Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بانگهێشتى فه‌رميى قه‌ته‌ر ده‌كرێت

2021-03-24T16:35:58.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى خۆشحاڵيى خۆى به‌ بڕيارى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى قه‌ته‌ر له‌ هه‌ولێر ده‌ربڕى و به‌ ده‌رفه‌تێكى باشتر بۆ بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى قه‌ته‌ر و هه‌رێمى كوردستانى له‌ قه‌ڵه‌مدا و دووپاتى كرده‌وه كه‌ ئارامى و سه‌قامگيرى و ياساى هانده‌رى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان، ‌زه‌مينه‌يه‌كى له‌بار بۆ كه‌رتى تايبه‌ت و وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ هه‌رێم و له‌وێشه‌وه‌ بۆ هه‌موو عێراق ده‌ڕه‌خسێنێت.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/3/24 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز شێخ محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئال سانى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ به‌ڕێز شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسان ئاماده‌ى بوون، بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و گرنگيى هاريكارى و هاوبه‌شى له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌دا، ده‌رفه‌تى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريى قه‌ته‌رى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق، دوايين پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆڤيد_19 و هه‌نگاوه‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى، مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش تاوتوێ كران.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، بانگهێشتنامه‌يه‌كى فه‌رميى به‌ڕێز شێخ خالد بن خه‌ليفه‌ بن عه‌بدولعه‌زيز ئال سانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى قه‌ته‌رى بۆ سه‌ردانى ده‌وحه‌ قبووڵ كرد و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودانى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشى له‌ ته‌واوبوونى ڕێكاره‌كانى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى قه‌ته‌ر له‌ هه‌ولێر كرد.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى گرنگيى قه‌ته‌ر و سه‌ركردايه‌تييه‌كه‌ى له‌ ناوچه‌كه‌دا‌ كرد و خۆشحاڵيى خۆى بۆ هه‌نگاوه‌كانى ئاساييبوونه‌وه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ وڵاتانى كه‌نداو ده‌ربڕى و هيواى خواست هه‌مووان پێكه‌وه‌ بتوانن هاوبه‌شى، هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى باشتر له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌دا بكه‌ن.