Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا كۆبووه‌وه‌‏

2023-03-07T13:48:34.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2023/3/7 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز لۆيد ئۆستن وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا و ‏شاندێكى ياوه‌رى كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك و به‌رپرسانى باڵاى وه‌زاره‌تى ‏پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ى بوون، په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان، دۆخى ئه‌منى و دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تيرۆر، كێشه‌كانى ‏هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ماهه‌نگيى پێشمه‌رگه‌ و ‏سوپاى عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش، تاوتوێ كران.‏

 به‌ڕێز وه‌زيرى به‌رگريى ئەمەریكا‎ ‎وێڕاى ستايش و پێزانين بۆ ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ له‌ ‏تێكشاندنى داعشدا، به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات ‏كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ى ‏پێشمه‌رگه‌ ده‌ڕوانن و هه‌موو هاوكارييه‌كى پێويست بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌ ‏پێشكه‌ش ده‌كه‌ن له‌ چوارچێوه‌ى ياداشتى لێكگه‌يشتنى پێنتاگۆن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ‏پێشمه‌رگه‌.‏

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ تيرۆر و داعش هێشتا مه‌ترسين و هه‌ڕه‌شه‌ى ڕاسته‌قينه‌ن ‏له‌ عێراق و سووريا و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌يان و نه‌هێشتنى يه‌كجاره‌كييان، عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان، هێشتا پێويستييان به‌ پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانيى ‏نێوده‌وڵه‌تييه‌. هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى كارى پێكه‌وه‌يى و هاوبه‌ش له‌ ‏ناوچه‌كه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هه‌موو ‏هاوكارى و پشتگيرييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا بۆ هه‌رێمى كوردستان و ڕۆڵى تيمه‌ ‏سه‌ربازييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌ پرۆسه‌ى ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها ‏دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وێڕاى ته‌گه‌ره‌كانيش، پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستنه‌ى ‏پێشمه‌رگه‌ سه‌رده‌خه‌ن.‏

به‌ڕێز وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى ‏كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا نيشان دا و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى ‏هان دا بۆ يه‌كڕيزى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان.‏

په‌وه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، تاوتوێكردنى ‏دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ‏ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا ‏ده‌رباره‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌، لێدوانى ڕۆژنامه‌نييان دا.‏