Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی لە وەزیری دەرەوەی تورکیاوە پێگەیشت

2026-03-22T15:18:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2026/3/22 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، بە بۆنەی جەژنی نەورۆزه‌وه‌، په‌يامێكى پيرۆزبايى له‌ به‌ڕێز هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوه‌ پێگه‌يشت.

تيايدا وێڕای دەربڕینی گەرمترین پیرۆزبایی، نەورۆزی وەک سیمبۆلی خێر و ئومێد و ڕەگەزێکی سەرەکیی کولتووری هاوبەش لە ناوچەکەدا وەسف کردووە. هه‌روه‌ها هیوای خواستووە کە نەورۆز ببێتە مایەی بەهێزکردنی دۆستایەتی و تەبایی و پاراستنی بەها هاوبەشەکان.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى په‌يامه‌كه‌يدا، به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا ئاماژەی بە دۆخی ئێستای ناوچەکە کردووە کە ڕووبەڕووی زیادبوونی ئاڵنگارییەکان بووەتەوە و هیوای خواستووە ئەم جەژنە ئاشتی و ئارامی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بەدی بهێنێت.

لە کۆتاییی پەیامەکەیدا، به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا سڵاوی دڵسۆزانەی ئاراستەی سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و خه‌ڵكى هەرێمی کوردستان کردووە و هیوای ساڵێکی پڕ لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیی بۆ خواستوون.