Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جۆن مێجه‌ر ده‌كات

2021-09-16T18:55:28.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

له‌ به‌رده‌واميى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ به‌ريتانيا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2021/9/16 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ له‌نده‌ن پێشوازى له‌ به‌ڕێز جۆن مێجه‌ر سياسه‌تمه‌دار و سه‌رۆك وه‌زيرانى پێشووترى به‌ريتانيا و دۆستى گه‌لى كوردستان كرد.

له‌ ديدارێكدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى گه‌لى كوردستانى بۆ به‌ڕێز جۆن مێجه‌ر دووپات كرده‌وه‌ بۆ ئه‌و پشتيوانى و هاوكارييه‌ى نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوو له‌ ڕۆژانى ته‌نگانه‌دا پێشكه‌شى كرد و له‌گه‌ڵ وڵاتانى ديكه‌ى دۆست به‌ هاناى گه‌لى كوردستانه‌وه‌ هاتن كه‌ له‌ ئه‌نجامدا بڕيارى 688ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌رچوو و ناوچه‌ی‌ نه‌فڕين و نه‌واى ئارام بۆ گه‌لى كوردستان دامه‌زرا.

له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى گوتى: گه‌لى كوردستان هه‌رگيز هاوسۆزی و دۆستايه‌تيى جه‌نابتان و گه‌ل و حكوومه‌تى به‌ريتانيا و وڵاتانى ديكه‌ى دۆست له‌ بير ناكات و هه‌ميشه‌ به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ هاوكارى و پشتگيريتان و له‌ بایه‌خدانی به‌رده‌وامتان به‌ دۆزه‌ ڕه‌واکه‌ی ده‌ڕوانێت.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز جۆن مێجه‌ر سۆز و خۆشه‌ويستيى خۆى بۆ گه‌لى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ گه‌ل و ئه‌زموونى هه‌رێمى كوردستان خواست.

تاوتوێكردنى دۆخى سياسى و ئه‌منيى عيراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و ئه‌مڕۆی هه‌رێمی کوردستان و ده‌سکه‌وته‌کانی سی ساڵ دوای ئه‌و مێژووه‌، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.