Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى باڵاى ئه‌مه‌ريكى كۆبووه‌وه‌‏

2023-01-16T21:02:08.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئیمشه‌و دووشه‌ممه‌ 2023/1/16 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز برێت مەکگورک نێردەی سەرۆكی ئەمه‌ریكا بۆ كاروباری ‏ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریكا كرد كه‌ به‌ ياوه‌ريى شاندێكى باڵاى وڵاته‌كه‌ى، ‏سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ به‌ڕێز ئامۆس هۆكستاين، نێرده‌ى سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌مه‌ريكا بۆ ژێرخانى ‏جيهانى و ئاسايشى وزه‌ و خاتوو ئالينا ڕۆنانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق ئاماده‌ى بوون، ‏دوايين پێشهاته‌ سياسييه‌كانى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، دۆخى ‏ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى يه‌كخستنى پێشمه‌رگه‌یان، تاوتوێ كرد.‏

به‌ڕێز مه‌كگورك به‌رده‌واميى پشتيوانيى ئه‌مه‌ريكاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و خواستى ‏وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌ولێر و فراوانكردنى هاريكاريى ‏هاوبه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، دووپات كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بواری وزه‌ و پاراستنی ئاسایشی وزه‌دا.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، باسێكى وردى ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان و هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان پێشكه‌ش كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ‏دامه‌زرانى حكوومه‌تى نوێى فيدراڵيى عێراق، ده‌رفه‌تێك بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر ‏بنه‌ماى ده‌ستوور و فيدراڵى هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌موو ‏هاوكارييه‌ك ئاماده‌يه‌.‏

گرنگیی پێکه‌وه‌کارکردن بۆ پاراستنی سه‌قامگیری، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ‏ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، كه‌ ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسان و ڕاوێژكارانى هه‌ردوولا ‏ئاماده‌ى بوون.‏