Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، له‌گه‌ڵ شاندێكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا كۆبووه‌وه‌

2020-12-09T19:05:27.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

له‌ كۆبوونه‌وه‌يدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی، به‌ڕێز ده‌یڤد شنکەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک، خواست و پابه‌نديى ئه‌مه‌ريكاى بۆ به‌هێزكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ڕايگه‌ياند هانى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا ده‌ده‌ين و هيوادارين هه‌ردوولا بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن و كێشه‌كانيان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و له‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كيى داعش كرده‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 9/12/2020 له‌ هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز ماتيو توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و دەیڤید کۆپلی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و ڕۆبێرت واڵه‌ر کونسوڵی گشتيی ئەمه‌ریکا له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو، په‌ره‌سه‌ندنه‌ سياسى و ئه‌منييه‌كانى عێراق، لێكه‌وته‌كانى په‌تاى كۆڤيدـ19، دۆخى ئابوورى و دارايى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌‌ى تيرۆر و په‌لاماره‌كانى داعش، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا و وڵاتانى دراوسێ، دۆخى ئاواره‌كان و خۆپيشاندانه‌كان له‌ چه‌ند شار و شارۆچكه‌يه‌كى هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ پێويستيى بەردەواميی ھەوڵەکانی چاکسازی و هه‌مه‌جۆركردنى سه‌رچاوه‌كانى داهات له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ى گرنگيدانى زياتر به‌ كه‌رته‌كانى ديكه‌ى وه‌ك پيشه‌سازى و كشتوكاڵ و ڕه‌خساندنى دره‌فه‌تى زياتر بۆ كار و وه‌به‌رهێنانى بيانى. له‌مباره‌يه‌وه‌ شاندى ئه‌مه‌ريكى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هانى كه‌رتى تايبه‌ت و وه‌به‌رهێنه‌رانى ئه‌مه‌ريكى ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان وعێراق سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.