەکانى ناوچەکە بەگشتى و مەترسیى سەرهەڵدانەوەى تیرۆر و چۆنیەتیى ڕووبەڕووبوونەوەى، ڕەوشى ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمى کوردستان، هەروەها چەند پرسێکى دیکەى مایەى بایەخى هەردوولا، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەکە بوون.
![](https://president.gov.krd/wp-content/uploads/2019/11/NB_Shandi-USA1-24-11-2019-1024x624.jpeg)