Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ شاندێکی باڵای سه‌ربازیی به‌ریتانی کۆبووه‌وه‌

2020-01-15T03:46:44.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کرده‌وه‌ تیرۆر و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش مه‌ترسییه‌کی ڕاسته‌قینه‌یه‌ که‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌قامگیریی عێراق و ناوچه‌که‌ ده‌کات و بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌ویان عێراق و هه‌رێمی کوردستان هێشتا پێویستییان به‌ هاوکاری و پشتگیریی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش هه‌یه‌.

سه‌له‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ١٥/١/٢٠٢٠ له‌ هه‌ولێر، له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ شاندێکی باڵای سه‌ربازیی به‌ریتانی به‌ سه‌رۆکایه‌تیی جه‌نه‌ڕال سیر جۆن لۆریمه‌ر گه‌وره‌ ڕاوێژكاری سه‌ربازیی به‌ریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و نوێنه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق ‌و جێگرانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و کونسولی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ک له‌ پله‌دارانی سه‌ربازیی به‌ریتانی، دۆخی ئه‌منیی عێراق و پێشهات و ئاڵۆزییه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی وڵات، تاوتوێ کران.

په‌ره‌سه‌ندنی جموجۆڵی ئه‌م دواییه‌ی داعش به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌کانی مادده‌ی ١٤٠ و گرنگیی هاوکاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان و ڕۆڵی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌مباره‌یه‌وه، خاوکردنه‌وه‌ی گرژییه‌کان، په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر - به‌غدا و په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو که‌ تیایدا به‌رده‌وامیی هاوکاریی به‌ریتانیا بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان دووپات کرایه‌وه‌.