Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نێچیرڤان بارزانی: پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە، ئایا عێراق بەرەو کوێ دەڕوات؟

2026-08-13T13:11:00.000000Z
هه‌واڵ دیدار

لە بەرنامەی (ئەلمواجەهە)ی كەناڵی تەلەفزیۆنی ئەڵشەرقییەدا كە ئێوارەی ڕۆژی 2026/8/12 پەخش کرا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەسەر چەندین تەوەری پەیوەست بە دۆخی هەنووکەییی عێراق و ناوچەکە، وەڵامی پرسیاری پێشکەشکاری بەرنامەکەی دایەوە.

پێشکەشکار:
سڵاوی خواتان لێبێت
لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە ناوچەکە گۆڕانکاریی خێرا بە خۆیەوە دەبینێت، ئەم گۆڕانکارییانە زۆر لە هاوسەنگییەکانی هێزیان داڕشتەوە و دۆخی نوێیان سەپاندەوە، هەر لە ڕووداوەکانی غەززەوە تا ئەوەی لە سووریا ڕووی دا و دواتر شەڕی ئەمەریکا – ئیسرائیل دژ بە ئێران..
لە گەرمەی ئەم گۆڕانکارییانەدا، لەوە دەچێت عێراق لە بەردەم واقیعێکی نوێدا خۆی بینیبێتەوە کە ناشێت بە لۆژیکی چاوەڕێکردن هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت. ئاڵنگارییەکانی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، قەیرانی دارایی، شایستە سیاسییەکان شانبەشانی گۆڕاوە ئەمنییەکان و هەرێمایەتییەکان..
هەموو ئەمانە عێراق ڕووبەڕووی قۆناغێکی جیاواز دەکەنەوە کە پێویست بە دیدگەیەکی ڕوون و خوێندنەوەیەکی ورد دەکات بۆ ئەو ڕووداوانەی لە دەوروبەری ڕوو دەدەن.
لێرەوە کۆمەڵێک پرسیاری ستراتیژی و گرنگ سەر هەڵدەدەن:
ئایا عێراق خاوەنی دیدگەیەکی ڕوونە بۆ داهاتووی خۆی؟ ئایا لە توانایدا هەیە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە ناوخۆیییەکانی خۆی ببێتەوە و خۆی لەگەڵ گۆڕاوە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێنێت؟ یان هەر لەنێو بازنەی چاوەڕێکردندا دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی ئەو قەیرانانەی دەورەیان لێی داوە کۆتاییان پێ دێت؟ ئەی چی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە؟ لە سایەی ئەو گۆڕانکارییانەی ناوچەکە بە خۆیەوە دەیانبینێت و باڵیان بە سەر ئەویشدا کێشاوە، ڕۆڵی لە نەخشاندنی شێوەی داهاتووی عێراقدا چییە؟
پرسیارگەلێکی زۆر هەن کە ئەمڕۆ خۆیان دەسەپێنن و ئەوەی لە وەڵامدانەوەیان گرنگترە ئەوەیە کە بزانین ئایا بەڕاستی عێراق بۆ قۆناغی پاش ئەم گۆڕانکارییانە ئامادەیە؟
ئەمانە ئەو بابەتانەن کە هەوڵ دەدەین ئەمشەو لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، گەنگەشەیان لەبارەوە بکەین..

پێشکەشکار:
دووبارە سڵاوی خواتان لێبێت. سەرلەنوێ بەخێرهاتنی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی دەکەین. زۆر بەخێر بێیت جەنابی سەرۆک...

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
بەخێر بێن

پێشکەشکار:
جەنابی سەرۆک، سەرەتا سوپاست دەکەین بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە و قبووڵکردنی بانگهێشتەکەمان. ڕەنگە کۆمەڵێک پرسیاری زۆرمان هەبێت و ڕەنگە ماندووت بکەین، بەڵام هیوادارین بە سنگێکی فراوانەوە ئەم هەموو پرسیارانە وەربگریت..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
بەخێر بێن سەر چاو

پێشکەشکار:
سڵاوی خوات لێبێت..
ئێمە لە سەرەتاوە زۆر مەبەستمان بوو بزانین ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا باسی چیی کردووە، تا گەیشتینە کۆمەڵێک بابەت کە جەنابتان لە کۆبوونەوەکەدا خستووتانەتە ڕوو و کردوومانن بە کۆمەڵە پرسیارێک..
با لە پرسیاری یەکەمەوە دەست پێ بکەین:
جەنابت گوتت ئێمە هەموومان لەناو یەک کەشتیداین و بە ڕێزەوە دەڕوانینە قوربانیدانەکانی حەشدی شەعبی. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئاییندەی گرووپە چەکدارەکان (فەسائیل) لە عێراقدا بەرەو کوێ دەچێت؟ ئێوە چۆن تەماشایان دەکەن، ئایا جیاوازییەک دەبینن لەنێوان حەشد و فەسائیلەکاندا، یاخود وەک یەک بەش و یەک جەستە سەیریان دەکەن؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
زۆر سوپاس بۆ کاکە هیشام، بەخێرهاتنتان دەکەین لە هەولێر. بێگومان من دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان ڕێزی تایبەتیمان هەیە بۆ قوربانیدانەکانی حەشد و سوپای عێراق لەگەڵ هاوکارانی خۆیان، پێشمەرگە، لە کوردستان بۆ بەرگری لە خاکی عێراق، حەشد دامەزراوەیەکی حکوومییە و بەپێی یاسا دروست کراوە و دیسانەوە دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە ڕێزێکی زۆرمان هەیە بۆ قوربانیدانەکانی حەشد لەپێناو بەرگریکردن لە عێراق. بابەتی حەشد و فەسائیل، ئێمە زۆر جار کە دەچینە بەغدا، بە نزیکی بە بەردەوامی و بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو وانەیەمان پێ دەڵێن کە ڕوونی دەکاتەوە چ جیاوازییەک لەنێوان حەشد و فەسائیلدا هەیە، بەڵام لە ئەنجامدا، چ فەسائیل و چ حەشد بودجەکەیان لە دەوڵەتی عێراقەوەیە و لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت.
بۆچوونی ئێمە لە سەر فەسائیل، بابەتی دژایەتیکردنی فەسائیل نییە، بابەتەکە و پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە عێراق بەرەو کوێ دەڕوات؟ ئێمە هەموومان پێکەوە لەناو کەشتییەکداین. چ لە بەغدا چ لە بەسڕا و تا دەگاتە زاخۆ هەموومان پێکەوەین. بۆچوونی ئێمە ئەوەیە ئەو کارانەی ئەم فەسائیلانە دەیکەن نە لە بەرژەوەندیی عێراقە و نە لە بەرژەوەندیی داهاتوویەکی باشە بۆ ئەم وڵاتە. ئەم فەسائیلە لەلایەکەوە هەڕەشە لە دراوسێیەکانمان دەکەن، بە درۆن لە وڵاتانی عەرەبی برامان دەدەن، ئایا مەعقوولە هێزێک لە ناو عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئوردن و سعوودیە و ئیمارات و قەتەر و بەحرەین و ئەم وڵاتانە و، لە ناوخۆشدا بۆ هەرێمی کوردستان؟ کێشەکەی ئێمە بابەتێکی کەسی نییە لەگەڵ حەشد، بۆچوونی ئێمە بۆچوونێکە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتیی عێراقە. ئێمە پێمان وایە کە بەپێی دەستووری عێراق و بەپێی ئەو کارنامەیەی حکوومەت کە سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی لە کاتی پێکهێنانی حکوومەتدا پێشکەشی کرد و تێیدا بە ڕوونی گوتراوە و هاتووە کە دەبێت چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت. ئەمەیە پرسەکەی ئێمە. ئێمە پێمان وایە کە دەبێت ئەم هێزانە لەژێر چەتری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بن کە سەرۆکوەزیرانی عێراقە و لەژێر فەرمانی ئەودا بن و هەرچی زووترە چارەسەرێک بۆ پرسی فەسائیل بدۆزرێتەوە، من پێم وایە کە پێویستە فەرماندەکانی ئەم هێزانە خۆیان بگەنە خاڵێک ئایا بەرژەوەندیی عێراق لەوەدایە کە ئەوان ئەم چەکەیان هەبێت و بە ئارەزووی خۆیان بەکاری بهێنن؟ پرسیاری گەورە لەوە دروست دەبێت: کێ لە عێراقدا حوکم دەکات، سەرۆکوەزیران حوکم دەکات یان هێزە سیاسییەکان حوکم دەکەن یان کۆمەڵە کەسانێک کە لە یاسا دەرچوون و ئەوەی دەیکەن بەڕاستی لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە، ئایا ئەمان لە عێراقدا حوکم دەکەن؟
ئێمە کە دەچینە دەرەوە، هەموو جارێک بە کۆمپانیا گەورەکان دەڵێین وەرن لە عێراقدا سەرمایەگوزاری بکەن، وەرن لە عێراقدا وەبەرهێنان بکەن. بەڵام پرسیاری یەکەمی هەموو کۆمپانیایەک کە دەیەوێت بێتە عێراق ئەمەیە: ئەرێ ئەمنییەت هەیە؟ مەعقوولە فەسائیل هەندێک کۆمپانیای نەوت لە باشووری عێراقدا بکەنە ئامانج و لێیان بدەن! بۆیە ئەو کۆمپانیایانە بۆ عێراق نایەن.
کەواتە بۆچوونی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لە سەر بابەتی فەسائیل لە چوارچێوەی خێری عێراقدایە. ئێمە پێمان وایە کە دەبێت ئێمە، هەموو هێزە سیاسییەکانی عێراقی، پشتگیری لە سەرۆکوەزیران بکەین و لەپێناو بەرژەوەندی عێراقدا دەبێت ئەوە قبووڵ بکەن کە چەک دابنێن و بێن تێکەڵی پرۆسەی سیاسیی عێراق ببن و تێكەڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق ببن. ئەوەشی کە زۆر زۆر گرنگە ئەوەیە کە دەبێت چەک تەنیا لە دەستی حکوومەتدا بێت.
پێشکەشکار:
جەنابی سەرۆک، ڕەنگە لە کاتی بەشداریت لە کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا ئاماژەت بۆ ئەوە کردبێت، کاتێک لە بەردەم ئامادەبوواندا پرسیارێکت ئاراستەی بەڕێز ئەلزەیدی کرد و گوتت: "ئایا لە بەردەم ئەمەریکییەکاندا خۆت پابەند کردووە بەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت؟" لێرەدا پرسیارێکمان بۆ دروست دەبێت، هاوکات جەنابت ئاماژەت بۆ ئەوە کرد کە ڕەنگە عێراق بەرەو گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتی بخزێت. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا زانیاریت هەیە لە سەر ئەوەی ئەگەر ئێمە وەک عێراق پابەندبوونەکانمان بەرامبەر ئەمەریکییەکان جێبەجێ نەکەین و چەک نەخرێتە دەست دەوڵەت، ئایا عێراق ڕووبەڕووی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی دەبێتەوە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
جارێ من پێم وایە، یەکەم بۆچوونی من ئەوەیە کە ئەمە پابەندی نییە بەرامبەر بە ئەمەریکا، ئەمە ئەو پابەندییەیە بەرامبەر بە عێراق. بابەتی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پابەندییەک نییە بەرامبەر بە ئەمەریکا، بۆ دەبێت ئێمە وای پێشان بدەین کە ئەمە پابەندییەکی عێراقە بەرامبەر بە ئەمەریکا؟ ئەمەریکا لە ڕۆژێکدا هاتووەتە ئەم وڵاتە و ڕۆژێکیش ئەم وڵاتە بەجێ دەهێڵێت، بەڵام ئەوەی لە عێراق دەمێنێت ئێمەین، ئێمەین کە خەڵکی عێراقین و دەمێنین. ئەمە پابەندییەکی ئەمەریکی نییە. با بە شێوەیەکی تر قسەی لەسەر بکەین، ئەرێ بەرژەوەندیی عێراق لەمەدایە کە ئێمە تەواوی چارەنووسی خۆمان بدەینە دەستی هەندێک خەڵک کە لە یاسا دەرچوون؟ هەرێمی کوردستان تا ئێستا نزیکەی هەزار جار بۆردومان کراوە، واز لە هەرێمی کوردستانیش بهێنە، بارەگای ئاسایشی عێراقیان لە ناو بەغدادا بۆردومان کردووە. پرسیار ئەوەیە ئەم هێزە چ قازانجێکی بۆ عێراق هەیە؟ واز لە ئەمەریکا بهێنە، بۆ دەبێت ئێمە ئەم دوو شتە بە یەکەوە گرێ بدەین؟ ئەمەریکا بابەتێکی جیایە، ئەمەریکا کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤دا هاتە عێراق بە بانگهێشتێکی فەرمیی عێراق هات، عێراق بە نامەی فەرمی داوای لە ئەمەریکا کرد بێت لە بابەتی داعش یارمەتیی عێراق بدات.
بۆچوونی ئێمە لە هەرێمی کوردستان چییە؟ ئێمە سوپاسی ئەمەریکا و هێزە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا دەکەین کە لە پرسی داعشدا یارمەتیی عێراقیان دا، سوپاسیان دەکەین، سوپاسی ئەمەریکا و هەموو هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەین، بەڵام داعش بە خوێنی سوپای عێراق و بە خوێنی حەشدی شەعبی و بە خوێنی پێشمەرگە شکستی هێنا. هەموومان پێکەوە ئەوەمان کرد. بۆچی ئەوەمان کرد؟ بۆ ئەوە کردمان کە داهاتوویەکی باش بۆ نەوەی دوای خۆمان بەجێ بهێڵین، بۆ ئەوە نەمانکرد کۆمەڵێک لە لەیاسا دەرچووان لەم وڵاتەدا حوکم بکەن.
ئەم بابەتە، بابەتی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا هیچ پەیوەندییەکی بە ئەمەریکاوە نییە. با من بێمە سەر پرسی ئەمەریکا، هێزەکانی ئەمەریکا بەپێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی عێراق، خشتەیەکی کاتیان بۆ دانراوە، کە بەپێی ئەو خشتەی کاتە عێراق بەجێ دەهێڵن و ئەو خشتەیە لە کۆتاییی مانگی نۆ تەواو دەبێت. من ئەو پرسیارەم لە سەرۆکوەزیران کرد لە کۆبوونەوەکەدا: ئایا جەنابتان بەو خشتەی کاتەوە پابەندن؟ گوتی: بەڵێ ئێمە پابەندین. هەندێک هەن وا تەسەور دەکەن کە بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستانن. نا، بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەولێر بەپێی ئەو ڕێککەوتنەیە کە حکوومەتی فیدراڵی لەگەڵ ئەمەریکا کردوویەتی و ئەمەریکا ئێستا بە خشتەی کاتەکەی خۆی پابەندە، بەپێی ئەو خشتەی کاتەش تا کۆتاییی مانگی نۆ ئەوان هێزەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە.
بەڵام با من ئەوە بڵێم و ڕووی قسەم لە هەموو هێزە سیاسییەکانی عێراق و لە گەلی عێراقە، بە خودا ئەگەر عێراق ئەم کێشەیە چارەسەر نەکات کە بابەتی فەسائیلە، عێراق تووشی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی دەبێت و تووشی گۆشەگیریی هەرێمایەتیش دەبێت. وڵاتانی دراوسێی عێراق زۆر بە پەرۆشن بۆ ئەوەی یارمەتیی عێراق بدەن، وڵاتانی عەرەب دەیانەوێت وەبەرهێنان لە عێراق بکەن، من دەزانم کە وڵاتانی کەنداو، ئیمارات چەند پێی خۆشە وەبەرهێنان لە عێراق بکات، من دەزانم سعوودیە چەند پێی خۆشە، من دەزانم قەتەر چەند حەز دەکات. بەڵام ناکرێت. ئێمە دەبێت بگەینە ئەو ئەنجامە. بە لای ئێمەوە عێراق یەکەمە. ئەگەر ئەم دروشمەی ئێمە کە زۆر جار باس لەوە دەکرێت "العراق أولاً"، مادام ئەمە دروشمی هەموومانە، بەرژەوەندیی عێراق لەوەدا نییە کۆمەڵێک لەیاسا دەرچوو بێن و کێشە بۆ عێراق دروست بکەن. ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە، سەرۆکوەزیران خۆی پابەند کردووە بەم پرسە. دەستووری عێراق زۆر بە ڕوونی ئەمەی باس کردووە. جەنابی سەرۆکوەزیران لە پێشکەشکردنی کارنامەی حکوومەتدا وەک پابەندییەک ئەمەی دەربڕیوە و ئێستا پێویستی بە پشتیوانیی هێزە سیاسییەکانە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە پشتگیری لەو پرسە دەکەین. سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراقە لە فاوەوە هەتا دەگاتە زاخۆ، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە لە فاوەوە هەتا دەگاتە زاخۆ. بە لای ئێمەوە وایە، ئێمە وا سەیری دەکەین. ئێمە وا سەیری ئەم پرسە دەکەین. بەڵێ هەرێمی کوردستان چوارچێوەیەکی دەستووریی هەیە، ئەم چوارچێوە دەستوورییە دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت و دەبێ ئەم دەستوورەش جێبەجێ بکرێت. بەڵام، کاک هیشام، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەم بابەتەدا سەیری ئەوە ناکەین بەرژەوەندیی ئەم هەرێمە لە چیدایە، ئێمە لەم بابەتەدا سەیری ئەوە دەکەین بەرژەوەندیی عێراق لە کوێدایە و بە جددیش حەز دەکەین عێراقێک بێت کە هەموو پێکهاتەکانی هەست بە ئارامی و بە خۆشی بکەن و، هەنگاو بنێین بەرەو باشترکردنی دۆخی ژیانی خەڵک کە گەلی عێراق شایستەی ژیانێکی باشترن لەوەی کە ئێستا هەیە.

پێشکەشکار:
بە دڵنیایییەوە جەنابی سەرۆک، بە ڕاشکاوی هەموو ئەوانەی فەرمووت لە بەرژەوەندیی ئێمەدان وەک عێراق کە هەنگاو بەرەو ئەو بابەتە یان ئەو پرۆژەیە بنێین، بەڵام ناتوانین ئەم بابەتە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جیا بکەینەوە، چ بە پابەندبوون بێت یان بەبێ پابەندبوون؛ چونکە لە ئەنجامدا دارایی و پارەی عێراق لە ئەمەریکایە. ئەمەریکییەکان خۆیان بە خاوەن فەزڵ دەزانن لە ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام و دامەزراندنی سیستەمە نوێیەکەدا. ئێستاش بەرنامەی ئەوەیان هەیە کە پێی دەگوترێت "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ"، واتە کۆنترۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داڕشتنی نەخشەیەکی نوێ. هەموو ئەم ئاڵۆزییانە وا دەکەن بەرژەوەندیی عێراق لەوەدا کۆ ببێتەوە کە سەرەتا چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆ بکرێتەوە، پاشان باسی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان ئێمە و ئەمەریکا بکەین. بەڵام ئەگەر چەک دانەماڵرێت یان لە دەستی دەوڵەتدا کۆ نەکرێتەوە، ئایا عێراق ڕووبەڕووی سزای ئەمەریکا دەبێتەوە؟ ئایا دەست لەسەر پارەکانی عێراق هەڵدەگیرێت؟ هەموو ئەمانە پرسیارن و دەکرێن. وەک هەرێمی کوردستان چ زانیارییەکتان بەدەست گەیشتووە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
لەڕاستیدا عێراق بارودۆخێکی زۆر تایبەتی هەیە. کاتێک عێراق نەوتەکەی دەفرۆشێت، پارەی نەوتەکە ڕاستەوخۆ بۆ خۆی ناگەڕێتەوە، بەڵکوو دەچێتە بانکی فیدراڵی لە ئەمەریکا و لەوێوە دەهێنرێتەوە بۆ عێراق. ڕەوشی ئابووریی عێراق لە خراپترین ئاستدایە، ئەگەر تەنگەی هورمز نەکرێتەوە و بارودۆخی ئێستا بەردەوام بێت، گەورەترین کێشەی ئەم ناوچەیە ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە. سەبارەت بە مەلەفی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، کە پێشتریش قسەم لەسەر کردووە، با بڵێین داوایەکی ئەمەریکییە، بەڵام لەڕاستیدا پێش ئەوەی داوایەکی ئەمەریکی بێت، دەبێت داواکارییەکی عێراقی بێت. واز لە ئەمەریکا بێنن و بێنە سەر داواکارییە عێراقییەکە. من خۆم و ئێمەش لە هەرێمی کوردستان وای دەبینین کە ئەگەر ئەم بابەتە چارەسەر نەکرێت، عێراق ڕووبەڕووی سزای نێودەوڵەتی دەبێتەوە و لەسەر ئاستی ناوچەکە پەراوێز دەخرێت و تووشی دابڕان دەبێت لە دەوروبەرە عەرەبی و ناوچەیییەکەی. ئەمە تێڕوانینی منە.

پێشکەشکار:
باشە، لە ئەنجامدا جەنابت پەیوەندیت لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، بە ڕاشکاوی کاتێک پرسیاری جەنابتیان لێ دەکەم، زۆربەی لایەنە سیاسییەکان ڕێزی تەواویان بۆت هەیە. ئایا زانیاریت پێ گەیشتووە کە گرووپە چەکدارەکان ئامادەیییان تێدایە؟ هەندێک دەڵێن ئەم دۆسیەیە بابەتێک نییە بۆ گفتوگۆی ناوخۆیی، هەندێکی تر بەرەو ئاراستەیەکی تر دەچن و دەڵێن ئەم بابەتە بە ئێرانەوە بەستراوەتەوە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆ بکەینەوە و گرووپەکان هەڵبوەشێنینەوە، دەبێت لەگەڵ لایەنی ئێرانی لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشین، ئایا ئەمە ڕاستە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
پێم وایە ئەمە بابەتێکی تەواو عێراقییە. دەبێت بگەڕێینەوە و بڵێین پێویستە یەکەم کاری ئێمە دەستنیشانکردنی ئەوە بێت کە بەرژەوەندیی عێراق لە کوێدایە. بەرژەوەندیی عێراق لەوەدایە چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت. بەڵام سەبارەت بە بابەتی ئێران، بۆ ئەوەی ڕاشکاوتر بم، لە دوایین سەردانمدا بۆ تاران، لەسەر ئەم بابەتە قسەم لەگەڵ ئێرانییەکان کرد، چونکە ئێمە لە هەموو گەشتێکماندا بۆ دەرەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا و بەتایبەت لەگەڵ سەرۆکوەزیران دەکەین، ئەم بابەتەش یەکێک بوو لەو پرسانەی سەرۆکوەزیران داوای کرد بیوروژێنم. لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی قسەم لەسەر ئەم بابەتە کرد و دەمەوێت بە ڕاشکاوی بڵێم ئەوەی بە ڕاشکاوی لە بەرپرسانی ئێرانییەوە گوێم لێ بوو، پێیان گوتم: بە سەرۆکوەزیران زەیدی بڵێ ئێمە ئامادەین هاوکاریی بکەین لەم پرسەدا. پێم گوتن: ئایا ئەمە هەڵوێستی فەرمیتانە؟ گوتیان: بەڵێ، ئەمە هەڵوێستی فەرمیمانە.

پێشکەشکار:
کێ ئەمەی پێ ڕاگەیاندوویت؟ پزیشکیان؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
نامەوێت بڵێم کێ ئەمەی پێم گوت، بەڵام ئەوانە ئەو بەرپرسە ئێرانییانە بوون کە بەرپەرسیاریەتیی ئەم مەلەفەیان لەدەستدایە.

پێشکەشکار:
ئەو بەرپرسە لە دۆسیەی عێراق..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
بەرپرسی مەلەفەکە دوو جار جەختی کردەوە و گوتی بە زەیدی بڵێ. چونکە من لەبارەی ئەم مەلەفەوە قسەم لەگەڵ کردن، گوتم ئەگەر دەتوانن لەم مەلەفەدا هاوکاریمان بکەن، ئێمەش لە عێراق وەک دراوسێ چاوەڕێی ئەوەتان لێ دەکەین هاوکاریمان بکەن. من وای دەبینم ئەمە لە بەرژەوەندیی ئێرانیشدایە نەک تەنیا عێراق. بەرژەوەندیی ئێران لە عێراقدا چییە؟ بازرگانیی ئێستامان لە عێراق لەگەڵ ئێران، جگە لە بابەتی گاز و شتەکانی دیکە، نزیکەی ۱۲ ملیار دۆلارە و بۆ ئێمە باشترە پەیوەندییە ئابوورییەکانمان بەهێزتر بکەین. پاشان لێرەدا پرسیارێکی جدی دروست دەبێت ئەگەر ئەم گرووپە چەکدارانە لە خۆیان بپرسن: سوودی ئەم کارانەی لە عێراق دەیکەن چییە؟ تەنانەت ئەو درۆنانەی لەبەردەستیاندایە چی سوودێکیان هەیە؟ ئەگەر بە عەقڵانییەتەوە بیر بکەنەوە، بڕوانن چییان بەدەست هێناوە و چ ئامانجێکی گەورەیان پێکاوە؟ هیچ، جگە لەوەی زەرەریان لە ناوبانگی عێراق داوە و زیانیان بە گەلی عێراق گەیاندووە. بە بەردەوامبوونیان، زیانەکان گەورەتر دەبن. ئەگەر بابەتەکەش ئێران بێت، وەک ئێستا ئاماژەم پێ دا، من یەکێک بووم لەوانەی لەسەر داوای سەرۆکوەزیران ئەم مەلەفەم لەگەڵ ئێرانییەکان تاوتوێ کرد کاتێک ئەم جارە چوومە ئەوێ.

پێشکەشکار:
واتە ئێرانییەکان ئامادەییی خۆیان نیشان داوە بۆ هاوکاریکردنی زەیدی..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
بە ڕاشکاوی، جارێک پرسیارم کرد و دوو جار وەڵامیان دایەوە بۆ ئەوەی دڵنیا ببم. لە جاری دووەمدا دیسان گوتیان بە سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی بڵێ ئێمە ئامادەین هاوکاریی بکەین.

پێشکەشکار:
بە ڕاشکاوی..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
بە تەواوی ڕاشکاوییەوە.

پێشکەشکار:
مێژوو ئەوەی فێر کردووین کە لە هەموو قۆناغێکدا یاخیبووانێک هەن، تەنانەت بەرامبەر بڕیار و ڕێککەوتنەکانیش..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
ڕێک وایە.

پێشکەشکار:
ئەمە مێژووە..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
ڕێک وایە.

پێشکەشکار:
لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەندێک لە گرووپەکان یاخی ببن و چەکەکانیان ڕادەست نەکەن یان چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆ نەکرێتەوە، ئەم پرسیارە ڕەنگە بمبات بەرەو پرسیارکردن لە داواکارییەکەی ئەلزەیدی لە کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا، کاتێک داوای ڕێگەپێدانی لە سەرکردەکانی وڵات لە ئامادەبووان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە یەکەم ڕۆژی مانگی (١٠)دا، ئەگەر گرووپەکان نەیانەوێت چەکەکانیان ڕادەست بکەن. بەپێی بیستراوەکان و ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتوون، ئێوە ڕێگەپێدانتان داوە بە ئەلزەیدی لەم بابەتەدا. ئایا ئەمە ڕاستە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
لەڕاستیدا لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازمان کرد دەسەڵات بدرێتە سەرۆکوەزیران زەیدی و، نزیکەی کۆدەنگییەکی گشتی هەبوو لە کۆبوونەوەکەدا.

پێشکەشکار:
کۆدەنگی؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
بەڵێ کۆدەنگی. بەیاننامەیەکی ڕوونیشمان لەبارەی ئەم بابەتە دەرکرد. سەرجەم هێزەکان پابەندبوونی خۆیان بۆ پشتگیریکردنی سەرۆکوەزیران دەربڕی. بەڵام من بە شەخسی پێم وایە ئێستا و پێش چوونە ناو هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک پێویستی بە دیالۆگ هەیە لەگەڵ ئەوانەدا و، بنەمای ئەم دیالۆگەش یەک خاڵی سەرەکی بێت ئەویش: بەرژەوەندیی عێراق لەم بابەتەدا لە کوێدایە؟
بابەتەکە ئەوە نییە ئێمە ئارەزووی ڕووبەڕووبوونەوە بکەین، هیچ کەسێک ئارەزووی ئەمە ناکات و دەبێت ئەو قۆناغە تێپەڕێنین کە کەسانێک هەبن بخوازن شیعە بە گژ شیعەدا بچێت و کورد بە گژ کورددا بچێت، یان کێشە لەنێوان کورد و شیعه و، لەنێوان سوننە و شیعه‌دا هەبێت. بەرژەوەندی هەموومان لە عێراقدا دەبێت یەک بێت. پێم وایە لێرەوە و لە کاتێکی نزیکدا، پێویستیمان بە دیالۆگێکی ڕاشکاو و ڕوون و بەبێ موجامەلە هەیە لەگەڵ ئەم گرووپانەدا. تا ئەو شوێنەی من ئاگادار بم، هەندێک لەوانەی چەکیان لەدەستدا بوو تێگەیشتنیان بۆ ڕەوشەکە هەبوو و ئامادە بوون دەستبەرداری چەک ببن. بەڵام ئەوانی دیکە دەبێت یەکسەر دیالۆگێکی جدییان لەگەڵدا بکرێت، دیالۆگێکی جدی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەتی عێراق. ئەوانیش بە دڵنیایییەوە بەشێکن لەم بەرنامەیە و لە بەرژەوەندییەکانی عێراق. لە حاڵێکدا ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات، پێم وایە بژاردەکانی دیکەی بەردەم عێراق زۆر سنووردار دەبن. لە کاتێکدا ئەوەندەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە لە هەرێمی کوردستان، ئێمە پشتگیری لە بەرنامەی حکوومەت دەکەین و، پشتگیری لە پێویستیی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەکەین و، پشتگیری لە حکوومەتی عێراق دەکەین.

پێشکەشکار:
جەنابی سەرۆک، ئێمە هیوادارین نەکەوینە ئەم قۆناغەوە، قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕ، بەڵام ئێوە ڕێگەپێدانتان داوە بە ئەلزەیدی کە ئەگەر هەندێک گرووپ لە بڕیاری ڕادەستکردنی چەک یاخی ببن، ئەوا حکوومەت بە هێزە ئەمنییەکانی خۆی ڕووبەڕوویان ببێتەوە. ئایا پشتگیری لەم بڕیارە دەکەن؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
با ئەمە بڵێم: سەرجەم هێزە سیاسییەکان گوتیان پشتگیری لە سەرۆکوەزیران دەکەن. دەبێت هەموومان پشتگیریی لێ بکەین، چونکە بابەتەکە شەخسی نییە، بابەتی عەلی زەیدی نییە وەک سەرۆکوەزیران، بەڵکوو بابەتەکە تەواوی هێزە سیاسییەکانی عێراق دەگرێتەوە، بەڵام ئەو ئێستا ئەم بارە قورسەی لەسەر شانە بەهۆی ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراقە. ئەوەندەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەبێت وەک هێزە سیاسییەکانی عێراق بە سەرجەم پێکهاتەکانیەوە لە کورد، سوننە، تورکمان، مەسیحی و ئێزدی، دەبێت پشتگیری لە سەرۆکوەزیران بکەین، چونکە بابەتەکە شەخسی نییە، بەڵکوو لە ئەنجامدا بەرژەوەندیی عێراقە.

پێشکەشکار:
جەنابی سەرۆک، مادام باسی بابەتی کۆکردنەوەی چەک و ئەو ڕووداوانە دەکەین کە لە سەردەمی ڕابردوودا ڕوویان داوە، بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو دەکرێنەوە، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرش بووەتەوە بە مووشەک و درۆن، بەڵام لە ئەنجامدا و تا ئەم ساتەش، ئەو لایەنەی بۆردومانی هەرێمی کوردستان دەکات نادیارە و هیچ ڕوونکردنەوەیەکی ئاشکرای بۆ نییە. پرسیارەکە سادەیە: ئەو لایەنە کێیە کە بۆردومانی هەرێمی کوردستان دەکات؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
لەڕاستیدا بابەتەکە ڕوونە و نادیار نییە. دەزانیت ئەم پرسیارە زۆر دووبارە دەبێتەوە. کاتێک بۆردومانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، پێیان دەگوتین بەڵگە و زانیاریمان پێ بدەن چونکە ئەنجامدەرەکەی ناناسین. جیهانی ئەمڕۆ زۆر پێشکەوتووترە لەم جۆرە قسانە. کاتێک بۆردومان لە هەر شوێنێکی عێراقدا ئەنجام دەدرێت، زۆر بە ڕوونی دیارە لە کوێوە بۆردومانی چ شوێنێک کراوە، تەکنەلۆژیا و مانگە دەستکردەکان چاودێریی هەموو شتێک دەکەن و هەموو شتێک زانراوە. بابەتەکە پێویستی بە هەموو ئەمە نییە. ئەوانەی بۆردومانی هەرێمی کوردستانیان کرد گرووپگەلێکی دیاریکراون و زۆربەی کردەوەکانی بۆردومان لە ناوخۆی عێراقەوە بوون و هەندێکیشیان لە ماوەی ٤۰ ڕۆژی شەڕدا لە ئێرانەوە ئەنجام دراون...

پێشکەشکار:
ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان لە کوێوە دەکرێن؟ لە چ ناوچەیەکەوە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
لە مووسڵەوە، لە دیالەوە، لە پارێزگای سەلاحەدینەوە، لە کەرکووکەوە و لە تەلەعفەریشەوە.

پێشکەشکار:
ئەمە واتای ئەوەیە دەبێت بزانن کێ دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچانەدا هەیە، چونکە ئەوەی کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەی لەدەستدایە، هەر ئه‌ویش بۆردومانەکە دەکات..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
زانیاریی ۱۰۰٪ پشتڕاستکراوە هەیە، مەسەلەکە ئەوە نییە ئێمە نەیانناسین، ئێمە تەنانەت ئەو یەکانەش دەناسین کە ئەم کردەوانە جێبەجێ دەکەن، زانیاریمان لەسەر هەموو ئەمانە هەیە و زانیاریی وردن...

پێشکەشکار:
کەواتە بۆچی لەگەڵ سەرکردەی ئەم گرووپانەدا قسە ناکەن؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
ئێمە لەگەڵ سەرۆکوەزیران قسە دەکەین، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسە دەکەین و، لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی عێراق قسە دەکەین، ئەگەر بواریشمان بۆ بڕەخسێت ئامادەین لەگەڵ گرووپەکانیشدا قسە بکەین. بەڵام ئەوان بە دڵنیایییەوە خۆیان لە بینینمان دەدزنەوە، بەڵام ئەگەر توانیمان بەیەکەوە دابنیشین بە هەموو ڕوونی و ڕاشکاوییەکەوە قسەیان لەگەڵ دەکەین. لە کاتی خۆیدا لەگەڵ هەندێکیان لەسەر ئەم بابەتانە قسەم کردووە، لەگەڵ هەندێک لەو گرووپانە ڕووبەڕوو قسەم کردووە، بە دڵنیایییەوە پێش ئەم ڕووداوانە.

پێشکەشکار:
کەواتە جەنابی سەرۆک، ئێستا بۆردومان یان هێرشەکان ڕەنگە وەستابن و، لەم دوایییانە و لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا دەستدرێژیمان بۆ سەر هەرێمی کوردستان نەبینیوە، نە بە درۆن و نە بە مووشەک. ئایا ئەمە بەهۆی ڕێککەوتن یان نیمچە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمەریکایە؟ ئەگەر شەڕەکە سەری هەڵدایەوە و نوێ بووەوە، ئایا هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە دەکرێتەوە ئامانج؟ بۆچی هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە بەدوای وەڵامەکەیدا دەگەڕێین: بۆچی هەرێمی کوردستان؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
ئەمە لەڕاستیدا لای ئێمەش پرسیار دروست دەکات: بۆچی هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج؟ ئێمە وەک قەوارەیەک بەشێک نین لە جەنگ و، هەولێر و سلێمانی و دهۆک بەشێکن لە عێراق. لەبری ئەوەی ئەم پرسیارە ڕووبەڕووی ئێمە بکرێتەوە، من ئەم پرسیارە لە سەرکردایەتیی ئەم لە یاسا دەرچووانە دەکەم و پێیان دەڵێم: تکایە، دەکرێت هۆکاری ئەوەمان پێ بڵێن کە پاڵتان پێوە دەنێت بۆ بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان؟ وەک پێشتریش گوتم، ئەگەر بابەتەکە پەیوەندیی بە ئەمەریکاوە هەبێت، ئەمەریکا بەپێی خشتەی کاتی خۆی دەکشێتەوە و، ئەگەر ئامادەییی ئەمەریکاش لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێک بێت لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا کە هەرێمی کوردستان هیچ دەستێکی تێدا نییە، بەڵکوو بەپێی ڕێککەوتنێکە لەگەڵ بەغدا، پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج؟ ئایا ئێمە عێراقی نین؟ ئایا ئێمە مرۆڤ نین لەم وڵاتەدا دەژین؟ ئایا ئەو هاووڵاتییەی لە هەرێمی کوردستان دەژی هاووڵاتییەکی عێراقی نییە؟ ئایا بە پاسپۆرتی عێراقی گەشت ناکات؟ ئێمە عێراقیین و ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە ئەوەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدەن، تەنیا دژی هەرێمی کوردستان نییە بەڵکوو هەموو عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەکاتە ئامانج. نازانم بانگەشەی چی لەناو عێراقییەکاندا دەکەن لە کاتێکدا ئیدیعای ئەوە دەکەن کە بەرەی بەرگرین (موقاوەمە)، بەرەی بەرگری دژی کێ؟ نازانم. ئەوەی دەیکەن زیان بە سەرجەم عێراق دەگەیەنێت. تەواوی عێراق لە ڕەفتاری ئەوان زەرەرمەند دەبێت و، هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق زەرەرمەند دەبێت.

پێشکەشکار:
ئێستا بەرگری (موقاوەمە) کاتێک هێرش دەکات، زیان لە بوونی ئەمەریکا نادات، بەڵکوو کاریگەریی خراپ لەسەر عێراق دروست دەکات..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
بە دڵنیاییەوە، ئەگینا با یەکێک لە ئامانجەکانم پێ بڵێن، با بێن و دابنیشین تا بزانین کاریگەرییان چی بووە لەسەر ئەو ڕێککەوتنەی کە بە هۆیەوە ئەمەریکا لە هەولێر بوونی هەیە. بڕوام پێ بکە کاریگەرییان لەسەر ئەمەریکا دروست نەکردووە بەڵکوو کێشەیان بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە، کێشەی ئابوورییان بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە و سێکتەرە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستانیان بۆردومان کردووە کە ژێرخانی ئابووریی عێراقن، بەڵام چونکە لە هەرێمی کوردستاندا هەن لێیان دەدەن. هیچ شتێکیان بەدەست نەهێناوە، لە کاتێکدا کۆمەڵێک دروشمی گەورە بەرز دەکەنەوە و قسەی گەورە دەکەن، بەڵام لە ئەنجامدا و کاتێک ورد دەبیتەوە و لێکۆڵینەوە دەکەیت نابینیت توانیبێتیان هیچ شتێک ئەنجام بدەن، وەک ئەوەی کۆتایی بە ئەمەریکا بهێنن، من بە خۆم هیچ دەستکەوتێک بۆ ئەوان نابینم.

پێشکەشکار:
جەنابی سەرۆک، ئەگەر بەرگری (موقاوەمە) خزمەت بە ئامانجەکانی عێراق نەکات، کەواتە خزمەت بە ئامانجی کێ دەکات؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
ئەم پرسیارە ئاراستەی ئەوان بکه، ئاراستەی خۆیانی بەرگری بکه، تا لەوانی بزانین خزمەتی کێ دەکەن. ئەوەی بۆ من گرنگە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمانە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق دەکەن؟ وەڵامەکەش نەخێرە.

پێشکەشکار:
کەواتە بوونی بەرگری (موقاوەمە) هیچ سوودێکی نییە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
نە بە خودا، هیچ قازانجێکی نەبووە. کام بەرگری؟ بەڕاستی بەرگری لە چی دەکەن؟

پێشکەشکار:
ئەمەریکا..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
ئەمەریکا خۆی بڕیاری ڕۆشتنی داوە، ئەمەریکا بڕیاری داوە کە دەکشێتەوە و تەواو. وەک ئاماژەم پێ دا ئەمەریکا بۆ هاوکاریکردنی عێراق دژی داعش هاتە ئەم وڵاتەوە و، ئەرکی ئەمەریکا لە مانگی نۆدا کۆتایی پێ دێت، بۆیە هیچ پاساوێک نییە. لەگەڵ ڕێزیشم، ئەگەر ناو لە خۆیان دەنێن بەرگری، هیچ پاساوێک نییە چەک لە دەستی ئەم گرووپانەدا بێت و بە ئارەزووی خۆیان و بە خۆڕایی کێشە بۆ ئەم وڵاتە دروست بکەن.

پێشکەشکار:
خزمەت بە بەرژەوەندیی عێراق ناکەن..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
نەخێر، هەرگیز.

پێشکەشکار:
ئایا ئەگەری ئەوە هەیە کە خزمەت بە بەرژەوەندیی کەسانی تر بکەن؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
بەپێی ئەوەی من دەینبینم، نەخێر. بەپێی تێڕوانینی من، ئەگەر کەسێک پێی وابێت ئەمانە هاوکاری یان خزمەتی بەرژەوەندیی وڵاتانی دیکە دەکەن، بەپێچەوانەوە زیانی زۆر زیاتر لە قازانجەکانیان دەگەیەنن.

پێشکەشکار:
گەیشتینە خاڵێک کە تەوەرەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ بەغدا. ئێوە لە ڕێگەی قسەکانتانەوە، دەبینم گەشبینن بەرامبەر بەڕێز ئەلزەیدی و، گەشبینن بە هەنگاوەکانی بەڕێز ئەلزەیدی سەبارەت بە بەرنامەی حکوومەت و جێبەجێکردنی لەسەر ئەرزی واقیع. بەڵام دۆسیەیەکی ئاڵۆزمان لەبەردەمدایە، ئەویش پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدایە. ئێمە ڕاهاتووین لەسەر ئەوەی هەر سەرۆکوەزیرانێک لە سەرەتادا دێت گەشبینییەک هەبێت، پاشان بەرە بەرە ناکۆکییەکان پەرە دەسێنن تا کۆتاییهاتنی حکوومەت، پاشان هەموو جارێک لە سەرەتاوە دەست پێ دەکەینەوە. ئایا بەڕاستی جددیەتێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ کۆتایی هێنان بەم ناکۆکییانە و داڕشتنی پەیوەندییەک بەپێی دەستوور و بەپێی ڕێککەوتن و بڕیارەکان، یان لەگەڵ کۆتایی هاتنی حکوومەتدا پاشەکشەی ئەم پەیوەندییە دەبینینەوە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
ئەم پرسیارە لەڕاستیدا زۆر گرنگە. بەڕاستی ئەم پرسیارە لەگەڵ دەستپێکی هەر کابینەیەکی نوێی حکوومەتدا سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا سەر هەڵدەداتەوە. لە سەرەتادا مانگی هەنگوینی دەبێت و پاشان شتەکان تێک دەچن. بەڵام با بە شێوازێکی دیکە بیخەمە ڕوو. من پێم وا نییە جەوهەری کێشەکە لە کەسەکاندا بێت، جەوهەری کێشەکە لە کەسێکی دیاریکراودا نابینم. بۆ نموونە من نییەتی سەرۆکوەزیران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق بە نییەتێکی زۆر باش دەبینم و، هەست دەکەم بەڕاستی دەیەوێت کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات. بەڵام جەوهەری کێشەکە لە کوێدایە؟ جەوهەری کێشەکە لەوەدایە کە ئێمە دوای ساڵی ۲۰۰۳ پێناسەی سیستەمێکمان لە عێراقدا کرد بە ناوی عێراقی فیدراڵی دیموکرات. پرسیاری جەوهەری لە پرسی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەم خاڵەدا بەرجەستە دەبێت، پرسیارەکەش ئەوەیە: ئایا عێراق بەڕاستی عێراقێکی فیدراڵی دیموکراتە؟ یان عێراقێکی مەرکەزییە؟ کێشە گەورەکە لێرەوە دەست پێ دەکات. کاتێک بەغدا دەڕوانێتە هەولێر، تێڕوانینێک لە بەغدا هەیە پێی وایە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدراڵی ڕەفتار ناکات، بەڵکوو وەک قەوارەیەکی کۆنفیدراڵی یان سەربەخۆ ڕەفتار دەکات. با واقیعی بین، ئەو شێوازەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ڕەفتاری پێ دەکات مەرکەزیترە لە هەموو سیستەمە مەرکەزییەکان. جەوهەری کێشەکە لەدوای ۲۰۰۳وە تا ئێستا ئەوەیە ئێمە نەگەیشتووینەتە ئەم خاڵە یەکلاکەرەوەیەی کە ئایا عێراق مەرکەزییە یان فیدراڵییە. سیستەمی عێراق و دەستووری عێراق کە ٨٠٪ی عێراقییەکان دەنگیان پێی داوە، دەڵێت عێراق فیدراڵییە. تا ئەم ناکۆکییانەش لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دانیشتن لەسەر مێزی دیالۆگی برایانە چارەسەر نەکرێن، دەڵێین سیستەمەکەمان فیدراڵییە. سیستەمی فیدراڵی واتە چی؟ واتە وەک عێراقییەک مافمان هەیە و ئەرکمان لەسەر شانە، بەو شێوەیە وەک بەشێکین لە عێراق و وەک عێراقییەک. ئەوەی هەرێمی کوردستان دەیەوێت زیاتر نییە لە جێبەجێکردنی ئەم دەستوورە. ئێستا بەغدا بەپێی یاسا ڕەفتارمان لەگەڵدا دەکات، بەڵام ئەم یاسایانە دەگەڕێنەوە بۆ کەی؟ بۆ نموونە یاسا دارایییەکانی عێراق هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی پێش ساڵی ۲۰۰۳، یاسا کشتوکاڵییەکانی عێراقیش بە هەمان شێوە. ئەم یاسایانە ڕێگرن لە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە فیدراڵییە. بەپێی سیستەمی فیدراڵی ئێمە لە چوارچێوەی عێراقداین و دەبێت کێشەکانمان لەناو چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر بکرێن و، بەغدا قووڵایی ستراتیژیی کورد و کوردستانە و، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکە بەپێی دەستووری عێراق دانی پێدا نراوە و کێشەکانی دەبێت بەپێی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن. بەڵام ئەم ئەڵقەیە ئێستا لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێمە و بەغدا ونە. دەبێت ئەمە چارەسەر بکرێت. بۆچی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە گرنگە؟ لە ڕووی سیاسییەوە ئێمە عێراقێکی ئاراممان بۆ سەرجەم پێکهاتەکان دەوێت و داهاتوویەکی باشمان بۆ عێراق دەوێت. کلیل بۆ چارەسەر و بۆ عێراقێکی یەکگرتووی ڕێکخراوی بێ کێشە لەگەڵ خۆی و دراوسێکانیدا، چارەسەرکردنی کێشەکانە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بەپێی دەستووری عێراق و بۆ بەرژەوەندیی تەواوی عێراق. من نییەتی سەرۆکوەزیران زەیدی بە نییەتێکی زۆر باش دەبینم، ئەمەش واتای ئەوە نییە نییەتی سەرۆکوەزیرانی پێشوو خراپ بووبێت، بەڵام دەبینم تا ئێستاش درک بەم خاڵە نەکراوە لە بەغدا. دەبێت شتەکان یەکلا بکەینەوە، چونکە دوای ۲۳ ساڵ هێشتا داوای عێراقێکی فیدراڵی دەکەین، بەڵام با دانیشتنێکی جدی بکەین و بڕوانین ئایا ئەم عێراقە فیدراڵییە؟ سوێند دەخۆم فیدراڵی نییە و، ئەوەی ئەمڕۆ لای ئێمە هەیە وەک پەندە کوردییەکە دەڵێت "لە قوتووی هیچ عەتارێکدا نییە"، سیستەمێکی سەیرە؛ نە مەرکەزییە و نە فیدراڵییە، تەنانەت خۆشمان نازانین چییە. کێشەکە ئەمەیە...

پێشکەشکار:
جەنابی سەرۆک، خەریکە هەستێکی وامان لا دروست دەبێت کە هەردوولا ئاسوودەن بەم پەیوەندییەی ئێستا وەک خۆی هەیە، تا ئێستا نە هەرێمی کوردستان بەرەو دامەزراندنی ئەم بنەمایە هەنگاو دەنێت و نە بەغدا بەرەو ئەم ئاراستەیە دەچێت. ئەوەی باستان کرد ئەڵقەیەکی سەرەکی نییە، بەڵکوو بنەمای سەرەکییە بۆ بنیاتنانی ئەم پەیوەندییە. لە ئەنجامدا، ئەوەی تا ئەم ساتە لە ئەلزەیدییەوە هەستتان پێی کردووە، ڕاستگۆیی تێدایە، بەڵام ئایا ئیرادەی سیاسیی لایەنەکانی تر بوونی هەیە یان نا؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
ئەم پرسیارەم بە ڕاشکاوی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد، ئەوەی پێی دەڵێن چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعی. لەڕاستیدا وای دەبینم ڕاستە دەبێت لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا تاوتوێی بکەین، بەڵام ئەوانەی زیاتر پەیوەندیدارن بەم بابەتەوە ئەوانەن کە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا کۆبوونەتەوە و دەبێت لەگەڵ ئەواندا تاوتوێ بکرێت. لەگەڵ ئەوانیشدا تاوتوێمان کرد. لەدوای ۲۰۰۳وە ئەگەر بڕوانیتە ئەو قۆناغانەی عێراق پێیاندا تێپەڕیوە لەدوای ۲۰۰۳، دەبینیت عێراق بە قۆناغی زۆر سەختدا تێپەڕیوە لە کێشەی ناوخۆیییەوە تا دەگاتە شەڕی داعش کە یەقەی عێراقی گرتبوو، ئەمەش وای کرد کارە لەپێشینەکان کەمێک بگۆڕێن. بەڵام پێم وایە دوای هەموو ئەم قۆناغانه، ئەو قۆناغەی ئێستا پێی گەیشتووین قۆناغی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەیە، ڕەوشەکە لە ئێستادا ڕێگەمان پێ نادات پاساو بهێنینەوە وەک شەڕی داعش و شەڕی دژی تیرۆر و شتی لەو بابەتە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بیر لە ڕێگەیەک بکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانه و، چارەسەرکردنی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا، لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا ئەگەر ئەم چارەسەرە بێتە دی، عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، قۆناغێکی زۆر باشتر لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان لەگەڵ براکانمان لە بەغدا. لە هەموو حاڵێکیشدا، سیاسەتی هەرێمی کوردستان بریتییە لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانه لە ڕێگەی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا.

پێشکەشکار:
ڕەنگە پێویستمان بە حکوومەتێک بێت کە دروشمی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرز بکاتەوە، تا ببێتە یەکەم کاری لە پێشینەی خۆی، چونکە حکوومەتی ئێستا دروشمی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەرز دەکاتەوە و ئەمە کاری لەپێشینەیە و، حکوومەتی پێشوو دروشمی خزمەتگوزارییەکان و، حکوومەتی پێش ئەویش بە هەمان شێوە... بۆیە پێویستمان بە حکوومەتێکە دروشمی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرز بکاتەوە و پێم وایە ئەمە دەبێتە بابەتی سەرەکیی ئەو.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەشێکیشە لە چارەسەرکردنی کێشەکە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا. بەڵام ڕای من ئەوەیە دەبێت بگەیەنە تێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ بەرژەوەندیی عێراق، چونکە عێراق هیچ بەرژەوەندییەکی تێدا نییە بەردەوام بین لەسەر گوتنی ئەوەی کێشە لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەیە. دەبێت ئەم مەلەفە بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێت.

پێشکەشکار:
هیوادارین وا بێت، بەڵام ئەو لایەنە سیاسییانەی ئێستا لە عێراقدا هەن، تۆمەت دەبەخشنەوە. قەیرانی متمانەش هەیە. ئەم لایەنە سیاسییانە، سوپاس بۆ خوا تا ئێستا هیچ تۆمەتێک بۆ هەرێمی کوردستان نییە و دۆخ باشە و، هەمووان لە کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا بەبێ هیچ تۆمەتێک دانیشتن. بەڵام ئەم لایەنە سیاسییانە خۆیان جۆرەها تۆمەت ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەمەش لە قەیرانی متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت. نازانین چ ناوێکی لێ بنێین، بەڵام واقعێکی سیاسی و قەیرانێک لەنێوان ئێوە و لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، مەبەستم هەندێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعییە، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەو تۆمەتە زۆرانەیە کە دەیانبیستین، لەوانە بۆ نموونە کە دەگوترێت بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی لە هەولێر هەیە و، هەولێر پەنای تیرۆریستان دەدات و، هەولێر هاوکاریی بەغدا ناکات، هەموو ئەم تۆمەتانە لەلایەن سەرکردە سیاسییەکانەوە دەگوترێن. ئەمەش قەبارەی قەیرانەکە دەسەلمێنێت. وەڵامت چییە بۆ ئەم تۆمەتانە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
لەڕاستیدا ئەم تۆمەتانە هیچ بنەمایەکیان نییە، مەبەستم ئەوەیە ئەوەی دەگوترێت هیچ بنەمایەکی نییە. یەکەم، پرسی پەیوەندییە دەرەکییەکان لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی بەغدایە و ئێمە هەنگاوەکانمان لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی بەغدادا دەنێین، ئەمە لەو ڕووەوەی کە پەیوەندیی بە پرسی پەیوەندییەکانەوە هەیە. بەڵام سەبارەت بە پرسی هاوئاهەنگی و مامەڵەکردن، ئێمە باشترین هاوئاهەنگیمان لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە و، لە ڕووی پەیوەندییە هەواڵگرییەکانەوە باشترین پەیوەندی لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەیە و، کاتێک دەڵێم هەولێر مەبەستم سەرجەم هەرێمی کوردستانە، باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا هەیە لە پرسی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریدا و، لەو ناوچانەی دەکەونە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقدا باشترین هاوئاهەنگی لەنێوان ئێمە و سوپای عێراقدا هەیە و، سەبارەت بە تۆمەتبارانیش هاوئاهەنگییەکی نایاب لەنێوان وەزارەتی ناوخۆی ئێمە و وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هەیە. لەڕاستیدا ئەم بابەتانەی باسیان لێوە دەکرێت، لە حاڵێکدا ئەگەر باس بكرێن، بە هیچ شێوەیەک بنەمایان نییە و، لەبری ئەوەی ئەم شتانە لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ببیستین بە ئامانجی دروستکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی لەنێوان ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا، پێم باشترە لەگەڵ خۆماندا قسەی لەسەر بکەن. ئێمە ئامادەین و کراوەین بۆ قسەکردن لەسەر یەک بە یەکی هەموو ئەم مەلەفانە.

پێشکەشکار:
کەواتە ئەم تۆمەتانە پووچن و لە ناکۆکیی سیاسییەوە سەرچاوەیان گرتووە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
لە سەدا سەد پووچن.

پێشکەشکار:
١٠٠٪

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
بەڵێ، ١٠٠٪ پووچن.

پێشکەشکار:
لە ناکۆکیی سیاسییەوە سەرچاوەیان گرتووە. کەواتە لایەنە سیاسییەکان چییان لە هەرێمی کوردستان دەوێت، هەندێک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی چییان لە هەرێمی کوردستان دەوێت؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
ئەم پرسیارە ئاراستەی ئەوان بکه.

پێشکەشکار:
بە دڵنیاییەوە خوا یار بێت پرسیاریان لێ دەکەم.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
ئەم پرسیارە ئاراستەی خۆیان بکه. وەک پێشتریش پێم گوتی، ئێمە خۆمان بە بەشێک لەم وڵاتە دەزانین و، خۆمان بە بەشێک لە نەسیجی کۆمەڵایەتیی عێراق دەزانین. لە ڕووی سیاسییەوە ئێمە بەشدارین لە حکوومەتدا، لە حکوومەتی بەغدا و، بەشدارین لە پەرلەمانی عێراقدا و، دەمانەوێت بەشدار بین لە دامەزراوە عێراقییەکاندا، سەرباری ئەوەی ڕێژەی کورد لە دامەزراوە عێراقییەکاندا کەمە. ئەوەی ئێمە خۆمانی تێدا دەبینینەوە، خۆمان بە بەشێک لەم وڵاتە دەبینین و، ستراتیژیمان زۆر ڕوونە و دەمانەوێت کێشەکانمان لەناو عێراقدا چارەسەر بکەین.

پێشکەشکار:
یەکێک لە قەیرانەکانی تر، جەنابی سەرۆک، قەیرانی دارایییە. هەمووان باسی ئەو قەیرانە دارایییە دەکەن کە عێراقی پێدا تێپەڕ دەبێت، قەیرانێکی زۆر مەترسیدارە. داخرانی گەرووی هورمز و لێکەوتە نێودەوڵەتییەکانی و نەبوونی داهات بۆ دەوڵەت، دڵەڕاوکێی لەلای هەمووان دروست کردووە، چ هاووڵاتییان و تەنانەت سیاسییەکان و سەرکردەکانی وڵات. ئایا ترستان لە قووڵبوونەوەی ئەم قەیرانە هەیە؟ هەرێمی کوردستان بەبێ قەیرانیش بەدەست قەیرانی دارایییەوە دەناڵێنێت، ئەی چۆن لە سایەی ئەم قەیرانەدا؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
دیارە لە ئەنجامی ئەو قەیرانەی لە شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە دروست بوو، لەڕاستیدا عێراق زەرەرمەندێکی گەورەی ئەم شەڕەیە. عێراق بەدەست دوو کێشەی گەورەوە دەناڵێنێت، یەکەمیان ئەوەیە کە کەرتی گشتی لە عێراقدا و ئەوانەی بە مووچەخۆرانی عێراق ناسراون ژمارەیان زۆر زۆرە، حکوومەت مانگانە پێویستی بە لانی کەم لەنێوان شەش بۆ حەوت ملیار دۆلار هەیە تەنیا بۆ ئەوەی بتوانێت مووچە بدات، ئەمە جگە لە پارەی وەبەرهێنان و شتەکانی دیکە. ڕێگەی هەناردەکردنی نەوتی عێراقیش هەمووی لە تەنگەی هورمزەوە دەڕوات و ئەم کێشەیەی تەنگەی هورمز وای کردووە عێراق ئەمڕۆ بە قۆناغێکدا تێپەڕێت کە پێویست دەکات سەرجەم هێزە سیاسییەکانی عێراق هەست بە بەرپرسیارێتی و بە مەترسیی ئەم ڕەوشە بکەن. ڕەوشی ئابووریی عێراق زۆر خراپە. بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەوشی داراییی عێراقی بۆ هەموو ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ڕوون کردەوە، باسی لە یەدەگی عێراق و لە بەرنامەی عێراق کرد. لەڕاستیدا هیوادارین قەیرانی ئێستا نەبێتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی. دەبێت سەرجەم هێزە سیاسییەکانی عێراق هاوکاریی حکوومەتی عێراق و سەرۆکوەزیران بکەن تا بتوانین لەم قۆناغە تێپەڕین. ئەمە قۆناغێکە من لە ڕووی ئابوورییەوە بە زۆر مەترسیداری دەزانم. بۆیە بەرژەوەندیی عێراق لە کۆتاییهاتنی شەڕ لە ناوچەکەدا لە نزیکترین کاتدا و لە دووبارە کردنەوەی تەنگەی هورمزدایە تا عێراق بتوانێت نەوتەکەی بۆ دەرەوە هەناردە بکات. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، ئێمە ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەکین، بەڵام ئەم چارەسەرانە درێژخایەنن. ئەگەر عێراق بیەوێت هێڵێکی بۆری لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە ڕابکێشێت، ئێمە پێشوازیی لێ دەکەین و ئامادەی هاوکاریین لەم بابەتەدا و، ئەگەر بیانەوێت بۆ سووریاشی بگوازنەوە ئێمە ئامادەین. بەڵام ئەمانە هەموویان چارەسەری درێژخایەنن، چارەسەرە دەستبەجێیەکان لەوانەیە کۆمەڵێک چارەسەر بن کە پێویستیان بەوەیە سەرجەم هێزە سیاسییەکانی عێراق پشتی سەرۆکوەزیران بگرن و بەرپرسیارێتییەکە هەڵبگرن.

پێشکەشکار:
ئەمە ئەوەیە کە هیوای بۆ دەخوازین، کە هەمووان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و، هەڵوێستەکانی هەرێمی کوردستان ڕوونن و دیارن، بە تایبەتی دوای ڕێککەوتنی دوایی بۆ زیادکردنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەکانییەوە و، هیوادارین چارەسەری دەستبەجێ هەبن چونکە چارەسەرە درێژخایەنەکان هاوکاریی عێراق ناکەن لەم بابەتەدا. جەنابی سەرۆک، لە هەمان بواردا باسی سووریا و دەرچوونی نەوت لە ڕێگەی بانیاسەوە دەکەین، سەردانێکی گرنگت بۆ سووریا هەبوو کە تێیدا لەگەڵ سەرۆکی سووریا، ئەحمەد ئەلشەرع، کۆبوویتەوە. هەندێک دەڵێن لە کاتی سەردانەکەدا لە پەیوەندیدا بوویت لەگەڵ بەڕێز عەلی ئەلزەیدی و تێڕوانینی بەڕێز عەلی ئەلزەیدی و هەندێک وردەکاریت گواستووەتەوە. بەڵام ئێمە ئەم زانیارییەمان هەیە و وردەکاریمان لا نییە کە چی لەو کۆبوونەوەیەدا گوزەراوە و دیارترین ڕێککەوتن و قسەوباسەکان چی بوون کە لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد ئەلشەرعدا کردووتانە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
لەڕاستیدا بە شەخسی پێش ئەم سەردانەم بۆ سووریا، چەندین جار لە تورکیا چاوم بە جەنابی سەرۆک ئەلشەرع کەوتووە و داوای لێ کردووین سەردانی سووریا بکەین. سەردانەکەمان بۆ سووریا بە هاوئاهەنگی و ڕێککەوتنی تەواو بوو لەگەڵ سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی لە بەغدا، نەک تەنیا لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران، بەڵکوو پێش ئەم گەشتەم هاوئاهەنگیم لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی عێراقیش کردبوو. ڕاستە سەردانەکەم بۆ سووریا وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا وەک بەرپرسێکی عێراقییش بوو. کۆبوونەوەمان لەگەڵ جەنابی سەرۆککۆماری سووریا زۆر باش بوو. سووریا پێش هەموو شتێک دراوسێی ئێمەیە لە عێراق و، بۆ ئێمە زۆر گرنگە ئەم وڵاتە بە ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئابووری شاد بێت. لەڕاستیدا ئێمە وای دەبینین کە دوای ڕووداوەکان و دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، جەنابی سەرۆککۆماری سووریا بە شێوازێکی پلانداڕێژراو و ڕێکخراو هەوڵ دەدات سووریا لەم قۆناغەوە بۆ قۆناغێکی باشتر بگوازێتەوە و، پێمان وایە گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە شایستەی ژیانێکی باشترن و، دەبینین ئەم دەرفەتەی گەلی سووریا لە جەنابی سەرۆککۆمار ئەلشەرعدا بەرجەستە دەبێت کە دەیەوێت سووریایەکی سەقامگیر و ئاوەدان بنیات بنێت و داهاتوویەکی باشتر بۆ وڵاتەکەی دەستەبەر بکات.
لە لایەکی دیکەوە، جەختمان لەسەر هەندێک خاڵ کردەوە. یەکەمیان ئەوەیە کە ئێمە لە عێراقدا دەمانەوێت سنوورەکانمان پارێزراو بن، سنووری نێوان عێراق و سووریا ئارام و پارێزراو و بەبێ کێشە بن. لە ڕووی ئابوورییەوە جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا پەیوەندیی ئابووریی باشترمان لەنێوان عێراق و سووریادا دەوێت و، سەرۆککۆماری سووریاش بەپەرۆشەوە خوازیارە ئەم پەیوەندییە پێش بکەوێت. لە لایەکی دیکەوە جەختمان کردەوە کە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی هاوکار دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانیاندا، وەک ئەو کێشانەی لەنێوان ئەوان و هەسەدەدا هەیە لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا و، ئێمە ئامادەین بۆ ئەوە، پێشتریش ڕۆڵمان هەبووە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدا و، بۆ جەنابی سەرۆککۆماری سووریامان دووپات کردەوە کە ئامادەین هەموو هەوڵێک بدەین لەپێناو چارەسەرکردنی ئەو کێشانه. ئەوەی من هەستم پێ کرد ئەوەیە پرۆسەکە بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوە دەچێت لەنێوان دیمەشق و هەسەدەدا و، سەرۆککۆمار جدییە لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانه لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا.
سووریا دراوسێمانە و گەلی سووریا لە ڕۆژە سەختەکاندا هاوکاریی زۆری پێشکەشمان کردووە و ئێمە زۆر پەرۆشین بۆ ئەوەی سووریا داهاتوویەکی باشی بۆ سەرجەم پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی هەبێت، بۆیە ئێمە پشتیوانی لەم پرۆسەیە دەکەین. لە کاتی گەڕانەوەشمدا لەبارەی ئەم بابەتەوە پەیوەندیم بە سەرۆک وەزیرانمان، زەیدییەوە کرد و، هیوادارین لە داهاتوودا بەڕێز سەرۆکوەزیران سەردانی دیمەشق بکات و، هیوادارین جەنابی سەرۆکی سووریا سەردانی عێراق بکات و وەک دوو دراوسێ ئەم پەیوەندییانە بەرەو پێش ببەین.

پێشکەشکار:
جەنابی سەرۆک، ڕەنگە یەکێک لە قسەوباسەکان پەیوەندیدار بێت بە کوردی سووریاوە، سەردانەکانی مەزڵوم عەبدی بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ هەولێر ئاماژە بەوە دەکەن کە مەزڵوم عەبدی بە ڕێزێکی زۆرەوە تەماشاتان دەکات و پێی وایە بەڕێز مەسعود بارزانی ڕابەری نەتەوەی کوردە. ئایا ئەمە دەرگا واڵا دەکات بۆ قسەکردن لەسەر پشتیوانیکردنی کوردی سووریا بۆ ڕاگەیاندنی هەرێمێک، یان بۆ جودابوونەوە و، ترس لای سوورییەکان لەم بابەتە دروست دەکات، یان ئێوە پشتیوانی لە یەکپارچەییی سووریا دەکەن و پشتیوانی لە کوردی سووریا و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەن؟ یان پشتگیری لە یەکپارچەییی سووریا دەکەن و پشتیوانی لە کوردی سووریا و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەن؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
دوای ڕووخانی ڕژێم لە سووریا، ئامۆژگاریی ئێمە کە ئاراستەی براکانمان کرد، چ لە هەسەدە یان لە ئەنەکەسە و سەرجەم حیزبەکانی کوردی سووریا، تەنیا لەسەر یەک شت کورت بووبووەوە، پێمان گوتن دەبێت ڕوو لە دیمەشق بکەن و ئاڵای سووریا لە سەرجەم ناوچەکانتاندا هەڵبکەن و کێشەکانتان لەگەڵ سووریادا چارەسەر بکەن. سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی هەرێمێک، ئەگەر بڕوانیتە سووریا دەبینیت ئەوان ناتوانن داوای ئەوە بکەن کە لای ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەیە چونکە لەپێش هەر شتێکی تردا جوگرافیایەکی یەکگرتوویان نییە. بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، ئێمە نامانەوێت دەستوەردان بکەین لە دیاریکردنی ئەو مۆدێلەی کە دەبێت لە سووریادا جێبەجێ بکرێت. ئەمە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە بەڵکوو پەیوەندیی بە سووریییەکانەوە هەیە. هەڵوێستی ئێمەش لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا بەردەوامە لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا. بەڵام مۆدێلەکە چۆن دەبێت، دەبێت خۆیان لەگەڵ دیمەشقدا لەسەری ڕێک بکەون، ئەم بابەتەش تەنیا بۆ کورد نییە بەڵکوو بۆ پێکهاتەکانی دیکەشە وەک عەلەوی، دروز و مەسیحییەکان. ئەوەی لەگەڵ جەنابی سەرۆککۆماردا جەختمان لەسەر کردەوە، پێویستیی جێگیرکردنی مافەکانی ئەم پێکهاتانە بوو لە دەستووری سووریادا. سەبارەت بە وردەکارییەکانی دیکە و چۆنیەتیی مۆدێلەکە، ئێمە دەست لە هیچ کام لەوانە وەرنادەین. ئێمە هاوکار دەبین و دەستوەردان ناکەین و تاوتوێکردنی ئەم بابەتانە بۆ خۆیان جێدەهێڵین تا لەگەڵ دیمەشقدا چارەسەری بکەن.

پێشکەشکار:
جەنابی سەرۆک، پەیامتان لەنێوان بەڕێز ئەلزەیدی و ئەلشەرعدا گواستەوە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
هەر سەردانێک کە ئەنجامی دەدەین و بۆ هەر وڵاتێک کە گەشت دەکەم، هەمیشە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا دەکەم و کاتێک دەگەڕێمەوە، بەغدا لە ئەنجامی سەردانەکەم ئاگادار دەکەمەوە. ڕێز و سڵاوی بەڕێز سەرۆکوەزیرانمان گەیاندە جەنابی ئەلشەرع و، هەروەها جەختکردنەوەی لەسەر پەیوەندییە باشەکان. وەک ئاماژەشم پێ دا، ڕاستە من ئەم سەردانەم وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دا، بەڵام وەک بەرپرسێکی عێراقییش ئەنجامم دا. واتە سەردانەکە تەنیا پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نەبوو، بەڵکوو بە سەرجەم عێراقەوە بوو. وەک پێشم گوتن، هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرۆکوەزیران زەیدی سەردانێکی بۆ دیمەشق هەبێت.

پێشکەشکار:
خوا یار بێت.
جەنابی سەرۆک، دۆسیەی شەنگال دەمێنێت. ڕەنگە بپرسیت بۆچی دۆسیەی شەنگالم هێشتەوە بۆ ئەوەی دوای سووریا دوا دۆسیە بێت. بە بڕوای سادەی من، دۆسیەی شەنگالیش ژێردەستەی گوشارە هەرێمییە بەردەوامەکانە. هۆکاری سەرەکی، بەپێی ئەوەی دەیبیستین، ئەوەیە کە گوشارە هەرێمییەکان ڕێگری لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال دەکەن. بەم هۆیەشەوە لە چوارچێوەی کاروباری نێودەوڵەتیدا تۆمارمان کردووە. ئایا بەڕاستی گوشارە هەرێمییەکان هۆکاری سەرەکین لەپشت جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگالەوە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
ڕێککەوتنێکی زۆر باشمان هەبوو کە خۆتان ئاماژەتان پێ دا. ڕێککەوتننامەی شەنگال لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیدا، ساڵی ۲۰۲۰ بە ئامادەبوونی نوێنەری ئەوکاتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، خاتوو پلاسخارت ئیمزا کرا. لەو ڕۆژەوە تا ئێستا هەرێمی کوردستان چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە. من وای دەبینم جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە ئاسایش و ئارامیی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ شەنگال دەهێنێت. جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەکە تا ئێستا بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە سەر ئه‌و هێزانەی لە شەنگالدا هەن. ئێمە زۆر باسی هێزە لە یاسا دەرچووەکانمان کردووە و، بەشێک لەو هێزانەی لەوێ ئامادەیییان هەیە لە هێزە لە یاسا دەرچووەکانن. ئەمانە دەبێت لە شەنگال بچنە دەرەوە. دەبێت شەنگال بگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی ئاساییی خۆی، وەک دەزانن ئێزدییەکان کاتێک داعش هات ڕووبەڕووی زۆڵمێکی زۆر بوونەوە و، دەبێت هەموومان بابەتی ئێزدییەکان نەکەینە بابەتێکی سیاسی بگرە دەبێ هاوکارییان بکەین تا بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. لەڕاستیدا دەبێ لە بەغدا و هەولێر هاوکارییان بکەین چونکە ئەوان شایستەی ژیانێکی باشترن، ئەوەی بەسەریاندا هات کارەساتێکی گەورە بوو چونکە لە ساڵی ۲۰۱٤ و دواتریش ڕووبەڕووی جینۆسایدێکی گەورە بوونەوە، بە هەمان شێوە بارودۆخی پێکهاتەکانی دیکەی عێراقیش وا بوو، بەڵام ئێزدییەکان زەرەرمەندی گەورەتر بوون. ئێمەش ئێستا دووبارە جەخت دەکەینەوە کە پێمان وایە ڕێککەوتننامەی شەنگال لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا ڕێخۆشکەر و هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شەنگال.

پێشکەشکار:
جەنابی سەرۆک، پرسیاری کۆتایی، سەبارەت بە تێڕوانینتان بۆ ئاییندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و، ئەو ململانێیەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە لەنێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل و شەڕی ئێران، هەروەها تێکەڵەیەک لە سیاسەتی تەوەرەکان کە بەسەر عێراقدا دەسەپێنرێت وا دەکات ببێتە بەشێک لە تەوەرێک لەسەر حیسابی تەوەرێکی تر.. پێشتر و لە هەموو ئەوانەی پێیدا تێپەڕین، عێراق پەیڕەوی سیاسەتی گرتنی دارەکەی لە ناوەڕاستەوە دەکرد، نە لەگەڵ ئێراندا دەبوو و نە لەگەڵ ئەمەریکادا و، پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ هەردوو لایەندا بنیات دەنا، بەڵام ئێستا بەپێی ئەوەی بینیومانە ئاراستەیەک لەلایەن حکوومەتەوە هەیە بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بیانووی ئەوەی بەشێکی زۆر لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی لەنێوان خۆی و ئەمەریکادایە و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئێراندا نییە بۆ نموونە. ئایا عێراق ڕێگەی خۆی هەڵبژاردووە لە سیاسەتی تەوەرەکان و چووەتە پاڵ ئەمەریکا وەک تەوەرێکی هاوپەیمان، یان هێشتا دارەکەمان لە ناوەڕاستەوە گرتووە؟ و تێڕوانینتان چییە بۆ ئاییندەی پرۆسەی سیاسی لە چوارچێوەی هەموو ئەو ململانێیانەی لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
بەپێی تێڕوانینی من، هەڵوێستی عێراق هەڵوێستێکی بێلایەنانە بوو لەو جەنگەی ڕووی دا. عێراق ناتوانێت لە دەوروبەری خۆی لە ناوچەکە داببڕێت و، عێراق ناتوانێت تەنیا پشت بە وڵاتێک ببەستێت، جا ئەو وڵاتە ئەمەریکا بێت یان هەر وڵاتێکی دیکە. لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە لە عێراقدا نەچینە ناو هیچ میحوەرێکەوە، چونکە عێراق توانای هەیە ڕۆڵە بێلایەنەکەی بگێڕێت. لە ماوەی جەنگەکەدا گەلێک تۆمەت ئاراستەی هەرێمی کوردستان کران، بەڵام ئێمە زۆر بێلایەن بووین، بۆ نموونە لە شتە گرنگەکان ئەوە بوو کە ڕێگریمان کرد لەوەی هەرێمی کوردستان بکرێتە سەکۆیەک بۆ دروستکردنی کێشە بۆ ئێران.

پێشکەشکار:
بەڵام ئێران دەڵێت نەخێر، بەڵکوو ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و ئامانجیان ئێرانە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
ڕێگەم بدە بپرسم ئایا هیچ کام لەم ئۆپۆزسیۆنانە ئەمەیان کردووە؟ هەرچەندە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فیلمی وەک فیلمەکانی جەیمس بۆندیان دروست دەکرد کە گوایە سنووریان بەزاندووە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئێمە ڕێگریمان لە دروستکردنی هەر کێشەیەک کرد بۆ ئێرانی دراوسێمان لە ڕێگەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە. بۆچی؟ چونکە بنەمای سەرەکی لای عێراق ئەوەیە کە عێراق نەبێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ دراوسێیەکی و، هەرێمی کوردستان کە لەناو عێراقدایە ڕێگە نادرێت ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکەی دراوسێ. ئێمە ڕێگەمان بەم هێزانە نەدا بپەڕنەوە. ڕاستە ئەم هێزانە لێرەن، بەڵام بوونیان لێرە هی ساڵێک یان دوو ساڵ نییە بەڵکوو هی ٤۰ ساڵ پیش ئێستایە و بۆمان ماوەتەوە و، بابەتەکە ئەوەیە ئێمە دەمانەوێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت. بەڵام چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت؟ ئەم کێشەیە دەبێت ڕێگەچارەی بۆ بدۆزرێتەوە لەلایەن هەرێمی کوردستان و بەغداوە بە هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ ئەم هێزانە خۆیان و لەگەڵ ئێراندا. بەڵام وەک بنەمایەک ئێمە دژی ئەوەین عێراق بکرێت بە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هەر دراوسێیەکمان.
سیاسەتی عێراق تا ئێستا بە شێوەیەکی زۆر باش کاری کردووە بەپێی تێڕوانینی من. عێراق سیاسەتێکی بەڕاستی هاوسەنگی هەبووە. با دووبارە ئەم مەلەفە نەکەینەوە، بەڵام ڕێگەپێدراو نییە هەندێک لە یاسا دەرچوو کێشە بۆ سیاسەتی دەرەوەی عێراق دروست بکەن. بەو پێیەی عێراق بە باشترین شێوە ڕەفتاری کردووە، بەڵام ئەم کێشانه ئێستا بوونەتە بارێکی قورس لەسەر عێراق. من وای دەبینم عێراق نەبێتە لایەن لە هیچ کام لەم کێشانەدا و، دەبێت عێراق هاوسەنگی دروست بکات و بە هەمان مەودا لە سەرجەم لایەنەکان دوور بێت و، پشت بە هیچ وڵاتێک بە تەنیا نەبەستێت.

پێشکەشکار:
تێڕوانینتان بۆ ئاییندەی سیستەمی سیاسی یان پرۆسەی سیاسی لە عێراق. چۆن دەڕوانن یان تێڕوانینتان بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا چییە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
پێم وایە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا و ئەوەی تا ئێستا لێی دەبینین بەرەو باشتربوون دەچێت و، دەبێ هێزە سیاسییەکانی عێراق پشتیوانی لە حکوومەتەکەمان لە بەغدا بکەن و، دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی لە سەرەتادا گوتم کە بیر لەوە بکەینەوە هەموومان لەسەر یەک کەشتین و، ئەگەر شتێکی خراپ بەسەر ئەم کەشتییەدا بێت، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان ڕزگاری دەبێت و بەغدا نوقم دەبێت یان بەپێچەوانەوە بەغدا ڕزگاری دەبێت و هەرێمی کوردستان نوقم دەبێت. چونکە چارەنووسی هەموومان یەکە و، دەبێت بەم بنەمایە ڕازی ببین، چارەنووسمان وەک عێراقی یەکە و دەبێت یارمەتیی یەکتر بدەین. لە کوێدا هەرێمی کوردستان توانیی هاوکاریی بەغدا بکات و لە کوێدا بەغدا توانیی هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات و لە کوێدا هێزە سیاسییەکان توانینیان هاوکاریی سەرۆکوەزیران بکەن، دەبێت هەموومان کار بکەین بۆ داهاتوویەکی باشتر و گەشتر بۆ سەرجەم عێراق.

پێشکەشکار:
زۆر سوپاست دەکەم جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، بۆ هەموو ئەوانەی فەرمووت، سوپاسی سنگفراوانیت دەکەم بۆ قبووڵکردنی هەموو ئەو پرسیارانەی ئاراستەم کردیت، کاتێکی زۆرم لە جەنابت گرت. زۆر سوپاس بۆ تۆ و بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە.