Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ باڵيۆزى يۆنان كرد

2021-01-28T15:55:31.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2021/1/28 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز لیۆنیداس کۆنتۆڤۆنیسۆس باڵیۆزی یۆنان لە عێراق كرد.

له‌ ديدارێكدا كه‌ به‌ڕێز ئەفسیمۆس کۆستۆپۆلۆس کۆنسوڵی گشتيی یۆنان لە هەولێر ئاماده‌ى بوو، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، به‌بۆنه‌ى كۆتاييهاتنى ئه‌ركه‌كه‌ى له‌ هه‌ولێر، سوپاسى به‌ڕێز كونسوڵى گشتيى يۆنانى كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌رك و كارى تازه‌يدا بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانى بۆ په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ يۆنان به‌ مايه‌ى پێزانين له‌ قه‌ڵه‌م دا.

به‌ڕێز باڵيۆزى يۆنان سوپاسى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ پشتگيرى و هاوكارييان له‌ كار و چالاكييه‌كانى كونسوڵخانه‌ى گشتيى وڵاته‌كه‌يان له‌ هه‌ولێر و هيوايان خواست له‌ داهاتوويه‌كى نزيكدا ته‌واوى ئه‌و چالاكييانه‌ى به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤايرۆسى و كۆرۆنا و په‌تاى كۆڤيد_19ه‌وه‌ كه‌متر ببوونه‌وه‌، وه‌ك جاران كارا بكه‌نه‌وه‌ و هه‌نگاوى باشتر له‌ په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌كانيان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان بنێن.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و كاره‌ تيرۆرستييه‌كانى داعش، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌شيان تاوتوێ كرد.