سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، پێشوازى لە سەید عەمار ئەلحەکیم دەکات

News
- 21 February 2021

پاشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٠٢١/٢/٢١ بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز سەید عەمار ئەلحەکیم، سەرۆکى ڕەوتى حیکمەى نیشتمانیى عێراقى کرد که‌ بۆ به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمی یادی شه‌هیدی میحراب ئایه‌توڵڵا محمد باقر ئه‌لحه‌کیم له‌ هه‌ولێره‌.

لە دیدارێکدا کە بەڕێزان جێگرانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئامادەى بوون، سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی، ڕۆڵی خوالێخۆشبوو شه‌هید محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌کیمی له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕژێمی پێشوو و هه‌ڵوێسته‌کانی له‌ پشتگیریی مافه‌کانی گه‌لی کوردستان و لێکنزیککردنه‌وه‌ی لایه‌ن و پێکهاته‌کانی عێراق و‌ له‌ دانانی بنه‌ماکانی عێراقی تازه‌دا، به‌رز نرخاند.

له‌ دیداره‌که‌دا دوایین پێشهاتەکانى دۆخى سیاسى و ئەمنیى عێراق، کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا و هه‌وڵ و گفتوگۆى چارەسەرکردنیان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، پێشهاتەکانى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڤید_19 و لێکەوتەکانی، تاوتوێ کران.

هەردوولا کۆک بوون کە هەستیاریى قۆناغى ئێستاى عێراق و ئەو تەحەدییانەى ڕووبەڕووى وڵات بوونەتەوە، یەکڕیزى و تەبایى و هاوکارى و هەماهەنگیى نێوان تەواوى لایەن و پێکهاتە عێراقییەکان دەخوازێت بۆ ئەوەى بتوانێت کێشە و قەیرانەکان تێپەڕێنێت و هەمووان پێکەوە ئەرکى نیشتمانیى خۆیان لەپێناو ئارامى و سەقامگیریى وڵاتدا، جێبەجێ بکەن.

لە دیدارەکەدا چەند بابەتێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش خرانە بەر باس.