سەرۆک نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ کەنەدا دووپات کردەوە کە لە شەڕى دژى تیرۆر و لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیدا هاوکاریى سەربازى و مرۆیى پێشکەش بە هەرێمى کوردستان کرد و خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ بردەوانى زیاترى پەیوەندییەکانى لەگەڵ کەنەدا و ڕەخساندنى دەرفەتى باشتر بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى کەنەدى، نیشان دا.
سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ سێشەممە 17/12/2019 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە بەڕێز ئۆلریک شانۆن باڵیۆزى نوێى کەنەدا لە عێراق کرد و پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لە ئەرکى تازەیدا لێکرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست.
لە دیدارەکەدا بەڕێز باڵیۆزى نوێى کەنەدا دووپاتى کردەوە کە وڵاتەکەى بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەڕوانێت و لە پشتگیرى و هاوکارییەکانى خۆى بۆ هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت، هانى کەرتى تایبەت و کۆمپانیا کەنەدییەکانیش دەدات بۆ ئەوەى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارى لە هەرێمى کوردستان بکەن.
تاوتوێکردنى دۆخى ناوچەکە بەگشتى و مەترسییەکانى سەرهەڵدانەوەى تیرۆر و گرنگیى بەردەوامیى هاوکارى و هەماهەنگیى نێودەوڵەتى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى، تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوو.