ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه ٢٠٢٢/٥/٢٢ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، به‌شداری له ڕێوڕه‌سمی ده‌رچوونی دوو خولی سه‌ربازیی کۆلێژی سه‌ربازیی سێی قه‌لاچوالاندا کرد.
له ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا که ژماره‌یه‌ک له به‌رپرسانی باڵای حکوومی و حزبی و سه‌ربازی ئاماده بوون، سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد، ئه‌مه ده‌قه‌که‌یه‌تی:
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
پێشمەرگە قارەمانەکان،
بەڕێزان فەرماندە و مامۆستا و ڕاهێنەرانی سەربازی،
کەسوکاری ئازيزى دەرچووان..
هه‌روه‌ها به‌خێرهاتنی برای به‌ڕێز و خۆشه‌ویستم كاكه بافل سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كه‌م.
ڕۆژتان باش و هه‌موولایه‌كتان بەخێربێن. زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خۆشەویستترین کەسانێکی کوردستانين کە ئەوانیش پێشمەرگە قارەمانەکانن به‌شدار ده‌بم.
سەرەتا دەمەوێت دەستخۆشی لە هەموو مامۆستا و ڕاهێنەرانی سەربازيی هەردوو خولی (16)ی بنەڕەتی و (6)ی پێگەیاندنی ئەفسەران بکەم. ئێوە ماوەی دوو ساڵ و سێ مانگ لەگەڵ خولی بنەڕەتی، نۆ مانگیش لەگەڵ خولی پێگەیاندنی ئەفسەران ئەرکتان کێشا. کارهكهتان شایانی دەستخۆشی و پێزانینێکی زۆره.
دەستخۆشی لە ڕاگر و کارمەندانی کۆلیژی سەربازیی (3) لە قەڵاچوالان دەکەم کە لەو ماوەیەدا زۆر ئەرکیان کێشاوە بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی سەرکەوتنی ئەم دوو خولە.
ڕۆڵی کۆلیژی سەربازیی (3)، لە پێگەیاندنی پێشمەرگە و هێزی سەربازیی عيراقدا، ڕۆڵێکی دیار و جێگەی ڕێز و دەستخۆشییە. هەر لێرەدا پێویستە بڵێم: کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، یادگارێکی گرنگی سەرۆک مام جەلالە. گيانى شاد و يادى هه‌ميشه به خێر.
پیرۆزبایی لە یەک بە یەکی ئەو (٥٠٣) ئه‌فسه‌ره ده‌رچووه دەکەم کە لە هەموو پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانەوە، تيايدا بەشدار بوون. پیرۆزباییه‌كی تایبه‌تی ئارسته‌ی ئه‌و كچانه ده‌كه‌م كه له‌م خوله‌دا به‌شدار بوون و هه‌وڵ ده‌ده‌ن و سوێندیان خواردوه كه له‌گه‌ڵ كوڕانی ئه‌م وڵاته هه‌میشه ئاماده بن بۆ به‌رگری له خاك و ده‌ستكه‌وته‌كانی و پیرۆزبایی تایبه‌تییان لێده‌كه‌م و هیوادارم نموونه‌یان له كوردستان هه‌ر زۆر بێت. دڵنیام هەمووتان لەڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە زۆر فێر بوونە و دەتوانن خوێن و هێزێکی تازە بخەنە ناو هێزی پێشمەرگه‌وه.
پیرۆزبایی لە دایک‌وباوک و کەسوکاری دەرچووان دەکەم. سوپاسیان دەکەین کە ڕۆڵەکانیان پێشکەش به هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووه. دەستخۆشی لە هاوکاريی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی فیدرالیی عيراق دەکەین، بۆ هاوکاريی بەردەوامیان لەگەڵ کۆلیژی سەربازیی.
خەڵکی کوردستان و عيراق..
پیرۆزبایی لە ئێوە دەکەم، کە ئەمڕۆ لێرەدا دەرچوونی ئەم پۆلە پێشمەرگەیە دەبینن، چونکە ئەمانە دەبنە یارمەتیدەرێکی سەرەکی بۆ پاراستنی سەروەريی عيراق. پاراستنی سەروەريی عيراق لە بەرژەوەنديی هەموو هاووڵاتییەک و ناوچەیەکی عيراقدایە.
پاراستنى عيراق زۆر بەلای ئێمەوە گرنگە. بە هەمان شێوە پێویستە پاراستنى هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە دەوڵەتی عيراق، بەلای هەموو عيراقییەک و هەموو دامەزراوە دەوڵەتییەکانی عيراقەوە جێگەی بایەخ بێت و وەک ئەرکێکی هاوبەش تەماشا بکرێت. بەهێزبوونی عيراق، پارێزراوبوونی بەرژەوەندییەکانی گه‌لی عيراق، دەبێتە مایەی بەهێزبوونی هەموو ناوچەکانی عيراق، به هەرێمی کوردستانيشه‌وه.
فیدرالیش بۆ ئاسانکردنی بەڕێوەبردنی کاروبارە ناوخۆییيەکانی وڵات و یەکسانیى نێوان پێکهاتە و ناوچەکانی عيراقه. فیدرالی، سەروەريی عيراق لاواز ناکات، بەڵکو هاوبەشیمان له وڵاتی عیراقدا بەهێز دەکات. دەستووری عيراقیش کاتی خۆی بەو هەست و تێگەیشتنە نووسراوەتەوە، لەبەرئەوەش ئێمە هەمیشە داوا دەکەین بەپێی دەق و ڕۆحی ناو دەستوور، هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکتردا بکەین كه ئێمه پێمان وایه ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه بێت هه‌موومان براوه‌ی پرۆسه‌ی سیاسیین له عیراقدا.
ئەوکاتەی سنوورەکان، دەسەڵاتەکان و بڕیارەکانی عيراق لە دەستتێوەردانی دەرەکی پارێزراو دەبن، ئەمە لە بەرژەوەنديی ته‌واوى عيراقدایە. ئەوکاتەی هەموو هەرێم و پارێزگا و ناوچەیەکی عيراق پارێزراو دەبێت، ئەمە لە بەرژەوەنديی هەموو عيراقییهكاندایه. ئەمە تێڕوانینی ئێمەیە له هه‌رێمی كوردستان، پێشمەرگەش بەو هەست و باوەڕە پەروەردە دەکرێت.
هەر لەبەرئەوەشە بە شانازییەوە دەڵێین: دوای ڕووخاندنی ڕژێم لە ساڵی ٢٠٠٣، ئاسايشى چه‌ند جێگهيهكی به‌غدا و په‌رله‌مانى عيراق بە پارێزراوی مانەوە چونكه پاراستنیان ئه‌ركی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بوو. بە شایەتيی هەموو لایەک پێشمەرگە بە شێوەیەکی زۆر پیشەیی ئەرکی خۆی بەڕێوەبرد و ئێستاش هه‌ندێك له‌و شوێنانه بەڕێوە دەبات.
هەروەها له شەڕی داعشدا، پێشمەرگە هاوبەش و پشتیوانێکی بەهێزی سوپا و هەموو هێزە چەکدارەکانی عيراق بوو لە پاراستنی پارێزگای کەرکووک و دیالە، لە ڕزگارکردنی بەشیر و مووسڵ و زۆر شوێنى ديكهی عیراق. بۆيه لێرەوە داوا لە هەموو عيراقییەک دەکەم: دژی ئەو هێرشانە بێت کە گرووپە یاساشکێنەکان لە ناوخۆی عيراقەوە دهيكهنه سەر هەرێمی کوردستان و هەولێرى پايته‌خت.
ئەم گرووپانە بەم کارانەیان ڕێگە خۆش دەکەن بۆ بەردەوامبوونی ئاڵۆزی و پشێوی لە عيراق. ئەمانە دەیانەوێت زەمینەی پێشێلکردنی سەروەريی عيراق بەردەوام بێت. ئاراميی هه‌موو شار و شوێنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عيراق به‌گشتى، ئارامیی هه‌ولێر و نه‌جه‌ف، سلێمانی و به‌سره، دهۆك و ئه‌نبار یه‌كن و هه‌مووی به‌یه‌كه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. سەروەريی هەموومان هاوبەشە لە عيراقدا، بە هەمان شێوە بەرژەوەندییەکان و سەرکەوتن و شکستەکانیشمان هاوبەشن.
هەروەها دەمەوێ لەم ڕێوڕەسمەدا، داوا لە به‌ڕێزان فەرماندەی گشتيی هێزە چەکدارەکانى عيراق، وەزیری بەرگرى و سەرۆک ئەرکانی سوپای عیراق بکەم، کە هەروەک لە دەستووری عيراقدا هاتووە، وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عيراق تەماشای هێزی پێشمەرگە بکەن و پێداویستییەکانی پێشمەرگە دابین بکەن.
هەروەها زۆر پێویستە پەلە بکرێت لە دەستبەکاربوونی هەردوو لیوای هاوبەش کە بڕیاری لێدراوە، بۆ ئەوەی ڕێگه لە بەهێزبوونەوەی داعش لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، بگرين. بەداخەوە ڕۆژانە دانیشتوانی گوند و شارۆچکەکانی سنوورى ماده‌ى (140)ى ده‌ستوور، پێشمەرگە، سوپا و حەشدی شەعبی لەو ناوچانە دەکەونە بەر پەلاماری تیرۆریستانی داعش.
له‌به‌ر زۆربوونی هێرش و كرده‌وه‌كانى داعش لەو ناوچانە، ئاساییکردنەوەی دۆخی شه‌نگال، کەرکووک، مەخموور، خانەقین، گوڵاڵە و ناوچەکانی دیکە، لە هەموو کات زیاتر پێویستە بۆ سه‌قامگیری له عیراق و كوردستاندا. دەبێ هەموومان هاوکار بین تا ڕێگە لە بەهێزبوونەوەی زیاتری داعش بگرین. بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین ئەو هاوکارییە تێکبچێت کە له شه‌ڕى داعشدا، لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عيراقدا هاته ئاراوه.
ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانەی ئەم دواییە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عيراقدا دژی داعش کران، کارێکی زۆر سەرکەوتووانە بوون، بەڵام ئەمە بەس نییە و پێویستی بە کارێکی هاوبەشی بەردەوامە. دەستبەکاربوونی هەردوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا، لەو بوارەدا هەنگاوێکی باش دەبێت.
خەڵکی خۆشەویستی کوردستان..
تا ئێستا هەردوو هێزی پشتیوانيی (1) و (2)، هەروەها (٢٢) لیوای هێزەکانی (٧٠) و (٨٠) خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە و جێگەی ڕێز و دەستخۆشییە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانيی کوردستان و هاوپەیمانان. بەڵام ڕێکخستنەوە و یەکخستنی پێشمەرگە، پێویستی بە کار و هه‌نگاوی خێراتر و بە متمانەیە.
پێشمەرگە لەکاتی شەڕی داعشدا قارەمانییەکی ئەوتۆی نواند کە بووە جێگەی دەستخۆشيی گەلان و گەورە سەرۆکەکانی جیهان. وه‌ك هه‌ميشه بووه مايه‌ى شانازيى گه‌لى كوردستان. بۆ پاراستنى شانازى و ڕێز و خۆشه‌ويستيى پێشمه‌رگه، ده‌بێ يهكبخرێنهوه.
ڕاستە بەپێی یاسا سەرۆکایەتيی هەرێمی کوردستان ئەرکی فەرماندەیيی گشتيی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لەسەر شانە، بەڵام بۆ ئەوەی چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە جێبه‌جێ بكرێت، دەبێ پارتی و یەکێتی بە باوەڕ و بێ پەشیمانبوونەوە بڕیار بدەن کە دەستی حزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن. ده‌بێ کۆتایی بە دەستتێوەردانی حزبی لەناو کاروباری پێشمەرگەدا بهێنن. بەو شێوەیە چاکسازی و یەکخستنی ڕاستەقینەی پێشمەرگە دەست پێدەکات و سەردەکەوێت، ئەگەرنا لەگەڵ هەموو ناکۆکییە سیاسییەکاندا، ئەوی جێبەجێش کراوە، هەڵدەوەشێتەوە.
یەکنەخستنی پێشمەرگە و هێز و دامەزراوە ئەمنییەکان وایکردووە هەموو ناکۆکییە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ کار لە ئاسایش و دەروونی هاووڵاتييان و بازاڕ و بازرگانی و کەسابەتی بکات. وايكردووه خه‌ڵك چاوەڕوانی لەتبوونی هەرێمی کوردستان و تەنانەت شەڕیش بکەن کە بە خۆشحاڵییەوە لە کاتی ناکۆکییە هه‌ره سه‌خته‌كانيشدا، من هه‌ميشه ئەوەم زۆر به دوور بینیوە.
بەڵام نيگه‌رانى، مەترسی و هەستیاريی خەڵکی کوردستان، دەبێ بۆ ئێمە جێگەی بایەخ بێت. ده‌بێ هاندەرمان بێت بۆ به‌جێهێنانى ئەو بەڵێنانەی حزبەکانمان به گه‌لی كوردستانیان داوه.
بۆ سوێندى هەریەک لە ئێمە بەرامبەر گەلی کوردستان و ڕۆحی شەهیدانمان، کە بەڵێنمان داوە پێشمەرگە بكه‌ينه هێزێکی نیشتمانيى دوور لە کارپێکردن و دەستتێوەردانی حزبی. ڕێگە بگرین لە لەتبوونی خاک و گەل و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان.
ئەگەر بمانەوێت ڕێز لە ڕۆحی شەهیدان بگرین، ئەگەر بمانەوێت ڕێز لە خه‌باتی پێشمەرگە و فیداكاری و قاره‌مانێتیی ئه‌و پێشمه‌رگانه بگرین كه له‌پێناو پاراستنی كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانیان سه‌ریان دانا و خوێنیان ڕشت، ئەگەر بمانەوێت خۆشەویستيی پێشمەرگە لە دڵی خەڵکی کوردستاندا بهێڵینەوە و قارەمانيه‌تيی پێشمەرگە لەبەرچاوی جیهان نەشکێنین، دەبێ دەستتێوەردانی حزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا به زووترین كات ده‌بێت كۆتایی پێ بهێنین. زۆر ئامانجی ڕەوا و پیرۆز و گەورە هەن كه حزبه‌كان لە کوردستان و عيراق، ده‌توانن پێیانەوە سەرقاڵ بن و كاری بۆ بكه‌ن و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌وپێشه‌وه ببه‌ن.
نابێ حیزبەکان لە کێشانەوەی دەستی خۆیان لەناو هێزی پێشمەرگەدا بە گومان بن، چونکە حکوومەت و سەرۆکایەتيی هەرێمی کوردستان دوو دەزگای نیشتمانيی جێگەی متمانەی خەڵک و حیزبەکانی کوردستانن، پەرلەمانی کوردستانیش وەک دەزگای هەره باڵای چاودێری، بەسەر هێزی پێشمەرگەوە چاو‌دێر دەبێت.
ئامادەبووانی خۆشەویست..
بۆچی پێویستە پەلە بکەین لە ڕێکخستنەوە و یەکخستنێکی متمانەداری پێشمەرگە؟
شەڕی گەورە و فراوانی ئێمە لەگەڵ داعش وایکرد باشترین ڕاوێژکارە سەربازییەکانی وڵاتان هاوکاريی سوپای عيراق و هێزی پێشمەرگە بکەن. ئەو هاوکارییە ئێستاش بەردەوامە و جێگەی ڕێز و سوپاس و پێزانينی گه‌لی كوردستان و حكوومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانه. هاوپەیمانان پرۆژەیەکی زۆر باشیان دەستپێکردووە بۆ بەخشینی ڕاوێژ و هاوکاری بە پێشمەرگە بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنێکی بە بەرنامەی پێشمه‌رگه.
ئەمە دەرفەتێکە دەبێ حیزبەکان ئه‌م ده‌رفه‌ته لە دەست پێشمەرگە و له ده‌ست گەلی کوردستانی نەدەن. هاوپەیمانان هاوکاريی پێشمەرگە دەکەن، بەڵام خۆیان ناخەنە ناو کێشە و ململانێیەکانی پارتی و یەکێتی لەناو هێزی پێشمەرگەدا.
داوا لە حکوومەتی فیدرالیی عيراقیش دەکەم كه زۆر به جددی پشتیوانی لەو پرۆسەیە بکات، چونکە ئەوە دەستکەوتێکی نیشتمانيی عيراقییە و پێشمەرگە به شانازییه‌وه بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عيراق. لە شەڕی داعشدا پێشمەرگە بە خوێنی خۆی سەلماندی کە پارێزەری هەموو خەڵکی عيراقه و بۆ سوپای عيراقیش پشتيوانە.
هەروەها دەبێ بە جددی دەستبکەین بە بەشداریپێکردنی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان لەناو هێزی پێشمەرگەدا. زۆر پێویستە تورکمان، ئاشووری، کلدان، ســریانی، ئێزدى و هەمـوو پێکهاتـەکان بە ڕێژەی بەرچاو بەشدار بن لەناو هێزی پێشمەرگەدا. ئەمەش نامۆ نییە بە مێژووی پێشمەرگە و خوێنی سەدان پێشمەرگەی عەرەب، مەسیحی، ئێزدى و تورکمان لەناو داستانەکانی پێشمەرگەدا كه به خوێنی خۆیان نووسیویانه.
هاووڵاتیانی خۆشەویست..
بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ناکۆکییە سیاسییەکان و كاريگه‌رييه‌كانى به‌سه‌ر بارودۆخى كوردستانه‌وه، ئێمە وەک ئەرکی یاسایيی خۆمان له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ر هەوڵمان داوە و هەوڵ دەدەین. بەردەوام لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆمان کردووە و ده‌یكه‌ین. بە خۆشحالییەوە دەڵێم ئێستا زەمینەیەک هاتووەتە پێشەوە بۆ نەرمی نواندن و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ يه‌كتر، شەڕی ڕاگەیاندنيش هه‌ندێك كه‌م بووه‌ته‌وه.
لە ڕاستیدا ئێمە ناکۆکيی زۆر گەورەی ئەوتۆمان نیيه کە چارەسەر نەکرێن، بەڵام هەندێجار بەربەستی دەروونی بۆ دانیشتن لەگەڵ یەکتر دروست دەکەین. ئەم دۆخە زۆر جار لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دروست دەبێت كه به ڕاستی جێی نیگه‌رانیی هه‌موو گه‌لی كوردستانه. لە ڕابردوودا هەروامان کردووە، ئێستاش هەر دەبێ وا بکەین کە پێویستە حکوومەت، پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆکایەتيی هەرێمی کوردستان نەکرێنە گۆڕەپانی ململانێی حزبی.
دەبێ هەمیشە دوور بن لەو ململانێیە. داهاتی هەموو هەرێمی کوردستان بۆ هه‌موو فەرمانبەران و هه‌موو خەڵکی هەرێمی کوردستانە. لە هەمان کاتدا دەبێ بڕیارەکانی حکوومەت و هەموو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، به لێكگه‌يشتن بن، لە هەموو ناوچەکانيش وەک یەک جێبەجێ بکرێن.
بە داخەوە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان، زۆر جار هەست بە بێئومێدی و ڕەشبینيی خەڵکی کوردستان دەکەم. ئەمە زۆر ئازاربەخشە، بەڵام من خۆم هەمیشە گەشبینم، چونکە زۆر باوەڕم بە وشیاريی گەلی کوردستان هەیە. شوکور وشیارە خەڵکی کوردستان. ئەم دڵتەنگییەی خەڵکیش لە ناکۆکيی نێوان حزبەکان، نیشانەیەکی دیاری وشیاريی خەڵکی کوردستانە.
زۆرجار گوێم لە ئەفسەر و پلەدارانی پێشمەرگە دەبێت، زۆر نیشتمانیانە کێشەکان، تەنانەت چارەسەرەکانیش دەخەنە ڕوو، لەبەرئەوە باوەڕم زیاتر دەبێت کە پێشمەرگە دەتوانێت بەردەوام جێگەی خۆشەویستيی گەلی کوردستان و جیهان بێت، ئەگەر بە باشی ڕێکبخرێت و یەکبخرێت و به ته‌واوه‌تی ده‌بێت خۆی دووربخاته‌وه له ململانێی سیاسیی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌ركی پێشمه‌رگه پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستانه كه به خوێنی سه‌دان و هه‌زاران شه‌هید ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه به‌ده‌ست هاتووه، پێشمه‌رگه ده‌بێت وه‌فاداری ئه‌و سوێنده بێت كه خواردوویه‌تی و دوور بێت له ململانێی سیاسی له‌ناو هه‌رێمی كوردستان و له نێوان حزبه‌كاندا.
هۆکارێکی ئەوەش کە ئێستا زۆر دڵخۆشم بە دەرچوونی ئەم دوو خولەی پێشمەرگە، ئەوەیە دەزانم ئه‌مانه بە ڕۆحێکی نیشتمانیانە و بەپێی زانستی پێشکەوتووی سەربازی، ڕاهێنراون. من دیسانه‌وه ده‌مه‌وێ پیرۆزبایی لە هه‌مووتان ده‌كه‌م، هەر بژین و هيواى ڕۆژێكى خۆش بۆ هه‌موو لايه‌كتان ده‌خوازم.
بژی كوردستان، بژی كورد و ئاوه‌دان بێ وڵات و ئێوه‌ش سه‌ركه‌وتوو بن.
زۆر سوپاس..