Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک لە ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا

2025-04-22T07:19:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی ڕۆژێکە لە 22ی نیسانی هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە، ئەمڕۆ (127)ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردییدا بە ناوی ڕۆژنامەی (کوردستان)، لە هەمان کاتدا ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە، بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسان دەکەم، هیوای سەرکەوتنیان لە کاری ڕۆژنامەوانی و میدیاییدا بۆ دەخوازم.

لەم بۆنەیەدا، بە بایەخەوە لە کار و چالاکییەکانی بواری ڕۆژنامەگەری و ڕۆشنبیرانی هۆشیار و بوێر دەڕوانین، چونکە بوار ڕەخساندن بۆ نووسەران و میدیای ئازاد، گوزارشتە لە هەبوونی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و خاوەن هێز و ئیرادە، لەهەمان کاتدا یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی حوکمڕانیی باش، لەم سۆنگەیەوە بە پێویستی دەزانم هیچ ڕێگرییەک نەمێنێت لە بەردەم بەرەوپێشچوونی کاری ڕۆژنامەگەریدا و بواریان پێبدرێت وەک دەسەڵاتی چوارەم لە هەرێمەکەمان ڕۆڵی ڕاستگۆیانەی خۆیان ببینن، بۆ ئەوەی سیمایەکی جوانتر لە ڕووی دیوکراسییەوە نیشانی جیهان بدەین.

هیوادارم کاری ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنکاریی پیشەییانە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، هەروەها دوور لە ململانێ سیاسییەکان و بەرتەسککردنەوەی کاری ڕۆژنامەوانی، بواری زیاتریان بۆ بڕەخسێنرێت لەپێناو گەیاندنی ڕاستی و دروستیی بابەتەکان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا.

لە کۆتاییدا، بەوپەڕی ڕێز و شکۆ و پێزانینەوە یادی ئەو ڕۆشنبیر و خاوەن قەڵەمە بوێرانە دەکەینەوە کە لە ڕێگەی کاروانی ڕۆژنامەگەریدا گیانی خۆیان کردە قوربانی خاک و نیشتیمان، سڵاو لە گیانی پاکیان بێت و یاد و یادەوەرییەکانیان بۆ هەمیشە بە زیندوویی لە بیرماندا دەمێنێتەوە.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2025/4/22