Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆكی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رکۆماری ئێران كۆبووەوە

2024-07-31T14:30:18.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

لە بەردەوامیی سەردانەكەیدا بۆ تاران، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 31/7/2024 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەڕێز مەسعوود پزشكیان سەرۆكی كۆماری ئیسلامیی ئێران كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا بەڕێز سەركۆماری ئێران سوپاسی بەشداریی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەكاربوونیدا كرد، هه‌روه‌ها دووپاتی كردەوە كە ئێران له‌ هه‌موو بواره‌کاندا خوازیاری برەودانە بە پەیوەندییەكان و هاریکاریی هاوبه‌شی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراقدا.

لای خۆیەوە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاسی بانگهێشتەكەیانی كرد و دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان ئێران بە دراوسێیەكی گرنگی خۆی دەزانێت و کار ده‌کات بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێراندا، هه‌وره‌ها سه‌رۆک پزشکیانی بانگهێشتی هه‌ولێر کرد له‌ کاتی سه‌ردانی چاوه‌ڕوانکراویدا به‌ به‌غدا.

بەڕێزیان جەختی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان خوازیارە ڕێژەی گەشتیارانی ئێرانی بۆ باشووری عێراق لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە و زياتر و ئاڵوگۆڕى بازرگانی لەنێوان هەردوولادا فراوانتر ببێت، داكۆكی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك بۆ ئێران و وڵاتانی دراوسێ نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ شاندى ياوه‌رى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ بوو، هه‌ردوولا ستایشی په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ و له‌مێژینه‌ی ئێران و هه‌رێمی کوردستانیان کرد و ئاماژه‌یان به‌ هاریکاریی ئه‌منیی کارای ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستاندا کرد بۆ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری.