ئێوارهى ئهمڕۆ چوارشهممه 2024/2/21 كهناڵى عهرهبيى (الحدث) ديدارێكى تهلهڤزيۆنى لهگهڵ بهڕێز نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان دهربارهى دۆخى ئهمنى و سياسيى عێراق و ههرێمى كوردستان و كێشهكانى ههولێر ـ بهغدا و پێشهاتهكانى ناوچهكه بڵاوكردهوه، ئهمه دهقهكهيهتى:
پرسیار: بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بە دوا پێشهاتەكان لەگەڵتاندا دەستپێدەكەین. ئێستا دانوستان بۆ كۆتاییهێنان به ئەركەكانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی لە عێراق ههيه، نوێنەرانی هەرێمی كوردستانیش لەم دانوستانهدا بەشدارن. بە بۆچوونی بهڕێزتان مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێويستييهكه بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: هێزەكانی هاوپەیمانان لەسەر داوای حكوومەتی عێراق بۆ یارمەتیدان لە دژی تیرۆرستانی داعش هاتنە عێراق. بێگومان لە ساڵى 2014ـهوه تا ئێستا كاتێكى زۆر تێپهڕيوه، ئێستايش زۆر ئاسایيیە جارێكی ديكه دانوستان بكرێت بۆ دیاریكردنی شێوەی پەیوەندیی داهاتووی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و بەغدا، لەسەر ئەو بنەمایهش بڕیار بدرێت ئاخۆ شێوەی پەیوەندیی داهاتوو چۆن دەبێت و ئایا عێراق پێویستی بە یارمەتی هەیە یان نا؟!
پرسیار: بەڕێزتان گوتتان ئەم هاوپەیمانییە ساڵی 2014 بوو كە ئەوكات داعش هەبوو، گوتتان ماوەیەكی زۆری بەسەردا چووە، كه دهكاته نزیكەی دە ساڵ، ئێستا دۆخی داعش لە عێراق چۆن دەبینن؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: بە ڕای ئێمە پرسی داعش تەنیا پەیوەندی بە عێراقەوە نییە، بهڵكوو پرسێكه پهيوهندى به سەقامگیریی سووریاشهوە ههيه. پێمانوایە تاكوو دۆخی ئاسايش لە عێراق و سووریا بەم شێوەیە بێت، داعش هێشتا تا ڕادەیەكی زۆر ههڕهشهيه لهسهر عێراق.
پرسیار: ئایا هەرێمی كوردستان جوگرافیای جێگرەوهی عێراق دەبێت بۆ بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: لەم بابەتەدا ئێمە هەرێمی كوردستان بە جیاواز لە عێراق نابینین. سیاسەتی ئێمە ئەوەیە هەر بڕیارێك كە بدرێت لە چوارچێوەی جوگرافیای عێراقدا دەبێت، هەرێمی كوردستانيش وەك بەشێك لە عێراق پابەند دەبێت بەو بڕیارەی عێراق بە شێوەیەكی گشتی لەسەر ئەم بابەتە دەیدات. پرسی ئێمە پرسێكی سۆزدارى نییە لەگەڵ ئەمەریكادا، زیاتر بۆچوون و دیدی ئێمە ئەوەیە: ئاخۆ ئێمە پێویستیمان بە یارمەتی هەیە یان نا؟ با نموونەیەكتان بۆ بهێنمەوە، ساڵی 2011 هێزەكانی ئەمەریكا عێراقیان بەجێ هێشت و چوونه دهرهوه، ساڵی 2014 بەپەلە عێراق نامەی بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان نووسی و داوای یارمەتی كرد. بە ڕاستی بەبێ یارمەتیی هێزەكانى هاوپەیمانان و ئەمەریكا بۆ عێراقییەكان لەو كاتەدا، بە هیچ شێوەیەك نەیاندەتوانی هێزەكانی تیرۆریستانی داعش ڕابگرن. هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا بڕیار دەدات و بڕیارێكی سەربەخۆی نییە، چونكە بەشێكە لە عێراق و لەو چوارچێوەیەدا بڕیار دەدات.
پرسیار: چۆن هەڵوێستەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە هەڕەشەكانی سەر هەرێمی كوردستان هەڵدەسەنگێنن؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ئەوان بە پەیام و ڕاگەیەنراو پشتگیرییان كردووە. سهركۆنهى ئەو كردهوانهيان كردووە كە تا ئێستا ڕوويانداوه. بە شێوەیەكی گشتی ناتوانم بڵێم ئەو هەڵوێستانەیان له سهدا سهد هەرێمی كوردستانیان پاراستووە، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەوەی كە پێیانكراوە، كردوویانە.
پرسیار: پێتانوایە كشانهوهى ئەمەریكا لە عێراق، بههانهى گرووپه چەكدارهكان ناهێڵێت بۆ هێرشكردنه سهر بنكە و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: با لهوەوە دەستپێبكەم، بەڕێز سەرۆك وەزیرانی عێراق وەسفێكی بۆ ئەو كارانەی ئەو گرووپانە كرد و بە كردەوەی تیرۆریستی ناوی بردن. ئەوەی ئەم گرووپانە دەیكەن، یەكەمجار پێشێلكردنی سەروەریی عێراقە، هیچ مەعقوول نییە عێراق خۆی داوای لە هێزێك كردووە بێت یارمەتی بدات، ئينجا ئێستا بە ناردنی درۆن و هەڕەشە، داوا دەكات ئەم هێزە بچێته دهرهوه، یان لێره نەمێنێت. ئەمانە هەمووی بیانوون، ئەگەر ئەمەریكا چووه دهرهوه، چ گهرهنتييهك هەیە ئەم هێزانە هەڕەشەی زیاتر نابن بۆ هەرێمی كوردستان، يان هەڕەشەی زیاتر نابن بۆ پێكهاتەكانی دیكەی عێراق؟! یان كێ دهڵێ هەڕەشە نابن بۆ شێوەی حوكمڕانی لە بەغدا؟ ئەم هێزانە هيچ ڕوانگهيهكى ڕوونيان نييه و لە تاریكیدا ماونەتەوە. ئەمانە دەیانەوێ عێراق بەرەو كوێ ببەن؟ به دڵنيايييهوه دەمەوێ ئەوەش بڵێم ئەگەر پرسەكە سەروەریی عێراقه، بێگومان ئەمانە له سەرۆك وەزیرانی عێراق عێراقيتر نین. سەرۆك وەزیرانی عێراق دەزانێت بەرژەوەندیی عێراق بە چ شێوەیەكە و لە كوێدايه؟ بە بۆچوونی من هیچ پاساوێك نييه بۆ ئەم كردەوە خراپانەی ئەم گرووپانە ئەنجامی دەدەن. پرسەكە ههر ئەوە نيیە كە هەڕەشەیان لە ئەمەریكا كردووە، بەڵكوو لە هێزی پێشمەرگەیان داوە، له كاتێكدا هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە سيستمى بهرگريى پاراستنى عێراق، ههروهها لە هاووڵاتيانى سڤیلیشیان داوە. پێشتریش هەوڵیان داوە، دەبێت سنوورێك بۆ ئەمە دابنرێت. زۆر باسی سەروەريی عێراق دەكەن، ئەوانەی سەروەریی عێراق پێشێل دەكەن، بەرلە هەموویان ئەم گرووپانەن كه ناهێڵن سەرۆك وەزیران كاری خۆی بكات وەك فەرماندەی گشتيی هێزە چهكدارهكان. ئەوانهی كە هەم لە ناوەوە و هەم لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا عێراق بێ بەها دەكەن، بەداخەوە هەر ئەو كردەوانەن كە ئەم گرووپانە ئەنجامی دەدەن.
پرسیار: ئايا دۆخی هەرێمی كوردستان كاتى ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، یان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی ئێستادا لە درۆن و ڕۆكێتى ئێران و ئەو گرووپانهى باسیان دەكەن و لەلایەن ئەوانەوە پشتگیری دەكرێن، دژوارتره؟ چۆن ڕووبەڕووی ئەم ئاڵنگاری و هەڕەشانە دەبنەوە؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: داعش یەك لەسەر سێی خاكی عێراقی داگیر كردبوو، بەڵام سەنگەرەكان دیار بوون. ئەمە داعش بوو، ئەمانەش ئەو هێزانە بوون كە بەرامبەريان وەستا بوون، هێزهكان سوپای عێراق بوون، پێشمەرگە بوون، حەشدی شەعبی بوون. بە بۆچوونی من ئەوەی ئێستا هەیە زۆر سهختتره لەوكات، چونكە هەڕەشەكە لە دەرەوە نییە، هەڕەشەكە لەناو ماڵی خۆتە، هەڕەشەكە لە گرووپێكهوهيە كە پارە لە حكوومەتی عێراق خۆی وەردەگرێت. ئەمە زۆر خراپترە لەوی دیكە و ناشزانی چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بكەی؟! نە سەنگەرەكە دیارە، نه دیاره لە كوێوه شەڕت لەگەڵدا دەكات! بە بۆچوونی من ئەوەی ئێستا دەكرێت و ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، زۆر زۆر سهختتره لە بابهتى داعش.
پرسیار: ئێوە وەك هەرێمی كوردستان چۆن ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە دەبنەوە كە گوتتان لهوهى داعش سهختتره؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: هەرێمی كوردستان بە تەنیا ناتوانێت ئەوە بكات. ئەمە پێشێلكردنی سەروەریی عێراقه، بۆيه بهرهنگاربوونهوهيان ئهركى حكوومەتی عێراقە، ئهركى سەرۆك وەزیرانی عێراقە وەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكان. مادام ئێمە لە جوگرافیای عێراقدا دەژین و بەشێكین لەم وڵاتە، پاراستنی هەرێمی كوردستانیش دەبێت بەشێكی بنەڕەتی بێت لە سیاسەت و ڕوانگهى بەغدا. ئەم پرسە تەنیا پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە، ئەمە پەیوەندی بە بەغداوە هەیە. حكوومەتی عێراق دەبێت ڕۆڵی بنەڕەتیی خۆی بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان بگێڕێت.
پرسیار: ئایا ئێوە ڕازین لەو مامەڵەیەی حكوومەتی عێراق لەگەڵ ئەو هەڕەشانەدا دەیكات كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە، چ ئەوانەی لە ئێران و چ ئهوانهيشى له توركیاوهن؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: وەك سەرۆك وەزیران، وەك كهسی خۆی و فەرماندهی گشتیی هێزە چەكدارەكان، هەڵوێستی زۆر باشی هەبووە، چ دەربارەی ئێران و چ دەربارەی وڵاتانی دیكەش كە كێشە بۆ عێراق دروست دەكەن، بەڵام ڕاستییەك و پرسيارێك هەیە، ئهويش ئەوەیە: ئایا عێراق لەمە زیاتری پێدەكرێت یان نا؟ بە بۆچوونی من عێراق دەبێت هەوڵ بدات زیاتر لەمه بكات. بۆ ناوبانگی عێراق دروست نییە لەناو عێراقدا چهند كۆمهڵێك چەكدار هەبن، هەڕەشە لە بەشێكی ئەم وڵاتە بكەن، ئەوانیش ئهو گرووپانهن. عێراق و سەرۆك وەزیرانی عێراق بەرپرسیاريهتييان لهسهره. دەبێ كۆتایی بەم پرسە بهێنێت كه لە زیان زیاتر هیچ خێرێكی نە بۆ عێراق و نە بۆ هەرێمی كوردستان تێدا نییە. مەترسیی هەرێمى كوردستان لهوەوە دەستپێدەكات، ئەگەر عێراق هەرێم نەپارێزێت، ئەگەر بە جددی بەغدا بهرگرى له هەرێم نهكات، ئەو كاتە هەرێم دەبێت بیر لە شتێكی دیكە بكاتەوە، چونكە لە ئەنجامدا پاراستنی هەرێم بۆ ئێمە كارى لهپێشێنهى بنەڕەتییە، ئهوهش ئهركى بەغدايه. من لهو بڕوايهدام بەڕێز سەرۆك وەزیران درێخى ناكات و ئەوەی لە توانایدایە بۆ ئەم مهبهسته دهيكات.
پرسیار: چەند جارێك لە قسەكانتاندا دووبارەتان كردەوە كە ئەمە بەرپرسیاريهتیی سەرۆك وەزیرانە، ئایا سەرۆك وەزیران دهتوانێ لە حاڵی ئێستادا لەمبارەیەوە چی بكات؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: سەرۆك وەزیران دەبێت هەوڵێكی جددی بدات، ئەم گرووپانەش دەبێت بە قسەی بكەن، چونكه ئهوهى ئەمڕۆ ئەو گرووپانه دەیكەن، عێراق لەبەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ بەها دەكات. دەبێ دەرفەت بدەن سەرۆك وەزیران وەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكان ئەركی خۆی جێبەجێ بكات. زوو یان درەنگ دەبێ سنوورێكيان بۆ دابنرێت.
پرسیار: ئايا ئێران دراوسێ، هاوڕێیهكى چاك، یان دوژمنه؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئێراندا، پەیوەندییەكی كۆنە، ئێران دراوسێیەكی گرنگی ئێمەیە و ناتوانین ئەو جوگرافیایە تێك بدەین. پێش ئەو ڕووداوانە با باسی پەیوەندییەكانی خۆمان لەگەڵ ئێراندا بكەین. پێمانوابوو پەیوەندییەكی زۆر باشمان لەگەڵ ئێراندا هەیە. ئهگهر لەلایەنی ئابووريیەوە سەیری ژمارەكان بكەین، لەڕووی ئابووری و بازرگانییەوە ژمارەكان بەرەو بەرزبوونەوە دەڕۆیشتن. بۆ دووهەم ساڵ بوو لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتمان دەدا ئەوانەی دەچوونه كەربەلا و نەجەف لە هەرێمی كوردستانەوە تێپەڕ ببن. لەسەر دۆسیهی ئەمنی پێشكەوتنی زۆر باشمان هەبووە لەگەڵ ئێراندا. كە دەڵێم ئێمە، مەبەستم عێراق و هەرێمی كوردستانە بەیەكەوە. بۆیە بۆ ئێمە ئێران دراوسێیەكی گرنگە، بەڵام پرسیار ئەوەیە: كه بە ڕۆكێتی كرووز لە ماڵێكی سڤیل بدەن، ئايا دەتوانی بهمه بڵێی دۆستایەتی؟ چ ناوێكى لێ دهنێى كاتێك به پاساوى ئەوەی گوايه ئەمە بارەگایەكی ئیسرائیله، ئهمه دهكهيت! ماڵێكی سڤیل لەناو هەولێر بۆردومان بكەيت و سێ چوار كەس شەهید بكهيت كه یەكێكيان منداڵێكی زۆر بچووكه، بە ڕاستی ناتوانی ئهمه بخەیتە ناو خانەی دۆستایەتييهوه! ئەگينا ئێمە هەمیشه هەوڵمانداوە، هەوڵیش دەدەین ببینە فاكتەری ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا، لەگەڵ ئێرانیشدا پێشتر هەر بەو شێوەیە بووە. ئێمە سەرچاوەی هەڕەشە نین بۆ سەر ئێران، پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئێراندا، پەیوەندییەكی كۆنی مێژووییيە. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: بە ڕاستی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆچى ئەمەی لهگهڵ هەولێردا كرد، لە كاتێكدا ئێمه ئێران بە دراوسێیەكی گرنگ دەزانین؟ ئێران بە دۆست دەزانین، پێشتر بينيمان كه دۆستى ئێمهيه، بۆچى ئەمەیان كردووە؟ جێی پرسیارێكی زۆر زۆر گەورەیە!
پرسیار: پەیوەندیتان بە تەلئەڤیڤەوە چییە؟ ئەی چی دەربارەی بوونی بارەگای مۆساد لە هەرێمی كوردستان؟ بێگومان پرسیارهكهم بەستراوەتەوە بەو تۆمهته ئێرانيانهى ئاراستەی ئێوە دەكرێت و لەسەر ئەو بنەمایە وەك ئەوان دەڵێن، هەرێمی كوردستانیان كردووهتە ئامانج؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: پێش هەموو شتێك سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، ئێمه پابەندین بە سیاسەتی عێراقهوه وەك دهوڵهت. عێراق هەر شێوهيهك بۆ سیاسەتى دەرەوە پهيڕهو بكات، هەرێمی كوردستانیش لەو چوارچێوەیەدا مامەڵە دەكات، نە جیا و نه پێچهوانهى بەغدا. هیچ پەیوەندییەك و هیچ بارەگایەكی مۆساد لە هەولێر نییە، ئەمە هەمووی بیانووە، ئەوەی ئێران ئەنجامی دا وەك دراوسێی عێراق كە خۆی بە دۆستیش دەزانێت، گەورەترین پێشێلكردنی سەروەریی عێراق بوو. ئەگەر بە ڕاست ئێرانییەكان زانیارییان هەیە كە ئەو شوێنە بارەگای مۆساد بووە، دەیانتوانی بە شێوەیەكی دیكە مامەڵە بكەن. دەیانتوانی بێ هەرێمی كوردستان بچن لەگەڵ بەغدا قسە بكەن، ئەو بەڵگانەی هەیانە كە گوايه ئەو شوێنە بارەگای ئیسرائیل بووە، ڕادەستی بەغدای بكەن، لە هەمان كاتدا داوای لێكۆڵینەویەكی هاوبەش بكەن. ئێران دەیتوانی ئەوە بكات. تەحەدا دەكەم هیچ بارەگایەكی مۆساد یان ئیسرائیل لە هەولێر نییە. پێشتریش زۆر جار ئەم شتانە لەسەر هەرێمی كوردستان باس كراوە. هەرێمی كوردستان وا وێنا كراوە، وا باس كراوە كە ئەوە ئیسرائیلە، بۆچى ئیسرائیلە؟ بۆچى ئێمه فەلەستین نین، ئێمە بۆچى ئیسرائیل بین؟ مافەكانمان پێشێل دەكرێت، ماف و شايستهكانمان نادرێت! جا بۆچى هەرێمی كوردستان فەلەستین نییە؟
پرسیار: كەواتە بۆچی ئێران ئەم هێرشانەی كردە سەر هەرێمی كوردستان؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: هیچ لێكدانهوهيهكى بۆ نابینم جگە لەوە نهبێت كە ڕۆكێتيان ههيه و دەتوانن لێمان بدهن و دەیكەین! ئەگينا هیچ پاساوێك و هیچ بەڵگەیەك بۆ ئەمە نییە! ئەگەر ئێرانییەكان زانیارییان هەیە كە ئەو شوێنە بارەگای مۆساد بووە، ئەمە كارهساته بۆ دەزگاكانی هەواڵگریی ئێران و دەبێت پێداچوونەوە بە هەموو دەزگا ئەمنییەكانی خۆیاندا بكەنەوە. پێشتر لە سهردهمى شەهید قاسم سولەیمانی، هەمان كێشە هەبووە و خوا لێی خۆش بێت جارێكیان لەگەڵ كۆمهڵێك كهس لە دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێران، هاتنه لام. گوتیان زانیاریی دەزگاكانی هەواڵگریی ئێمە ئەوەیە كە ئێوە لە شوێنێك لە كوردستانهوه چاودێریی ئێران دەكەن! یەكسەر پێمگوت جەنەراڵ ئێستا ئێمە لێرە دانیشتووین، ئەوانەی ئەمە دەڵێن با هەر ئێستا بڕۆن لێكۆڵینەوە بكەن و بزانن ڕاستە یان نا؟! به ڕاستيش وايانكرد و ئاشكرا بوو كه هیچ ڕاستى و بنهمايهكى بۆ نەبوو! ئەمجارەش دەمانتوانی ئەو كێشانە بەو شێوەیە چارەسەر بكەین. پرسیارێك كه زۆر جێى سهرسوڕمانه بۆ ئێمه، ئەوەیە: ئێران بۆچى وای كرد؟ هۆكار؟ تا ئێستاش ئەو هۆكارە نازانین، بەڵام ئێمه به تهواوى دڵنياين كه هيچ بارهگايهكى ئيسرائيلى و هيچ كهسێكى ئيسرائيلى لهوێ نهبووه.
پرسیار: ئایا دوای ئەو ڕووداوە هیچ پەیوەندییەك لەنێوان ئێوە و ئێراندا دروست بوو؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: نەخێر، سەرۆكی دەزگای ئاسايشى نهتهوهييى ئێران سەردانی بەغدای كردبوو، لەگەڵ بەڕێزان سەرۆك وەزیران و قاسم ئەعرەجی قسەی كردبوو، بەڵام بۆ هەرێمی كوردستان هیچ پەیوەندییەك لەنێوان ئێمەدا نەبووە.
پرسیار: ئایا هیچ هەماهەنگییەك لەنێوان هەولێر و ئەنقەرەدا هەیە كاتێك توركیا له پارتی كرێكارانی كوردستان لە هەرێمی كوردستان دهدات؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: پەكەكە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ عێراق سەرئێشەیەكی گەورەیە. ئەمانە هیچ بههايهك بۆ دامهزراوه ڕهواكانی هەرێمی كوردستان دانانێن، لەناو خاكی ئێمەوە هەڕەشە لە توركیا دەكەن. به تهواوى ئهو پرهنسيپه ڕهتدهكهينهوه و قبووڵمان نییە خاكی هەرێمی كوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێكانمان، جا ئەو دراوسێیە چ توركیا بێت، یان ئێران. ناكرێت ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتانە هەرێمی كوردستان وەك ناوچهيەكی ئەمنی سەیر بكەن بۆ دروستكردنی كێشە لەو وڵاتانەدا. زۆر بەداخەوە پەكەكە ڕۆڵێكی زۆر خراپ لەوڕووەوە دەگێڕێت. ناوچە شاخاوییەكانی ههرێمى كوردستان بەكاردەهێنێت و هەوڵ دەدات كێشە بۆ توركیا دروست بكات. ئەمە بەلای ئێمەوە به هيچ شێوهيهك قبووڵكراو نییە.
پرسیار: لە چوارچێوەی قسەكانتاندا سەرنجی ئەوەم دا كە ڕێزێكی زۆرتان بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع ئهلسوودانی هەیە. چەند ڕۆژێك بەرلە ئێستا كە بینیم، ئەویش بە هەمان شێوە ڕێزی بۆ ئێوە هەبوو. پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بە پەیوەندیی زۆر چاك ناوزهد كرد، بەڵام بۆچی تا ئێستا كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر نەكراون؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: گومان لهوهدا نييه كه سەرۆك وەزیرانی عێراق نیەتی خێری بۆ هەموو عێراق هەیە بە كورد و بە عەرەب، بە مەسیحی و بە هەموو پێكهاتەكانهوه. یەكێك لەو كەسانەیە كە دوای ئەوەی بوو بە سەرۆك وەزیران، قورسايى داوهته سەر خزمەتگوزاری و چۆنیەتیی پێشكەوتنی ئابووری لە وڵات. ئەمە دوو شتی بنەڕەتین بۆ عێراق، دیدگاكەشی زۆر ڕوونە كە دەیەوێت عێراق بەرەو قۆناغێكی جیاواز ببات، بەڵام چەند یارمەتیی سەرۆك وەزیران دەدرێت؟ بە بۆچوونی من، زۆر كەم یارمەتیی سەرۆك وەزیران دەدرێت. ئێمە وەك كورد یارمەتیمان داوە، بەردەوامیش دەبین، چونكە دیدگای سەرۆك وەزیران خزمەتی هەموو عێراق دەكات. پرسەكە تهنيا كورد نییە، ئەو دیدگایە لە خزمەت هەموو پێكهاتەكانی عێراقدايە. ئەوەی لە سەرۆك وەزیران دەیبینین، جیاوازی لەنێوان پێكهاتەكانی عێراقدا ناكات. عێراق كێشەیەكی گەورەی متمانهى هەیە. دوای ساڵی 2003 ئێمه له عێراق سیستەمێکمان دروست كرد، گوتمان سیستەمێكی فیدراڵین، بەڵام ئەمڕۆ دوای ساڵی 2003 تا ئێستا كە دهورى بیست ساڵ تێدەپەڕێت، بە ڕاستی خۆشمان نازانین سیستەمی عێراق و سیستەمی بەڕێوەبردنی عێراق چییە؟! مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێم زۆر ناوەندى و زیاد لە پێویست ناوەندییە. دوای بیست ساڵ، تا ئێستا سیستەمی فیدراڵی لە عێراق وەك سیستەمێكی بەڕێوەبردن جێبەجێ نەكراوە! هۆكارى چارهسهرنهبوونى ئەم كێشانە كهسهكان نین، كێشهكه لە بنەڕەتدا بيركردنهوهيه! سيستهم له دهستووردا فيدراڵييه، بهڵام لە جێبهجێكردندا زۆر زۆر ناوەندییە، دەبێ ئەمە یەكلا بكرێتەوە. ئەوەی ئێستا لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكرێت، هیچ پەیوەندییەكی بە هیچ جۆرە سیستەمێكی فیدراڵییەوە لە جیهاندا نییە! كێشەكە لێرە دەستپێدەكات، ساڵی 2003 دوای ڕووخانی سەددام ئەوەی ئێمە پێمان كرا وەك كورد، چ جەنابی خوالێخۆشبوو مام جەلال، چ جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی كرديان بۆ ئەوەی عێراق بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە، تا ڕادەیەك هێزەكانی پێشمەرگەمان نارد تا لەو كاتە سەختانەدا ئاسايشى بەغدا بپارێزن. ئەوەشمان كرد، بەڵام ئەمڕۆ لە كوردستان پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: ئێمە بەرەو كوێ؟ داهاتووی ئەم وڵاتە بەرەو كوێ دەڕوات؟ ئەو دۆخەی ئێستا هەمانە لە عێراق، پێش ساڵی 2003يش هەمان دۆخمان هەبوو، بەڵام ئەمەریكا بە ئێمەی گوت فیدراڵى و دیموكراسی دێته ئاراوه، ئێمەش وەك كورد ئهوهى پێویست بوو بۆ عێراق كردمان. ئێستا برایانی ئێمە لە بەغدا دەبێ زۆر بە جددی بیر لەوە بكەنەوە، بەسە ئەو هەموو تۆمهتباركردنەی لەسەر هەرێمی كوردستان دەیكەن گوایە هەرێم خۆی جیا دەكاتەوە، جوداخوازە، هەرێم وايه و وایە! نهخێر، هەرێم نە دەیەوێت لە عێراق جیا ببێتەوە، نه جوداخوازیشە، هەرێم مافەكانی خۆی دەوێت.
پرسیار: بهڵام ئێوه ڕیفراندۆمی جیابوونەوەتان ئەنجامدا!
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: تهنانهت ڕیفراندۆميش كە كرا لە بێهیوایی بوو لە بەغدا. ئەگەر ئهو بێهیوایييه نەبوایە، زۆر شت نەدەكران، ئێستاش ئەوە بێهیواییە هەیە. هەمیشە كه حكوومەتێكی نوێ دروست دەبێت، دەبینە بەشێك لەو حكوومەتە بەو هیوايهی ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن، بەڵام چارەسەر ئەستەمە. سەرۆك وەزیران كارهكان ئاسان دهكات. كه كێشەیەك دێتە پێشهوه، ئێمه به پهيوهندييهكى تەلەفۆنيى نێوانمان چارەسەری دەكەین و هەوڵ دەدەین، بەڵام بابەتەكە سەرۆك وەزیران نییە، پرسەكە سیستەمی بیركردنەوەیە! برایانمان لە بەغدا دەبێ گرنگييهكى جددى بەو بابەتە بدهن و كاری بۆ بكەن بۆ یەكپارچەیيی عێراق و بۆ پێكەوەژیانێك لەناو ئەو جوگرافیایەدا كە پێی دەگوترێت عێراق، ئێمهش بۆ ئەوە ئامادەین.
پرسیار: جهنابى سەرۆك، گەلی كوردستان بە هۆی دواكەوتنی مووچهوە لە دۆخیكی خراپدایە، ئایا هەرێمی كوردستان ئەو پارەیەی نییە كە مووچەكانیان بدات تا باری سەرشانیان سووك ببێت تا ئەو كاتەی كێشەكانتان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەكەن؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: لەمڕووەوە تواناى هەرێمی كوردستان زۆر سنووردارە. پێشتر نەوتمان لە كوردستان دەفرۆشت بۆ دابینكردنی مووچە، ئێستا وهك دەزانن ئەو نەوتە نافرۆشرێت. حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە شەفافییەتەوە هەڵسوكەوتی لەگەڵ بەغدا كردووە، ئێستا ئەركی بەغدایه كە دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بكات وەك بەشێك لە عێراق. ئهمه بەرپرسیاريهتیی ئەوانە، سەرۆك وەزیرانیش ئەمە تێدەگات. لە سهردانهكهمدا چهند هەفتهيهك لهمهوبهر بۆ بەغدا، زۆر بە درێژی لەگەڵ سەرۆك وەزیراندا باسمان كرد. دەتوانم بڵێم لە دوا قۆناغداین بۆ ئەوەی پەنا بە خوا بگەینە چارەسەرێك لەسەر ئەم بابەتە.
پرسیار: نەوتی پێشوو كە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە هەناردە دەكرا، ئەو پارەیەی دەگەڕایەوە نەدەچووە خەزێنەی حكوومەتهوه، بەڵكوو دەچووە گیرفانی تایبەت! عێراق بەم شێوەیە هەرێمی كوردستانى تۆمهتبار دەكرد، ئێوه چۆن وەڵامی ئەم تۆمهتە دەدەنەوە؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ئەوكات سەرۆك وەزیران بووم، نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانهوه دەچووە بەندەری جەیهان. لە بەندەری جەیهانی توركیا كۆمپانیای سۆمۆ ههيه كە ههموو كاری هەناردەكردنی نەوت و پرسی نەوتی عێراق دهكات. لەوێ چاودێریی هەموو بەرمیلێكی دەكرد. ئێمە داوامان كرد كە دەبێ سۆمۆ لەوێ بێت. سۆمۆ هەموو ژمارەكانى تۆمار دەكرد، دوای ئەوە نەوت بە كڕیارەكانی نەوت دەفرۆشرا. ئەو پارەیەی دەهاتەوە، بە ڕێگەپێدانی بانكی ناوەندیی عێراق، دەهاتەوە هەرێمی كوردستان. ئەو كاتە كە ئێمە بودجهمان لە بەغدا نەبوو، ئەو پارەیە بۆ مووچە خەرج دەكرا. ئەم پرۆسەیە هەمووی لەلایەن كۆمپانیا نێودەوڵەتیيهكانهوه وردبینی بۆ دەكرا. كۆمپانیا نێودەوڵەتييهكان سەیری هەموو ئەو ژمارانەی دەكرد، ئێستاش ئەو ژمارانە هەموويان هەن. ئەمانەمان هەمووی بە وردی داوەتە بەغدا و داومانەتە پەرلەمانی كوردستان. هەر كەسێك بیەوێ زانیاری لەسەر ئەو دۆسيهيه هەبێت، بەوپەڕى شەفافییەتەوە هەموو شتەكان هەن. ئەم تۆمهتانه بێ بەڵگەن و ڕاست نین. فرۆشتنی نەوت شتێك نییە بتوانی بیفرۆشی و بیخەیتە گیرفانی خۆتهوه. شتی وا مومكين نييه! زۆر جار باس لەوە دەكرێت كە هەرێمی كوردستان یەكلایەنە نەوتی فرۆشتووە. ئێمە یەكلایەنە نەوتمان نەفرۆشت، عێراق شوباتى ساڵی 2014 بودجهى هەرێمی كوردستانی بڕی، ئێمە مانگی ئايارى هەمان ساڵ دەستمان بە هەناردەكردنی نەوت كرد. پێشتر لەگهڵ عێراق ڕێككەوتنمان هەبوو، ئەگەر ئەوان بودجەمان نەدەن كە ئەوكاتە مالكی سەرۆك وەزیران بوو، مافی خۆمانە نەوت هەناردە بكەین.
پرسیار: سهبارهت به ئێستاى پەیوەندیی كوردى ـ كورديى پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چيمان پێدەڵێن؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: گومان لەوەدا نییە كە ناكۆكیمان هەیە، چونكە ئێمە دوو حزبی جیاوازین، یەك حزب نین، بەڵام له ئاستى كهسيدا ئەوەندە نیگەران نیم لەوەی ئەو پەیوەندییە بەرەو خراپتر بڕوات. كاتێك كێشهيهك لهم پهيوهندييهدا دێتە پێشەوە، هەوڵ دەدەین چارەسەری بكەین. كە هەڵوێستێك هەیە، هەوڵ دەدەین هەماهەنگی لهبارهيهوه بكەین. ئەم پەیوەندییە شتێك نییە هەڕەشەیەكی گەورە بێت بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام بێگومان دەبێ ئەو پەیوەندییە لەوەی كە ئێستا هەیە باشتر ببێت، چونكە ئەوەی ئێستا هەیە حاڵەتێكی تەندروست نییە بۆ هەرێمی كوردستان. بێگومان دەبێت هەوڵی هەردوولا ئەوە بێت كە ئەم پەیوەندییە باشتر ببێت.
پرسیار: جەنابتان سەرقافڵەی پرۆسەی هەستانەوەی هەرێمی كوردستان بوون. من لە ساڵی 2007ەوە سەردانی هەرێم دەكەم، دەزانم ئەوكات كە هاتم، فڕۆكەخانە تەنیا ژوورێكی بچووك بوو، هەولێر تەنیا خانوو بوو، هیچ باڵەخانهيهكى ههوربڕى تێدا نەبوو، ڕێگەی دهۆك هیچ ڕووناكییەكی تێدا نەبوو، لانى كهم چوار كاژێری دەخایاند تا دەگەیشتین. ئێستا هەولێر لەڕووی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ئاوەدانكردنەوە، شارێكی پێشكەوتووە. ئێستا چۆن ئەو ئەزموونە هەڵدەسەنگێنن، بەتایبەتی دۆخی ئابووری و سیاسی و ئەمنیی ئێستا؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: لە ڕاستیدا ئاوەدانیی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005ەوە وردە وردە دەستیپێكرد، بهڵام بەداخەوە داعش پرۆسەی ئاوەدانكرنەوەی هەرێمی كوردستانی زۆر دواخست. سوپاس بۆ خوا ئێمە دۆخێكی ئەمنیی زۆر باشمان هەیە، لەڕووی ئەمنییەوە لە كوردستان كێشەیەكی وا نییە كە پێی بڵێین كێشەیە، بهڵام لەڕووی ئابوورییەوە بەداخەوە لەبەر پرسی هەناردەنەكردنەوەی نەوت و بابهتى مووچە، ئێستا ئێمه لە دۆخێكی سهختى ئابووريداين. لهوهشدا تهنيا ئێمه نين، لەبەر ئەوەی تا ئێستا بەغدا بە جددی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی چارەسەر نەكردووە، عێراق بە شێوەیەكی گشتی تا ئێستا نزیكەی حەوت ملیارد دۆلار زیانی بەركەوتووە. پرسەكە تهنيا هەرێمی كوردستان نییە، عێراقه بە شێوەیەكی گشتی. كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی زۆری هەیە. ئەمڕۆ ئەگەر هەولێر و شارەكانی دیكەی ههرێمى كوردستان ببینی، جووڵەیەكی زۆر جدديی ئابووری هەیە، بەڵام ئەگەر پرسی هەناردەكردنی نەوت و مووچە لەگەڵ بەغدادا چارەسەر بكرێت، داهاتوويهكى زۆر باش لەڕووی ئابوورییەوە بۆ هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكەم.
پرسیار: (كاك نێچیرڤان، دڵی شێرە) بەو شێوەیە نزیكەكانتان ناوتان دەهێنن، تا چەند ئامادەن ئەو دڵەتان بۆ بەرگریكردن لەو هەرێمە و دهستكهوتهكانى بەكاربهێنن؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ئەمە ئهرك و بەرپرسیاريهتییە. بێگومان ئەوەی پێم بكرێ و لە توانامدا بێت بۆ ئهم بهرژهوهندييه، بۆ چاكه بۆ هەموو عێراق، بۆ چاكه بۆ هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراق و بۆ هەموو عێراقییەكان، ئەوەی پێم بكرێ، دەیكەم.
پرسیار: دهربارهى ئهو كێشە زۆرانهى له ناوچەكەدا ههن، لەوانەش شەڕی غەززە و ترسی ئەوەی ئەم ناكۆكييه ببێتە شەڕێكی هەرێمی، دیدگای بهڕێز نێچیرڤان بارزانى بۆ چارهسهر چییە؟
سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ئێمە وەك كورد ئەزموونێكمان هەیە، ئەزموونی ئێمە زۆر دوورودرێژە لە پرسی شەڕدا. لە ئەنجامدا ئەم جۆرە كێشانە دەبێ بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن. پرسی فەلەستین پرسێكی ڕهوا و پرسی گهلێكه، پرسی حزبێك نییە، پرسێكی ئایدۆلۆجیش نییە. پرسی گەلێكە، ئەم گەلە مافی خۆیەتی كە دەبێت كێشەكهى چارەسەر ببێت. بێگومان بە هیچ شێوەیەك شەڕ كێشەكە چارەسەر ناكات. شەڕ چەند بەردەوام بێت، لە ماڵوێرانی زیاتر هیچ شتێكی دیكە بەرهەم ناهێنێت. لە ئەنجامدا ئەم كێشەیە دەبێ بە گفتوگۆ چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. بە بۆچوونی ئێمە، ئەم گفتوگۆیە ئێستا دهرفهتێكه، ڕاستە ئێستا كێشەیەكی گەورە لە غەززە هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا هیوادارین ئەمە سەرەتای دەرفەتێكیش بێت، ئەگەر نەڵێم كۆتا دەرفەت بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە بە شێویەك كە خەڵكی ناوچەكە بتوانن بە ئارامی و بە خۆشی لەگەڵ یەكتريدا بژین.