
(38)ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە 1987/4/16 ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر گوندەکانی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتیی کیمیاباران کرد، کە یەکەمجاری بوو ئەم جۆرە چەکە قەدەغەکراوە دژ بە خەڵكی شۆڕشگێڕ و تێكۆشەری ئەم ناوچەیە تاقیبکاتەوە، تیایدا زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی بێتاوانی لە منداڵ و ژن و پیاو شەهید و بریندار کرد.
هەرچەندە مایەی ئازارێکی بێ کۆتایە ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە، بەڵام کیمیابارانکردنی دۆڵی خۆشناوەتی لە لایەن ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆرەوە، جێگای شانازی بوون و لووتکەی سەربەرزی و قارەمانێتیی گوندەکانی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتیمان بۆ دەسەلمێنێ، ئەم ناوچانە هەمیشە لانکەی شۆڕش و بەرخودان بوونە دژ بە زوڵم و ستەمەکانی ڕژێمی بەعسی فاشیزم، ئامانجی ڕژێمی بەعس لە تاوانەکانی پرۆسەی ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستن و خاپوورکردنی گوندەکان، شێواندنی جوگرافیا و سڕینەوەی شوناسی کورد و کوردستان بووە، بەڵام گەلی کورد بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە پارێزگاری لە پێناسە و مانەوەی خۆی کردووە و هەمیشە خەونی دوژمنانی لەگۆڕناوە.
بە داخەوە تاوەکو ئێستا ناوچەکانی دۆڵی خۆشناوەتی لە ڕووی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەوە خزمەتێکی ئەوتۆیان پێشکەش نەکراوە، کە شیاوی ئەو خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانەیان بێت، هیوادارم خزمەتگوزاریی زیاتریان پێشکەش بکرێت، لە هەمان کاتدا ئەرکی سەرشانی حکوومەتی عێراقیشە کە بە یاسا پابەندکراوە بە گەشەپێدان و قەرەبووکردنەوەی ناوچە کارەساتبارەکان و زیانلێکەوتوانی دەستی ڕژێمی بەعس.
لە کۆتاییدا، سەری ڕێز و وەفا دادەنەوێنم بۆ شەهیدانی دۆڵی خۆشناوەتی و بالیسان و شێخ وەسانان و گوندەکانی دەوروبەری و گشت شەهیدانی ڕێگەی کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2025/4/16