Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزیرى دەرەوە و بەرگریى بەلجیکا کۆبووەوە

2020-02-03T11:07:44.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە 3/2/2020 سەرۆک نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە بەڕێز فیلیپ گۆفین وەزیرى دەرەوە و وەزیرى بەرگریى بەلجیکا کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان سوپاسى بەلجیکاى کرد بۆ پشتگیرى و هاوکارییەکانى بۆ هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیدا و دووپاتى کردەوە کە عێراق و هەرێمى کوردستان هێشتا پێویستییان بە بەردەوامیى هاوکاریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر هەیە.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەکەدا کە بەڕێزان جێگرانى سەرۆکى هەرێم و باڵیۆزى بەلجیکا لە عێراق و ئوردن و شاندێکى هاوبەشى هەردوو وەزارەتى دەرەوە و بەرگریى بەلجیکا ئامادەى بوون، دەربارەى کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا، بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان خوازیارە هەموو کێشەکانى لەگەڵ عێراق لەسەر بنەماى دەستوور چارەسەر بکات و دەیەوێت فاکتەرى ئارامى و سەقامگیرى بێت لە ناوچەکە، هەروەها پشتگیریى هەرێمى کوردستانى بۆ داواى خۆپیشاندەرانى عێراق لە ژیانێکى باشتر و خزمەتگوزارییەکان، دووپات کردەوە.

لاى خۆیەوە بەڕێز وەزیرى دەرەوە و بەرگریى بەلجیکا ئارامى و سەقامگیریى عێراق و هەرێمى کوردستان و ناوچەکەى بە جێى بایەخى بەلجیکا لە قەڵەم دا و ستایشى ڕۆڵى هەرێمى کوردستانى لە شەڕى دژى تیرۆر و هەوڵەکانى لەپێناو سەقامگیرى و هێورکردنەوەى گرژییەکاندا و پێکەوەژیان و لێبوردەیى لە هەرێمى کوردستان کرد و سوپاسى حکوومەت و خەڵکى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ حەواندنەوەى ئاوارە و پەنابەران و پاراستنى پێکهاتە ئاینى و نەتەوەییەکان.

برەودانى زیاتر بە پەیوەندیى دوولایەنە، چارەنووسى گیراوانى داعش و خێزان و منداڵەکانیان لە کەمپەکان بەتایبەتى لە سووریا و چەند پرسێکى دیکەى مایەى بایەخى هەردوولا، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەکە بوو.