ئهمڕۆ چوارشهممه 2024/4/17 بهڕێز نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، بهشدارى له ڕێوڕهسمى كردنهوهى ههشتهمين ديدارى سلێمانيدا كرد كه لهلايهن زانكۆى ئهمهريكيى عێراقهوه له سلێمانى ڕێكدهخرێت.
له ڕێوڕهسمهكهدا كه ژمارهيهكى بهرچاوى ميوانان له سياسهتمهدار و ئهكاديمى و لێكۆڵهران له ههرێمى كوردستان و عێراق و وڵاتانى دهرهوه بهشدار بوون، سهرۆك نێچيرڤان بارزانى، وتارێكى دهربارهى دۆخى عێراق و ههرێمى كوردستان و ناوچهكه پێشكهش كرد، ئهمه دهقهكهيهتى:
بەڕێزان پێش ئەوەی دەست بە وتارەكەم بكەم، دەمەوێ بە ناوی دیداری سلێمانييهوه، پیرۆزبایی سەری ساڵ لە خوشك و برایانی ئێزدی بكەین. لێرەوە بە ناوی هەر هەمووتانەوە پیرۆزباییان لێدەكەین و هیوادارین ساڵێكی خۆشیان هەبێت.
ئامادەبووانی خۆشەویست..
بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ شاری سلێمانی، پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان. بە خێر بێن بۆ دیداری ساڵانەی سلێمانی له زانكۆى ئهمهريكيى عێراق. دەستخۆشی لە برای بەڕێزم جهنابى د. بەرهەم ساڵح و تەواوی ڕێکخەرانی دیداری سلێمانی دەکەم. جهنابيان زۆر كارى جوانى بۆ سلێمانى كردووه، یەكێك لەو كارە جوانانەی ئەم زانكۆیەیە و ئەم دیدارە كە بۆتە نەریتێكی ساڵانە بۆ شاری خۆشەویستی سلێمانی و بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ عێراق، منیش وەك نیوەم خەڵكی سلێمانی، زۆر سوپاسی دەكەم، بە نیوەكەی دیكەش هەر سوپاسی دەكەم، بەڵام ئێستا بەتایبەتی بەو نیوەی خۆمەوە سوپاسی دەكەم.
دیداری سلێمانی لە دۆخێکی زۆر هەستیاری ناوچەیی و جیهانیدا بەڕێوە دەچێت. شەڕ و گرژيى توند، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووهتهوه، مهترسييهكى زۆر لهسهر ئارامى و سهقامگيريى ناوچهكه و خراپتربوونى زياترى دۆخهكه ههيه.
بۆ ئەوەی ناوچەكە لەو لێكهوت و مەترسییە خراپانە بهدوور بێت، پێویستە گفتوگۆ و پێکەوەدانیشتن دەست پێبکرێت. بۆ ئەوەی ئاشتی بێتە کایەوە، دەبێ ڕێککەوتنێكی هاوسەنگ بکرێت. ئەمە ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر کردووە لە دروستکردنی ئاشتی لە ناوچهكه.
دوای هێرشی حەماس لە ٧ی ئوکتۆبەری ساڵی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل و ڕفاندنی دەیان مەدەنی، شەڕێکی وێرانکار، کاولکارییەکی زۆر گەورە لە غەززە دروست بووە. ئەوە كارهساتێكى مرۆييى گەورەیە. لەبەر ئەوە دەبێ بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکرێت بۆ ڕاگرتنی بێ مەرجی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان.
بۆ چارەسەری بنچینەییش لەو باوەڕەداین ئاشتییەکی سەقامگیر، بریتییە لە چارەسەری دوو دەوڵەت. هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دەکات. ئەوە تاکە ڕێگەی ئاشتی و سەقامگیرییە.
ئامادەبووانی بەڕێز ..
هەرێمی کوردستان هەمیشە لایەنگری گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەیە. ئێمە بە ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتانى دراوسێى دۆست، نموونەی جوانی هاوبەشی و پێشکەوتنی ئابووری و گەشەکردنێکی هاوبەشمان دروست کردووە. دەرفەتی زۆرى کاری هاوبەشمان دروست کردووه. دڵنیام بە پرۆژە گەورەکانی داهاتوو، ئەو پێشکەوتنە زیاتر و فراوانتر دەکەین.
ڕێگە نادەین هەرێمی کوردستان مایەی هێرش و هەڕەشە بێت بۆ سەر هیچ وڵاتێک. هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە هاوبەشيی ئابووريی نێوانمان فراوانتر بکەین. دڵنیاین کە پێشکەوتنی ئابووری، سەقامگیريی سیاسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی بەهێز، لە ناوچەکەدا دروست دەکات.
کاروانی دیموکراسی و ئاوەدانکردنەوە لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ١٩٩١ەوە دەستی پێکردووە. دەیان دەوڵەت کۆبوونەوە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە عێراق، چونکە مایەی هەڕەشە بوو بۆ سەر گەلەکەی و وڵاتانی دراوسێ و جیهان. ئێمە لە تەنیشت ئەو ڕژێمەدا ئەزموونێکی زۆر گەورەمان لە دیموکراسی، ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری دروست کرد.
ئێمە ئەوکات دەرگای بازرگانی و گەشەسەندنی ئابووریمان لەگەڵ وڵاتانی درواسێدا کردەوە. پردی هاوبەشی و پهيوهنديى باشمان لەگەڵ مللهتانى دراوسێدا دروست کرد. توانیمان ئەوە بکەین، چونکە سەرکردایەتی و گەلەکەمان، باوەڕيان بە دیموکراسی و بە ئاشتی بوو. دوای گەورەترین هەڵمەتەکانی جینۆساید لە ئەنفال و کیمیابارانی گەلی کوردستان، باوەڕمان وابوو ئاشتی ڕێگەی پێشکەوتنی وڵاتە، نەک شەڕ.
کە ئەزموونی هەرێمی کوردستان سەرکەوت، ئازادیخوازانی عێراق توانییان سەربکەون. کە ئێمە بە هێز بووین، هەموو عێراقییەکان بە هێز بوون. هەرێمی کوردستان بووە بنکەی کۆبوونەوە و یەکگرتن و سەرکەوتنی ئۆپۆزيسیۆنی عێراقی بەسەر دیکتاتۆریەتدا.
چونکە پرۆژەی ئێمە دیموکراسی و ئاشتی بوو، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانيی ئێمەیان کرد. دۆستەکانمان لە ناوچەکەدا هاوکارمان بوون لەو کرانەوە و هاوبەشییە ئابوورییەدا، بەتایبەتی وڵاتی ئێران و تورکیا. ئەو باوەڕەی ئێمە بە دیموکراسی و ئاشتی هەر بەردەوامە و نەگۆڕاوە.
بەڕێزان..
ڕێگەی ئێمە لە ناوخۆی عێراقیشدا هەمان ڕێگەیە. بۆ قووڵکردنەوەی دیموکراسی لە عێراق و بۆ پاراستنی لە مەترسی و مەرگەساتی وەک ڕابردوو، پێویستیمان بە گفتوگۆیەکی ئارامی بەردەوامە لەگەڵ یەكتر.
ناکۆکی و پەلاماردانی یەکتر، بەردەوام ڕێگە بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکاتەوە. هێرشەکانی قاعیدە و هێرشی گەورەی داعش ڕووینەدەدا، ئەگەر ئێمە لە ناوخۆی عێراق یەکگرتوو بوواین.
دیکتاتۆری، دەسەڵاتی یەک پێکهاتە لە عێراق و نەبوونی ئازاديی سیاسی، مێژووی عێراقی خوێناوی کرد. ملیۆنان كهس لە عێراق بوونە قوربانيی بێگوناهی ڕژێمی خراپ لە عێراق. سامانی دەیان ساڵەی عێراق بە فیڕۆ درا. ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی هەموو ڕێگەکانی بەهێزبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە عێراق، دابخەین.
گەلانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە سەر دەستوورێکی گونجاو ڕێککەوتن. دەستووری عێراق بە پەسەندکردنی سیستەمی فیدراڵی، ڕێگەی هاوبەشییەکی گونجاوی بۆ هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق دروست کردووە. ئەو هاوبەشییەش، عێراق بە هێز دەکات. بۆ پێشکەوتنی عێراق، زۆر گرنگە سیستەمی فیدراڵی بە کردەوە و بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت. نابێ باوەڕنەبوونی لایەنێک، یان چەند لایەنێک بە فیدراڵی، سیستەم لە عێراقدا پەک بخات و جێبەجێکردنی دەستوور بوەستێنێت.
هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان لە عێراق، دەبێ بە کردەوە خۆیان بە هاوبەش ببینن لە بەڕێوەبردنی عێراقدا. نابێ هیچ پێکهاتەیەکی عێراق نادیدە بگیرێت، چونکە ئەوە ڕێگەیەکی خراپ لە عێراقدا دەکاتەوە. ئەو ڕێگەیە پێشتر لە عێراق زۆر تاقیکراوەتەوە و مایەی ناخۆشی بووە بۆ هەموو خەڵکی وڵات.
بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراقى فيدراڵى محەممەد شیاع سوودانی، خاوەن ڕوانگەیەکی فراوانە و باوەڕێکی زۆری بە دەستووری عێراق هەیە. ئەو ڕوانگەیە سەقامگیرییەکی باشی لە بەڕێوەبردنی حکوومەتەكەیدا لە عێراق دروست کردووە. خەڵکی عێراق هەست بەو گۆڕانكارییانە دەکات. ئەو ڕوانگە و ئهو شێوە بەڕێوەبردنه، دەتوانێت عێراق بەرەو پێشەوە ببات، ئەوە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ عێراق.
بەڵام ئەم بیرکردنەوەیەی سەرۆک وەزیران، پێویستی بە پشتیوانی و زەمینەسازیی سیاسيی گونجاوە. لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئێستا لەژێر ئەو بەرپرسیاريهتییەدان کە پشتیوانی لە حکوومەتی عێراقى فيدراڵى بکەن. عێراق ئاسۆیەکی ڕووناکی هەیە ئەگەر دەستوور و سیستەمی فیدراڵی بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.
شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا گەورەترین تاقیکردنەوەیە بۆ سیستەمی سیاسيی تازەی عێراق. عێراقێکی بەهێز پەیوەستە بە هەبوونی هەرێمی کوردستانی بەهێزەوە، هەروەها هەرێمی کوردستانی بەهێزيش، پەیوەستە بە عێراقێکی فیدراڵ و سەقامگیر.
هیچ کێشەیەک نییە لە عێراقدا چارەسەر نەکرێت، ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرێت. دەستووری عێراق تایبەتمەنديی هەموو پێکهاتەکانی عێراق دەپارێزێت، بە جێبەجێکردنی دەستوور، هەمووان هاووڵاتيی پلە یەک دەبین لە عێراقدا.
بەڕێزان..
"کای کۆن بەباکردن"، قسەیەکی خۆش و پڕ واتاى سلێمانييه. ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئاڵۆزداین، چارەسەر ئەوەیە کای کۆن بەبا نەکەین. با لە جیاتی ئهوه لەسەر پێشکەوتن، ڕێککەوین. ئەگەر ڕێکنهکەوین، ئهو گرژیانهی ناوچهكەی گرتۆتەوە، زۆر زیانمان پێدەگەیهنێت.
پوختەی قسەی ناودڵی خەڵکی کوردستان، داواکردنی یەکڕیزيی لایەنە سیاسییەکانە. جینۆساید و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان، وایکردووە مێژوو یەک ئامانج بخاتە دڵی کوردەوە، ئەویش یەکبوونە. ئەوە ئاراستەی هەرە دروستە و نیشانەی ئەوپەڕی هۆشیاريی گەلی کوردستانە.
ئێمە بە دووبەرەکی ناوبانگێکی باشمان لە جیهان دروست نەکردووە، بەڵکو بە دیموکراسی و ئاوەدانی و سەقامگیری لەم ناوچەیەدا، ناوبانگمان دەرکردووە. هەر کەسێک بەر لە (٣٠) ساڵ هاتبێتە کوردستان و ئەمڕۆ سەردانی كوردستان بکات، نایناسێتەوە. ئێمە دوای ئەنفال و کیمیاباران، ئەو ئاوەدانییەی كە دروستمان كردووە. ئێستا بە شارەزایيی زیاتر، دەتوانین پێشکەوتنەکە باشتر و خێراتر بکەین.
ئەم زانکۆیە و چەندان زانکۆی دیکە لە هەرێمی کوردستان، ئێستا نەوەیەکی زۆر بە توانا و ئاستبەرزیان پەروەردە كردووە. نەوەیەک لە کوردستان دروست بووە، هەموومان زۆر خۆشحاڵین بە ئاستی بەرز و هۆشیارییان. ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بە دروستکردنی زەمینەیەکی لەبار، دەرفەت بۆ ئەو نەوەیە دروست بکەن، کوردستان زۆر زیاتر پێشدەکەوێت.
هەندێک کەس لێم دەپرسن: بۆچی گەشبینم؟ لە ڕاستیدا، گەشبینيی من لە خۆڕاگری و فرەتوانایيی خەڵکی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێستاش دەڵێم: ڕابردووی ناخۆشمان هەبووە، بەڵام داهاتوویەکی پڕشنگدارمان لەپێشە.
گەلی کوردستان گەلێکی یەکگرتووە، پێویستە لایەنە سیاسییەکانیش وەک گەلەکەیان بۆ بەرژەوەنديی نیشتمان، ڕێکبکەون. بەو شێوەیە دەتوانین هەڵبژاردنێکی ڕوون و دادپەروەرانە بکەین، بە ڕەزامەندى و بە بهشداريى هەموو لایەنەکان.
پەرلەمانی کوردستان ئەزموونێکی زۆر گرنگه لە ناوچەکەدا، دەبێ بیپارێزین. حکوومەتی هەرێمی کوردستان وڵاتێکی دوای ئەنفال و کیمیاباران ئاوەدانکردۆتەوە، دەبێ هەموومان پشتیوانی لێ بکەین. پێشمەرگە قارەمانەكان ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند و بوونە مایەی ناوبانگێکی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان لە جیهاندا. ئەمانە هەموویان مایەی ئەوەن كە گەشبین بین و هەرچی زووترە لە ناوخۆماندا ڕێکبکەوین. بە ڕێککەوتنمان، ئاوەدانيی زیاتر و سەرکەوتنی زیاتر دەبینین.
هەموو کەس و کۆمەڵەیەک لە کوردستان دەکرێت ئەوپەڕی ڕەخنە و گلەیی هەبێت لە دەسەڵات و لە دەسەڵاتداران، دەکرێت بە هەموو ڕێگەیەكی مەدەنییانە ناڕەزایی دەرببڕێت، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێ هەموومان وێڕای هەموو جیاوازییەکان، شتێک بپارێزین و بەرگری لێبکەین و لەسەرووی هەموو شتێك بیهێڵینەوە و کۆکەرەوەی هەموومانە، كۆكەرەوەی هەموومان دەبێت نیشتمان بێت.
هێز و حیزب و سەرکردە سیاسییەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام نیشتمان، وڵات، كوردستان هەر دەمێنێتەوە. نابێ کوردستان بکەینە قوربانيی تووڕەیی و ناڕەزایی لە دەسەڵات و سیاسییەکان. گەلی کوردستان سەلماندوویەتی توانای بەرگری هەموو سەختییەکانی و توانای ڕاستکردنەوەی هەموو کەموکوڕەکانیشی هەیە، لەبەرئەوە هەموو ناخۆشییەکان تێدەپەڕن و هەموو ناکۆکییەکان چارەسەر دەبن، چونکە لە کۆتاییدا بۆ چارەسەری، هەموومان پێکەوە لەسەر یەک مێز دادهنیشین، لەبەر ئەوەی کوردستان لە هەموومان گەورەترە، نیشتمان لە هەموو شتێكمان بەهێزترە.
بهڕێزان..
پێشكهوتنهكانى جيهان به جۆرێك خێران، بۆ ئهوهى پێيان ڕابگهين و له جيهانى پێشكهوتوو دانهبڕێن، دهبێ له عێراق و ههرێمى كوردستان كێشه و ئاڵۆزييهكان تێپهڕێنين. دهبێ توانا ماددى و مرۆيييهكانمان بۆ پێشخستنى زانست و زانين و تهكنهلۆژيا و بههێزكردنى سيستمى پهروهرده و برهودان به لێكۆڵينهوهى زانستى بخهينه گهڕ.
پێشكهوتنهكانى زانست و تهكنهلۆژيا و ئهو سوود و دهرفهت و ئاڵنگارى و مهترسيانهى زيرهكيى دهستكرد و نانۆ تهكنۆلۆژيا و گۆڕانى ئاووههوا لهگهڵ خۆياندا دهيهێنێت، كار و ڕهنجى جددى و پلان و بهرنامهى درێژخايهنى لهسهر ئاستى تاك و دامهزراوهكان دهوێت.
دهبێ بير و كار و توانامان بهو ئاقارهدا ئاراسته بكهين و بزانين داهاتوو بۆ ئهوانهيه كه كات و بير و توانايان دهدهنه زانست و زانين، نهك بۆ ئهوانهى ههر له بازنهى ڕابردوودا دهخولێنهوه.
دڵنیام لەم دیدارەی سلێمانیدا، زانیاريی زیاتر و ئەزموونی زیاتر وەردەگرین بۆ ئەوەی ڕێککەوین و پێکەوە سەرکەوین.
زۆر سوپاسی هەموو لایەكتان دەكەم بۆ بەشداربوونتان و بە خێر بێن.