Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان پێشوازی له‌ عه‌دنان ده‌رجال کرد

2020-11-05T13:19:11.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ٢٠٢٠/١١/٥ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان پێشوازی له‌ وه‌زیری وه‌رزش و لاوان و وه‌رزشکاری ناسراوی عێراق به‌ڕێز عه‌دنان ده‌رجال کرد.

له‌ دیدارێکدا دۆخی وه‌رزش و لاوان و چالاکییه‌ وه‌رزشییه‌کانیان له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان تاوتوێ کرا و تیشکیان خسته‌ سه‌ر پێویستییه‌کانی بواری وه‌رزش و گرنگیی قۆستنه‌وه‌ی وزه‌ی لاوان بۆ بره‌ودان به‌ تواناکانیان و به‌شداریپێکردنی کارایان له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی وڵاتدا.

هه‌دوولا جه‌ختیان له‌ گرنگی و پێویستیی هه‌بوونی ڕوانگه‌ و ستراتیژێکی نیشتمانی بۆ بره‌ودان به‌ بواری وه‌رزش و لاوان له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان کرده‌وه‌ و هاوکاری و هه‌ماهه‌نگیی زیاتری هه‌ردوو بواری وه‌رزش و لاوانیان له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان به‌ پێویست زانی.

دیارترین کێشه‌ و گرفته‌کانی به‌رده‌م وه‌رزش و چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌رکردنیان، پێویستیی دابینکردنی ده‌رفه‌تی کار بۆ لاوان و به‌کارخستنیان له‌ پرۆسه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی وڵاتدا و داهاتووی وه‌رزش، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌ بوو.