Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ د. كاوه‌ مه‌حموود و حزبى شيووعى كرد

2021-11-03T17:10:50.000000Z
پەیام و پەیوەندی

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/11/3 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز د. كاوه‌ مه‌حموود، به‌بۆنه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى به‌ سكرتێرى كۆميته‌ى ناوه‌ندى و سه‌ركه‌وتنى كۆنگره‌ى حه‌وته‌مى حزبى شيووعيى كوردستانه‌وه‌‌، پيرۆزبايى لێكرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خۆى و حزبى شيووعيى كوردستان خواست.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵ و پێگه‌ى حزبى شيووعيى كوردستان له خه‌بات و تێكۆشانى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاريخوازى گه‌لى كوردستاندا كرد و ڕێز و پێزانينى بۆ قوربانييه‌كانى دووپات كرده‌وه، هه‌روه‌ها‌ به‌شدارى و ئاماده‌يى له‌ پرۆسه‌ و ژيانى سياسيى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵه‌كانى له‌پێناو يه‌كڕيزى وته‌باييدا، به‌رز نرخاند.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز د. كاوه‌ مه‌حموود سكرتێرى كۆميته‌ى ناوه‌نديى حزبى شيووعيى كوردستان، به‌ناوى خۆى و سه‌ركردايه‌تيى حزبيى شيووعييه‌وه‌ سوپاس و پێزانينى بۆ په‌يوه‌ندى و پيرۆزباييى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى.