Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى فينلاندا ده‌كات

2020-07-23T12:45:29.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23/7/2020 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز پێكا هاڤيستۆ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى فينلاندا و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا په‌يوه‌نديى فينلاندا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و بره‌ودان به‌ بواره‌ جياكانى په‌يوه‌ندييه‌كان، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنيان، گرنگیی به‌شداریی هه‌موو پێکهاته‌کانی عێراق له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا بۆ سه‌قامگیریی وڵات، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تيرۆر و ڕۆڵى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى و گرنگيى به‌رده‌واميى پشتگيرى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانى به‌تايبه‌تيش له‌ بوارى ئابووريدا، په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێم و وڵاتانی دراوسێ، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، پێكهاته‌كان و پێكه‌وه‌ژيان له‌ هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌يان تاوتوێ كرد.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ده‌ربڕینی خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانى به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌، سوپاسى فينلانداى كرد كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا هاوكارييان پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، به‌تايبه‌تيش له‌ بوارى مه‌شق و ڕاهێنانى سه‌ربازى به‌ پێشمه‌رگه‌ و هاريكاريى مرۆيیدا، هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان له‌گه‌ڵ فينلاندا و ڕه‌خساندنى ده‌رفه‌تى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارى بۆ كۆمپانيا فينلاندييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز هاڤيستۆ، وێڕاى خۆشحاڵى به‌م سه‌ردانه‌ى، پێزانينى وڵاته‌كه‌ى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ شكاندنى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و پێشوازيكردن و حه‌واندنه‌وه‌ى ژماره‌يه‌كى زۆرى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان نيشان دا، هه‌روه‌ها خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودانى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و فراوانكردنى بواره‌كانى هاريكارى هاوبه‌ش و هه‌نگاوه‌کانیان بۆ کردنه‌وه‌ی کونسولخانه‌ له‌ هه‌ولێر، دووپات كرده‌وه‌.