![](https://presidency.gov.krd/uploads/old_images/2021/06/NB_Serdani-Layene-siysiyekan-30-6-2021.jpeg)
لە بەردەوامیى سەردان و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکاندا، ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/6/30 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە هەولێر و عەنکاوە سەردانى هەریەک لە فراکسیۆنى چاکسازیى تورکمانى، ئهنجومهنی گهلی كلدانی سریانی ئاشووری و هاوپەیمانیى یەکێتیى نەتەوەیى کرد کە لە کۆمەڵێک حزب و لایەن و ڕێکخراوى سیاسى و ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى پێکهاتوون.
لە کۆبوونەوەکاندا کە بەڕێز مستەفا سەید قادر جێگرى سەرۆک ئامادەى بوو، دۆخى هەرێمى کوردستان، ئامادەیى و ڕۆڵى پێکهاتەکان لە پرۆسەى سیاسی و حکوومەت و کارگێڕى و ژیانى گشتیدا، پرۆسەى نووسینەى دەستوور بۆ هەرێمى کوردستان و پرسى ماف و تایبەتمەندیى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکان، کێشە و داواکارییەکانیان، دۆخى پێکهاتەکان لە ناوچەکانى مادەى 140ى دەستوور بەتایبەتى لە دەشتى نەینەوا و دۆخى سیاسیى عێراق بەگشتى، تاوتوێ کران.
پێکهاتەکان وێڕاى خستنەڕووى داواکارى و سەرنج و تێبینییەکانیان لەبارەى تەواوى پرسەکان و دەستوورەوە، خۆشحاڵییان بۆ پشتیوانیى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە مافەکانیان نیشان دا و پشتگیریى خۆیان بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانى لەپێناو تەبایى و یەکڕیزیى نێوان پێکهاتە و هێز و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان و سەقامگیریى سیاسیدا دووپات کردەوە، هەروەها ئامادەیییان بۆ هەموو هاوکارییەک نیشان دا و جەختیان لەوە کردەوە کە دەستوورى هەرێمى کوردستان هاووڵاتیبوون بە بنەما بگرێت و ماف و تایبەتمەندیى نەتەوەیى و ئایینییان بپارێزێت.
لاى خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى جەختى لەوە کردەوە کە تورکمان و مەسیحییەکان بە کلدانى سریانى ئاشوورییەوە، پێکهاتەى دێرین و ڕەسەنى نەتەوەیى و ئایینیی کوردستانن و ڕۆڵێکى دیاریان لە خەباتى ئازادى و بنیاتنان و پێشخستن و پاراستنى کوردستاندا هەیە و کوردستانیبوون هەموومان کۆدەکاتەوە، هەروەها دڵنیاى کردنەوە کە ڕەچاوى تایبەتمەندیى نەتەوەیى و ئایینییان لە حومکڕانى و دەستووردا دەکرێت و بەردەوام کار دەکەن بۆ ئەوەى فرەیى و کولتوورى پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیى لەنێوان تەواوى پێکهاتەکانى کوردستاندا قووڵتر بکرێتەوە.
![](/uploads/old_images//2021/06/NB_Serdani-Layene-siysiyekan1-30-6-2021.jpeg)
![](/uploads/old_images//2021/06/NB_Serdani-Layene-siysiyekan2-30-6-2021.jpeg)
![](/uploads/old_images//2021/06/NB_Serdani-Layene-siysiyekan3-30-6-2021.jpeg)
![](/uploads/old_images//2021/06/NB_Serdani-Layene-siysiyekan4-30-6-2021.jpeg)
![](/uploads/old_images//2021/06/NB_Serdani-Layene-siysiyekan5-30-6-2021.jpeg)
![](/uploads/old_images//2021/06/NB_Serdani-Layene-siysiyekan6-30-6-2021.jpeg)
![](/uploads/old_images//2021/06/NB_Serdani-Layene-siysiyekan7-30-6-2021.jpeg)
![](/uploads/old_images//2021/06/NB_Serdani-Layene-siysiyekan8-30-6-2021.jpeg)
![](/uploads/old_images//2021/06/NB_Serdani-Layene-siysiyekan9-30-6-2021.jpeg)
![](/uploads/old_images//2021/06/NB_Serdani-Layene-siysiyekan10-30-6-2021.jpeg)
![](/uploads/old_images//2021/06/NB_Serdani-Layene-siysiyekan11-30-6-2021.jpeg)