Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ميرى كوێت كۆبووه‌وه‌

2020-10-13T07:05:18.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 13/10/2020 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆشكى ئه‌لبه‌يان له‌ كوێت، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز شێخ نه‌واف ئه‌لئه‌حمه‌د ئه‌لجابر ئه‌لسوباح، ميرى كوێت كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، دووباره‌ به‌ ناوى گه‌ل و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ مير و گه‌ل و حكوومه‌تى كوێت كرد و هاوخه‌مى و هاوسۆزيى خۆى و گه‌لى كوردستانى بۆ له‌ده‌ستدانى خوالێخۆشبوو ميرى پێشووى كوێت ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ ميرى تازه‌‌ كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خۆى و پێشكه‌وتنى بۆ كوێت خواست، لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز ميرى كوێتيش سوپاسى هاوسۆزى و سه‌ردانى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كوێتيان تاوتوێ كرد و جه‌ختيان له‌ په‌ره‌پێدانيان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌. سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاسى پشتگيرى و هاوكارييه مرۆييه‌كانى كوێتى بۆ هه‌رێمى كوردستان كرد به‌تايبه‌تيش يارمه‌تييه‌كانى بۆ په‌نابه‌رانى سووريا‌ و ئاواره‌كانی عێراق له‌ هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها سوپاسى رۆڵ و كار و چالاكييه‌كانى كونسولخانه‌ى گشتيى كوێتى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

تاوتوێكردنى چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ شاندێكى ياوه‌رى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون.