بەڕێزان نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و مارشال بیلینگسلى، یاریدهدهری وەزیرى گەنجینەى ئەمەریکى بۆ کاروبارى نەهێشتنى پارەدارکردنى تیرۆر، بۆ لەناوبردن و نەهێشتنى یەکجاریى داعش و بیرى تیرۆرستى و توندڕەوانەی، جەختیان لە پێویستیى وشککردنى سەرچاوەى داراییى داعش و ڕێگریکردنى تەواو لە بزاوت و چالاکییە داراییەکانى و مەترسیى سەرهەڵدانەوەیان کردەوە و بۆ ئەم مەبەستە هاوکارى و هەماهەنگیى زیاترى نێودەوڵەتییان بە پێویست زانى.
لە کۆبوونەوەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە 25/9/2019 لە هەولێر، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و مارشال بیلینگسلى، هەروەها پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و دەرفەتى کار و وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارى لە هەرێمى کوردستان و عێراق بۆ وەبەرهێنەرانى بیانى و پێشکەشکردنى ئاسانکارى لەمبارەیەوە، سیستەمى بانکى و بانکدارى لە عێراق و هەرێمى کوردستان و چۆنیەتیى پێشخستنى و بەستنەوەیان بە جیهان، دۆخى ئابووریى عێراق و هەرێمى کوردستان بەگشتى و کەرتى وزەیان بەتایبەتى، تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز کونسولى گشتیى ئەمەریکا و شاندێکى یاوەریشیان بەشدار بوون، گفتوگۆى حکوومەتى هەرێمى کورستان و حکوومەتى فیدرالى عێراق بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، بازرگانیى هەرێمى کوردستان و عێراق لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچەکە، چەند تەوەرێکى دیکەى گفتوگۆى هەردوولا بوون.