Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییان

2025-08-03T07:27:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ یازدە ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدیماندا، لەم ڕۆژەدا بە شکۆوە یادی قوربانییانی ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە دەکەینەوە، کە لەگەڵ هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق، کەوتنە بەر لێشاوی هێرش و پەلاماردانێکی دڕندانە.

خوشک و برا ئێزدییەکانی شنگال و دەوروبەری، یەکەم قوربانیی دەستی تیرۆریستانی داعش بوون لە ناوچەکەدا، هاوشێوەی ئەنفال و کیمیابارانکردنی نەتەوەکەمان بە دڕندانەترین شێوە لە خاک و نیشتیمانی خۆیان کەوتنە بەر لێشاوی جینۆسایدکردن و ئاوارەیی و دەربەدەری، بێ جیاوازی کۆمەڵکوژکران و شوێنە پیرۆز و مێژووییەکانیان لێ خاپوور کرا.

لێرەدا گرنگە خاڵەکانی نێو ڕێککەوتنامەی شنگال وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت لەپێناو ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی سەرشانی حکوومەتی عێراقە کە لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بێت و قەرەبووی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانییانی ئەم تاوانە بکاتەوە، لە هەمان کاتدا پێویستە هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ڕفێنراوەکان و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان بێت، سەربەرزیش بۆ کەسوکارەکانیان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2025/8/3