
ئەمڕۆ ٣٧ ساڵ تێپەڕ دەبێت بە سەر ئەنفال و جینۆسایدکردنی خەڵکی سڤیل و بێتاوانی ناوچەی بادیناندا، ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتیە درێژکراوەی ئەو زنجیرە تاوانانەبوو کە ڕژێمی بەعسی لەناوچوو لە چوارچێوەیەکی پلان و نەخشە بۆ داڕێژراودا و بە مەبەستی لەناوبردنی نەتەوەی کورد، لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ئەنجامیدا و لە چەند قۆناغێکی جیاجیادا هەزارەها ڕۆحی زیندووی لە پیر و مناڵ، ئافرەت و پیاو، بێ جیاوازی و دوور لە هەستی مرۆڤایەتی، لە بیابانەکانی باشووری عێراقدا بێ ڕەحمانە زیندەبەچاڵ و کۆمەڵکوژ کرد.
هەمیشە کێشەکانی ئێمە لەگەڵ ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقدا، لەسەر خاک و نیشتمان و شووناسی نەتەوایەتیمان بووە، بە درێژایی مێژوو ڕەوایەتییان داوە بە ئازار و ئەشکەنجەدانی گەلی کورد و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای نیشتمانەکەمان، لێرەدا ئەوەی گرنگە بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە شووناسی نەتەوەییمان، پەرەپێدانی هەستی نەتەوایەتی و بیروباوەڕێکی قووڵی نیشتمانپەروانەیە بە گیانێکی کوردانە.
لەم یادە پڕ شکۆیەدا، جەخت لە ڕەوایەتیی ماف و داواكارییەكانی گەلەكەمان دەكەینەوە، ئومێدەوارم لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا و پاڵپشت بە کۆدەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، فشارێکی بەهێز بخرێتە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال و دووبارەنهبوونەوەی ئەنفالێکی تر.
لەم بۆنە پڕ ئازارەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدان و ئەنفالکراوانی بادینان و گشت ئەو ناوچانەی کە بەر شاڵاوی بەدناوی ئەنفال کەوتوونە، دادەنەوێنم، سڵاو لە کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال و گشت شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریخوازیی کوردستان دەکەم، هەمیشە لەگەڵتانین و جێگای شانازین بۆ کورد و کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2025/8/25