Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سه‌رۆك وه‌زيران ئه‌لسوودانى كۆبوونه‌وه‌

2024-04-27T18:22:21.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی هه‌واڵ

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2024/4/27 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز محه‌مه‌د شياع ئه‌لسوودانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى عێراق به‌گشتى و هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵ له‌ بواره‌كانى خزمه‌تگوزارى و په‌ره‌پێداندا به‌پێى كارنامه‌ى حكوومه‌ت بۆ باشتركردنى دۆخى خزمه‌تگوزارى و بارى گوزه‌رانى هاووڵاتييان له‌ هه‌موو عێراق، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆى بنياتنه‌رى تايبه‌ت به‌ پرسه‌ هاوبه‌شه‌كانى نێوان حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵ و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها تيشكيان خسته‌ سه‌ر دوا پێشهاته‌ سياسييه‌كانى وڵات و داكۆكييان له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى پشتگيرى له‌ هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌ت له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا كرده‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش پشتگيريى هه‌موو لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى عێراقيان به‌ پێويست زانى.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيران ئه‌لسوودانى، سه‌ردانه‌كانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو پرسه‌ هاوبه‌شه‌كان به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا، له به‌رامبه‌ردا به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانيش پێزانينى خۆى بۆ هه‌نگاوه‌كانى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيران ئه‌لسوودانى و پێداگرييان له‌سه‌ر گفتوگۆى نێوان هه‌موو لايه‌نه‌كان به‌ مه‌به‌ستى سه‌قامگيريى سياسيى وڵات، دووپات كرده‌وه‌.