Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى سه‌ربازيى هاوپەیمانان كۆبووه‌وه‌

2021-07-14T14:09:26.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پاشنیوەڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/7/14 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ ڕيچارد بێڵ، جێگرى فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عيراق و سووريا و شاندێکى یاوەرى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى شه‌ڕى تيرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى داعش له‌ عيراق و سووريا، هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عيراق و ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش تاوتوێ كران و هەڵسەنگاندنێکى واقعییان بۆ دۆخەکە کرد.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى سوپاسى پشتگیریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بۆ عیراق و هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژى داعشدا کرد و ئاماژەى بە گرنگیى ڕاهێنان و مەشقپێکردنى پێشمەرگە لەلایەن هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتییەوە کرد.

لاى خۆیەوە جەنەراڵ بێڵ خۆشحاڵیى خۆى بۆ هاریکارى و هەمەهانگیى هێزەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان لە عیراق و هەرێمى کوردستان نیشان دا و هەماهەنگى و هاریکاریى نێوان پێشمەگە و سوپاى عیراقیان بۆ بەرەنگاربونەوەى داعش بە پێویست زانى.

هەردوولا لەسەر گرنگی و پێویستیى هاریکارى و هەماهەنگیى عیراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بۆ بنەبڕکردنى یەکجارەکیى داعش و هاریکارى و هاوبەشى لەپێناو دابینکردنى ئارامى و سەقامگیرى لە عیراق و ناوچەکە، هاوڕا بوون.