Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازى لە باڵیۆزی نوێی سوید کرد

2019-09-16T07:31:44.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزباییی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ به‌ڕێز لارش ڕۆناس باڵیۆزی نوێی سوید له‌ عێراق كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی له‌ ئه‌ركی نوێیدا بۆ خواست و ئامادەییى هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك نیشان دا، هەروەها په‌یوه‌ندییەکانى هه‌رێمی كوردستان و سوید و به‌ره‌وپێشبردنى زیاتریان، به‌تایبه‌تی له‌بواری وه‌به‌رهێناندا، دووپات كرده‌وه‌.

له‌ دیدارێكدا كه‌ پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 16/9/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی پرسه‌ گرنگه‌كانی قۆناغی ڕابردوو و ئێستا، به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی چاكسازى له‌ هه‌رێم، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ــ به‌غدا، خواستی هه‌ردوولا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق و هه‌ماهه‌نگیی نێوانیان له‌ بواری سه‌قامگیری و ئاسایشدا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مەترسییەکانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر، پێشكه‌ش كرد.

لای خۆیه‌وه‌ باڵیۆزی نوێی سوید له‌ عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ به‌ گرنگییه‌وه‌ سه‌یری په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و باسی ڕۆڵی وڵاتانی ئه‌ورووپی له‌ ناوچه‌كه‌ كرد.